دەربارەی ٣١ سیویێکی ئاب

فارۆق عمر
ئەوانەی دەڵێن بەڵێ و ئەوانەشی دەڵێن نەخێر لە دونیای کوردیدا شتێک نییە ناوی هەڵە بێ و شتێکی دیش لەبەرانبەریا پێچەوانەکەی بێ و راست بێ، بەڵکو هەموو شتەکان بۆ خۆیان راستن. من راستم و تۆش راستی و دواجار هەموومان راستین و هەر یێکەمان لەناو راستی خۆماندا دەژین، چونکە لە بنچینەوە چوارچێوەیێک بۆ راستی دیارینەکراوە تا بتوانین بیبینین و بەدروستی جوێی بکەینەوە و لەبەردەمیا خۆمان و هەڵەکانمان پێکەوە بناسینەوە، ئیدی لێرەوە دەکرێ هەموومان راستبین و بەپێی پێوەرێک کە ئی خۆمانە و تەنیا خۆشمان بڕوامان پێی هەیە هەڵە نەبین.
لە شوێنێکی وەهادا دەکەوینە بەر دوو ئاراستەوە، ئەوانەی دەڵێن بەڵێ و ئەوانەشی دەڵێن نەخێر. ئەگەر بە ووردی لە کار و روانینی ئەم دووانە ووردبینەوە لە بنچینەوە دژی یێک نین بەڵکو سەر بە یێک زەمینەن و هەردوکیان هەڵەن و هەردوکیشیان راستن. چونکە راستی و هەڵە پێوەرێکیان هەیە لای بەشێک راستەکە هەڵەیە و لای بەشێکی دیش هەڵەکە راستە و جارجارێکیش شوێنگۆڕکی بەیەکتری دەکەن و هەڵەوەرەکان دەبنە راسترەو و راسترەوەکانیش دەبنە هەڵەوەڕ.
لێرەدا ئەوەی بەفریامان دەکەوێ پێوەرە، کە ناکرێ هەر کەس بە ئارەزووی خۆی یاری پێبکات. پێوەر ئەو ئامێرەیە کە دەکرێ هەر شتێکی پێ هەڵسەنگێنین بەپێی بوونی خۆی و ئەو چەندایێتی و چۆنێتییەی کە لێی دەگەڕێین و پێویستیمان پێیەتی.
بۆ نموونە کاتێک ژورێک دەبینین، بۆ ئەوەی رووبەرەکەی بزانین لە ئەندازەی دەدەین تاوەکو پانتاییەکەی بدۆزینەوە. بۆ چاکی و خراپی ژوورەکە لە زانستی کیمیا دەگەڕێین بۆ ئەوەی لەو کەرەستانە بکۆڵینەوە و بیناسین کە لێی دروستکراوە. بۆ هەڵکەوتەی ژوورەکە لە زانستی جوگرافیا دەگەڕێین و ئیدی بەو جۆرە کۆمەڵێک پێوەر دەدۆزینەوە.
هەڵە و راستی دوو کردەی ماتماتیکی بەرجەستەکراونین، بۆمان بکرێ پێوەرێکی زانستی بۆ پەیدا بکەین، ئەوەندەی پەیوەندی بە رەوشت و مۆراڵ و ویژدانەوە هەیە و ئەوانەش هێزێکی لاستیکیان لە پشتەوە راوەستاوە و توانای کشان و چوونەوە ناو یێکیان هەیە. له بەراوردی هەڵە و راستی دا شتێکی دی دێتەدەرەوە کە لە پەیوەند بە کشان و نەکشاندا پەیوەندی بە لۆژیک و نالۆژیکەوە هەیە، لۆژیکیش جارێکی دی دەچێتەوە ناو یاساکان و لەڕێی دادوەرییەوە پارێزگارییان لێدەکەین و لەناو سروشتی یاساکانیش لۆژیک بۆ خۆی بۆ هەقیقەت و نالۆژیکیش بۆ ناهەقیقەت دابەشدەبن. لە زەمینەیێکی شێواوی لەو جۆرەی ئێمەدا کە پێوەرێک بۆ سنوربەندییەکان ئامادەیی نییە، هەمیشە زۆرینەیێکی ئاسودە هەن کە باوەش بەو جیهانە پڕ لە هەڵەیەدا دەکەن و لەبەرانبەر کەمینەیێکی تووڕەدا کە هانا بۆ ماناکانی راستی دەبەن و هەوڵدەدەن لەڕێی لۆژیکەوە چوارچێوەیێک بۆ راستی بدۆزنەوە و بەر بە هێرشەکانی نالۆژیک بگرن.
ئەوەی گرفتارییە لێرەوە خۆی نیشاندەدات و ووردە ووردە دێتەدەرەوە کە ئەو کەمینەیە لە شوێنیکا پەیدان کە هەڵەکان لەپێش بوونی دادوەرییدا روویان داوە و تەشەنەیان کردووە و ئەوان پێشتر چوارچێوەسازییەکیان نەبووە لەسەری راوەستابن و هانای بۆ بەرن. زۆرینە لەنەبوونی دادوەرییدا بۆیان دەکرێ خودی دادوەریش بۆ خۆیان بەرن و ئەوانی دیشی لێ بێبەری بکەن. ئەو کەمینەیەش لە ئەزموونی کار و بەراوردا لەبەرئەوەی هێزی لە پێوەرێکی دادوەری پێشوەختە وەرنەگرتووە، لەناو هێزی پەرچە کردارەوە خولدەخۆن و بۆ هەمیشە لەوێدا دەمێننەوە. لە جیهانێک کە هەڵە بنیادی ناوە تەنیا هەڵە دەتوانێ راستی بکاتەوە، ماڵێکی تاریک بە تاریکی زێدەتر رۆشندەبێتەوە نەک بە تیشکی خۆر. ئەوەی ناهەقیقەت بنیادی ناوە بە هەقیقەت راستناکرێتەوە بەڵکو بە ناهەقیقەتی زیاتر. ئەوانەی کە دەیانەوێ لەزەمینەیێکی شێواوی لەو جۆرەدا تاریکی بە تیشکی خۆر رۆشنبکەنەوە و ناهەقیقەت بە هەقیقەت بگۆڕن لەو جێگەیەوە هەناسەدەدەن کە بەردەوام وەک پێشینانی کورد دەڵێن”من دەڵێم نێرە و ئەو دەڵێ بیدۆشە” کۆتایی لەوێدا رادەوەستێت کە هەموومان پێکەوە بەئاشکرا هاوار دەکەین “بەڵێ” و لەدڵەوە و بەدزییەوە بەخۆمان دەڵێن”نەخێر نەخێر”
