یەکێتی وپارتی بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان کار لەسەر دۆسییەکانی دادگا وباج و ڕەسوماتی حکومی دەکەن !!
ئەڵتەرناتیڤی شورایی / تایبەت
وەزارەتی دارایی وئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیدا بەهۆی نەدانی باج و زەڕیبەی موڵکایەتی بەوهۆیەوە بڕی قەرزە کەڵەکەبوەکانی سەر بەڕێز شاسوارعبدلواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی بڵاویکردەوەو ڕایگەیاند، لەبەرامبەردا لەماوەیەکی نزیکدا 60پارچە زەوی دەستبەسەردادەگرێت و دەیانفرۆشێت .

دەقی نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی بخوێنەوە: لەسەر داوای وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستگیرا بە سەر ژمارەیەک موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی.
لەزیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای چاڤی دەفرۆشرێت کە دەستیانبەسەرداگیراوە و ژمارەیان ٦۰ موڵکە.
قەرزەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر کۆمپانیای نالیا و چاڤی گەیشتووەتە نزیکەی ٩٢ ملیار دینار.
پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە ژمارە ( ٩٠ / دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە / ٢٠٢١ / ڕاستکردنەوە ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢١/١٠/٢٠ ) تایبەت بە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری ، وە ئاماژە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی ژمارە ( ٢٠٢٤/٦٨٤ ) لەڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/٩/٢٢ ) تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە ( حجز ) لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤی.
وە ئاماژە بەبڕیاری داگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ژمارە ( ٧٣٢/پ/٢٠٢٤ ) لەڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/١١/٢٦ ) تایبەت بەڕاستاندنی بڕیاری ئاماژە بۆکراوی جێبەجێکاری داد لە سلێمانی لەبەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری وە ڕەتکردنەوەی تانەی پێداچوونەوەی کۆمپانیای نالیا.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو هەڵدەستێت بە فرۆشتنی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کۆمپانیای چاڤی کە ژمارەیان ( ٦٠ ) موڵکە و پێکهاتووە لە چەندین پارچە زەوی و هۆتێل و کافتریا و کابینەی گەشتیاری و هتد…..کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و سوودە کەڵەکەبووەکانی کە لەئێستادا گەیشتووەتە بڕی ( ٩١٫٧٦٠،٦٦٠،٣٥٠ ) نەوەدو یەک ملیارو حەوت سەدو شەست ملیۆن و شەش سەدو شەست هەزارو سێ سەدو پەنجا دینار.

شایەنی باسە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی وەزیر بەشێوەی چڕوپڕ کاری لەسەر ئەو دۆسیەیە کردووە، دواجار لەساڵی ( ٢٠٢١ ) دوای بردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لەکۆمپانیای نالیا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجامدانی سەرجەم ڕێکارەکان، لەلایەن لیژنەیەکەوە چوار پارچە زەوی دانرابوو بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پارچە زەویانە لە بنەڕەتدا بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری تەرخان کراوە و ناتوانرێت ڕەگەزەکانیان بگۆڕدرێت و بخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، وەخەمڵاندنێکی نادروست بۆ نرخەکانیان کرابوو وە ڕێگری یاسایی هەبوو بۆ فرۆشتنیان ، بۆیە بەبڕیاری بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری سەرجەم پرۆسەکە ڕاگیراو جارێکی تر لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە کار لەسەر دۆسیەکە کرایەوە و سەرجەم ئەو موڵکانەی کە شایستەی فرۆشتنن نیشانەی گلدانەوەیان خرایە سەر. دواجار لەسەر داوای (بانکی سلێمانی یەک) سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتمان و دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و پابەند نەبوونی لایەنی پەیوەندیدار، وەزارەتمان بەمافی یاسایی خۆی دەزانێت لە ڕێگای زیادکردنی ئاشکراوە سەرجەم ئەو موڵکانە بفرۆشێت کە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتە سەر و داواکارین هەرکەس و لایەنێک ئارەزوومەندە بەشداری لەو زیادکردنەدا بکات دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداریەکە لە ڕۆژنامەی فەرمی دەتوانێت ڕێکارە یاسایی و کارگێڕیەکان جێبەجي بکات و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان/
وەزارەتی دارایی و ئابووری ٢٠٢٥/٨/٣١
*ئەوەی جێگەی قسە لەسەرکردنە ئەم پارەنەدان وکەڵەکەبووەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوی نوێ یە کە لەژێر دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی دا کار ئاسانی یاسایی یان بۆئەنجامداوە بێ دەنگ بوون لەئاستی دا ، لەهەمان کاتیشدا هەرخۆیان لەهەمان حکومەت بە هەمان جۆر دەسەڵات وسییستەم ڕەازمەندبوون بە فرۆشتنی ئەم زەویانە بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی بۆ کەسێکی تر لە بەرواری ٢٠/١١/٢٠١٧ ئەم زەویانەی کە لەوڕاگەیاندنەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بڵاوکردۆتەوە کە گوایە بەناوی شاسوار عبدالواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ یە بەڵام لەئێستادا بەناوی کەسێکی ترە بەناوی نوری سەباح حسێن .
سەیرو سەمەرە ئەوەیە لایەنە پەیوەندارەکانی بەڕێوەبردنی ئەم حکومەتەی پارتی ویەکێتی هیچی ئاگایان لەبەش و لقەکانی هەمان جۆر حکومەت وسیستەمی ئیداری کارگێری نییە ئەمەش لەبەرئەوەی :
١- یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەر چەوسانەوەی هاوڵاتیان ئاگاداری بەڕێوەبردنی بواری کارگێڕی وئیداری حکومەتەکەیان نین .
٢-بۆ چارەسەری زۆربەی کێشە وگرفتەکانیش ململانێی حزبی زاڵدەکەن و ڕەچاوی بەرژەوەندی سیاسی وحیزبیان دەکەن نەک بەرژەوەندی یاسایی وئیداری .
٣- دەبێت لەوە دڵنیابن خەڵکی کوردستان هەتا یەکێتی وپارتی حکومەتی هەرێم بەڕێوەبەرن هەرگیز ناتوانن ژیانێکی ئارام وئازاد وبەرابەریان مسۆگەربێت چونکە ئەوانە ڕستەوخۆ دژایەتی هەبوونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد وبەرابەر دەکەن .
بۆزیاتر ئاشنابوون بە ڕاستی بابەتەکە گوێ بیستی ئەم ڤیدۆیە ببە !