نەرویج لەبەردەم دوڕیانێکدا
جەبار محسین
شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەی ڕابووردو ئەم کیژۆڵە جوانە” تەمیمە” لەلایەن کەسێکی ڕاستی توندڕەوەوە کوژرا، لە کاتی کاردا بۆ چاودێری کردنی منال و نەوجەوانان لە سەنتەری پارێزگاریدا.
ئەم هەواڵە هەموو نەرویجی هەژاند بەڵام بە داخەوە نەبووە باسێکی گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئەم دەوریەی پەرلەمان کە ئێستا بەڕێوە ئەچێ. ئامانجی بکوژ و دان پیادا نانەکانی ئەوەیە کە ویستویەتی تیرۆرو تۆقاندن لە دڵی پەنابەرانی موسلماندا دروست بکات و ویستویەتی هەستێت بەکاری تیرۆریستی تریش، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ناوبراو بیروڕای ڕاستی توندڕەو هەڕەشەی تیا بەدی کراوەو پۆلیس ئاگادار کراوەتەوە، واتە ئامانجێکی سیاسی هەبووە.
کوژراویش پێشتر ڕایگەیاندووە کە مەترسی لەسەر ژیانی هەیەو وا پێ دەچێ خاوەن کار یاسا شکێنی کردبێت لە پاراستنی ژیانی کرێکارەکانیدا. لە ئێستادا کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لە نەرویجدا بەڕێوە دەچێ مەترسی هاتنە سەرکاری باڵی ڕاستی توندڕەو بەدی دەکرێت و حزبی باڵی ڕاستی توندڕەو زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە لە ئامانجە بەراییەکاندا.
حزبە چەپو سەوزەکان هەموو پێکەوە بانگەواز دەکەن کە خەڵک دەنگیان پێ بدا بە ئامانجی شکست پێ کێشانی باڵی ڕاستی توندڕەودا. دەنگدانی ئەمجارەی خەڵکی نەرویج گرنگیەکی تایبەتی هەیە بۆ شکست پێ کێشانی باڵی ڕاست و بەتایبەتی باڵی راستی توندڕەودا. لە ئێستادا کە دەرگای دەنگدان ئاوەلا کراوە، زۆر گرنگە لەم ڕوانگەیەوە بڕانینە دەنگدانی نەرویج.
ئەوە ڕاستە کە باڵی چەپ بە سەرۆکایەتی پارتی کرێکاران کە بەوە ناسراوە کە سیاسەتەکانی بەرەوە ڕاست وەرگەڕاوە، بەڵام هێشتا پێی نەخزاوەتە زەلکاوی ڕاست و ڕاسیزمو توندڕەوی ڕاستڕەوەکانەوە. هێشتا بوارێک بۆ وەستانەوە بۆ بەتایبەتی کردنی کەرتە گشتیەکانی کۆمەڵگە ماوەتەوە، هێشتا بوارێک بۆ ملکەچ کردنی دەوڵەت بۆ خزمەتگوزاریەکان و مافەکانی کرێکاراندا ماوەتەوە.
لەم پێناوەدا ڕاوەستانەوە بەڕووی ڕاستدا ئەرکێکی مێژووی بەردەممانە و ڕێ نەدەین سیاسەتی جەنگخوازی و ترامپیزم باڵ بکێشێ بەسەر کۆمەڵگە، لانی کەم ژیانی پەنابەران بەرەو هەڵدێر نەچێ. لەم ڕوانگەیەوە دەنگدان بە بەرەی چەپ و بەتایبەتی چەپی توندڕەو هەنگاوێکی پێشرەوانەیە. با چیتر کارەساتی لە چەشنی کوشتنی تەمیمە دووبارە نەبێتەوە.
