هێرشی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ و ئاسۆی ئینتەرناسیۆنالیزمی سۆسیالیستی

0

ئەڵتەرناتیڤی شورایی /

وەرگێرانی / ئاوات ڕەسوڵ 

بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٥ (٨ شیهڤار ١٤٠٤)، کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا شایەتحاڵی یەکێک لە بەرفراوانترین و کوشندەترین هێرشە ئاسمانییەکان بوو لە سەرەتای شەڕەوە. لە میانەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا سوپای ڕوسیا زیاتر لە 600 مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی پایتەختی ئۆکرانیا کرد و نزیکەی بیست ناوچەی جیاوازی شارەکەی کردە ئامانج کە لەنێویاندا ناوەندی نیشتەجێبوون و باڵەخانە حکومییەکان و تەنانەت ئۆفیسی ئەنجومەنی بەریتانیا و شاندی یەکێتی ئەوروپا.

لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا لانیکەم ٢٥ هاوڵاتی مەدەنی کە چواریان منداڵ بوون گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بریندار بوون. سەدان باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە و بەشێک لە شارەکەش تووشی پچڕانی کارەبا و پچڕانی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بوون. کارمەندانی فریاگوزاری دوای هێرشەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک هێشتا سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمەکان بوون و هاوکاری بریندارەکان بوون.
ئەم هێرشە لە کاتێکدا ڕوویدا کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گفتوگۆی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئەگەری ئاگربەست یان دانوستانەکانی ئاشتی هەبووە. بەڵام بۆ جارێکی دیکە ڕوون بووەوە کە شەڕی ئۆکرانیا بەرەو ئاشتی ناڕوات، بەڵکو بەرەو پەرەسەندنی قەیران و فراوانبوونی ڕەهەندە سەربازییەکان دەڕوات.


سروشتی شەڕ: پێکدادانی دوو ئۆردوگای سەرمایەداری
ئەم شەڕە لە بنەڕەتدا شەڕێکی ئیمپریالیستییە؛ شەڕێک لە نێوان بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداریی ڕووسیا لە لایەک و بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداریی ڕۆژئاوایی (ئەمریکا و ناتۆ) لە لایەکی دیکەوە.

• ڕوسیا هەوڵدەدات کاریگەری خۆی لە خاکی سۆڤیەتی پێشوودا بگەڕێنێتەوە بە پەنابردن بۆ دەستدرێژی سەربازی و بەکارهێنانی ئۆکرانیا وەک قەڵغانێکی جیۆپۆلەتیکی و سەرچاوەیەکی ئابووری.

• هاوکات ناتۆ و ئەمریکاش حکومەتی زێلێنسکی بەکاردەهێنن بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆیان لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان و ئیستغلالکردنی کرێکاران و سەرچاوەکانی ئەم ناوچەیە.

لەم نێوەندەدا ئۆکراینییە ئاساییەکان قوربانی سەرەکین؛ ماڵەکانیان وێران دەکرێت و ژیانیان بووەتە مەیدانی کێبڕکێی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکان.

ڕووسیا و ئۆکرانیا: پێویستی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاران
لە ڕوانگەی ئێمەوە نە حکومەتی پوتین لە ڕوسیا و نە حکومەتی زێلێنسکی لە ئۆکرانیا نوێنەرایەتی ڕزگاری گەل ناکەن.

هەردوو حکومەت لە خزمەت ئۆلیگارشی سەرمایەداری خۆیاندا کاردەکەن.

• لە ڕووسیا کرێکاران ڕووبەڕووی سەرکوتی سیاسی و سانسۆر و کۆکردنەوەی زۆرەملێ دەبنەوە.
• لە ئۆکرانیا حکومەتی زێلێنسکی لە ژێر ئاڵای “بەرخۆدانی نەتەوەیی” چاکسازیی نیولیبراڵ و خۆپارێزی لە دژی چینی کرێکار جێبەجێ دەکات و وڵاتەکەی کردووە بە بنکەیەکی ناتۆ.
ڕێگای ڕاستەقینە بۆ کرێکارانی هەردوو وڵات ئەوەیە کە:

1- وەستانەوە بەرامبەر سەرکردە سەرمایەدار و شەڕخوازەکانیان.
2. پێکهێنان و بەهێزکردنی ئەنجومەنی کرێکاران (سۆڤیەت).
3. پەیوەندیکردن بە بزووتنەوەی کرێکارانی جیهانییەوە بۆ خۆشکردنی ڕێگە بۆ حکومەتێکی سۆسیالیستی جیهانی.

ڕۆڵی ناتۆ و ڕۆژئاوا: دووڕوویی و شەڕخوازی
ڕۆژئاوا بە شەرمەزارکردنی هێرشەکانی ئەم دواییە خۆی وەک “بەرگریکاری دیموکراسی” پیشان دەدات، بەڵام هەمان ئەو زلهێزانە بەرپرسن لە کۆمەڵکوژییەکانی عێراق و ئەفغانستان و داگیرکارییە بێکۆتاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئامانجی ناتۆ ئاشتی نییە، بەڵکو بەهێزکردنی پیشەسازییە سەربازییەکان و سزا ئابوورییەکان و درێژکردنەوەی شەڕە بۆ ئەوەی قازانج و کاریگەرییە ئیمپریالیستەکانی فراوانتر بکات.


ڕوانگەی سۆسیالیستی
• نا بۆ پوتین، نا بۆ ناتۆ!
• پێویستە کرێکارانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دژی شەڕ و داگیرکاری و سەرمایەداری ڕاپەڕن و شورایی خۆیان دابمەزرێنن.

• پێویستە کرێکارانی ئەورووپا و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش سیاسەتی شەڕخوازانەی حکومەتەکانیان ڕەت بکەنەوە و پشتیوانی لە خەباتی سەربەخۆی کرێکارانی ئۆکرانیا و ڕووسیا بکەن.

تاکە ڕێگای ڕاستەقینە بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە و هەموو شەڕە ئیمپریالیستەکان شۆڕشێکی نێودەوڵەتی کرێکارانە؛ شۆڕشێک کە سنوورە دەستکردەکان و هەژموونی سەرمایەداری دەشکێنێت و زەمینە بۆ یەکێتی ئازادی مرۆڤەکان لە شێوەی حکومەتێکی سۆسیالیستی جیهانیدا خۆش دەکات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.