” تونێلە تاریکەکەی هەڕەشە و ترس و تۆقاندنی سیاسەت”


ڕێڤان جاڤ
شەوێکی ئەنگوستەچاو، تایکتر لە شەوەزەنگی جەنگ، شەوێکی تاریک و ڕەش و پڕ لە ژانی چارە ڕەشی و ستەم و دووبەرەکی هەمەجییەت و بەربەرییەت، شەوەزەنگی پەلکوتان لە شەڕی خوێناوی و کاولکاری و شکاندنی شکۆ و کەرامەت بە بەردەم هەموو دانیشتوانی شارەوە، شەوەزەنگی بریندارکردن و دەستگیرکردن لە قوڕگی ئەم شارە بێ نازەی سلێمانی و هەناسە لەبەر بڕین، شەوێکی قووڵتر و تاریکتر بە ترس و تۆقین و خەم و ناسۆری نائومێدی، بەهەدەرەچوونی هەوڵ و هەنگاوی خەونەکان،
بە زەرەرما ڕەنج و خوێنی ڕۆڵەی قارەمان و شۆڕەسوارانی خەبات، شەوی خامۆشبوونی تروسکەی چرای نەمران و شۆڕشگێڕان.
بێ دوودڵی و سڵەمینەوە گەردەلوولی شەڕ و ململانێیان گەیاندە تەختی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی، بێ شەرمانە و زۆر بە عەنتەری شەڕشەڕی ئەوەیە کێ زووتر بە هێزی تانک زرێپۆش و چەکی قورسەوە خێراتر نمایشی خۆی دەکات، بە هێزی بازووی زیاتر و پتەوتر دەگاتە تەختی میرنشینی باڵا و تاکە میراتگری حیزب و دەسەڵات.
چ شەرمەزاریی یەکە کە بەم شێوەیە کێشە و ئاژاوە و ململانێی خۆتان بگاتە شێواندنی دەسەڵات و ئەرکی بەرپرسیارێتیتان ئەوەندەی تر ناشرین و ئاڵۆزتر بێت!!!
بەرپرسیارێتی بووە بە بگرەوبەردەی کۆمەڵێک ستەمکار و سایکۆپات و کۆمەڵێک بکوژ و خوێنڕێژ بە کەسایەتی سادیزمەوە کە کاریان تەنها شێواندنی دەروونی ئەو خەڵکە و بە کوشتدانە، بێباک و خەمسارد لە هەموو ئەو خوێنەی وەک ئاو دەڕژێت،
ئاخر ئەگەر لەسەر یەک فەرمانڕەوا ڕێک بکەون و بسازێن گیانی هەموو ئەم خەڵکە نابێتە قوربانی ململانێ و شەڕی نەبڕاوەی خۆتان. ڕاشکاوانە و بێ ئەملاوئەولا مەبەست و ئامانجی سەرەکی ئامۆزاکان و هاوشێوەی ئامۆزاکان لە ئەنجامدانی کێبڕکێی ڕووخێنەر و کارەساتئامێز و یەکلاکردنەوەی کێشە و گرفتی شەخسی و شەڕی کۆنەقین و بیماری دەروونی هەر هەموو ئەمانە لە پێناو هەڵگرتنی پشکۆی دەسەڵاتە لە ئاگردان بابولعالی دەسەڵات بەڵام بێئاگان لەوەی کۆتای دەسەڵات و فەرمانڕەوای ناعادیل و ستەمکار و گێرەشێوەن کەوتن و لەناوچوونە. دەرئەنجامی دژواری و مەترسی کێشە و گرفتە کارەساتبارەکان، دووبارەبوونەوەی دیمەنی دڵتەزێنی هێرش وهەڕەشە خوێناویەکان، دروستکردنی هەموو ئەم لێکترازان و دەلاقە و نەنگی یە لە مێژووی حیزب و دەسەڵات، هەموو ئەم بێ ڕێزیی و سووکایەتیکردن و بچووککردنەوە و لەکەدارکردنە لە هەمبەر سەروەری خەڵک و شۆڕش و خەباتی سیاسی، ڕوون و ڕەوان بێ چەن و چوون پێمان دەڵێت هیوای چاکسازی و گۆڕانکاری لەم جۆرە دەسەڵاتە نەماوە، لە هەرکاتێکدا بێت پشکۆی دەسەڵاتی لەم جۆرە دەگۆڕێت بۆ پشکۆی توڕەیی خەڵک و دەبێتە پریشکی ڕاپەڕین و شۆڕش، تەخت و تاراجی توندوتیژی و نادادی و خوێن ڕژان ڕادەماڵێت.
بەوپەڕی پەژارە و ئازارەوە: لێتان وەڕسین بەهۆی حوکمی خۆسپاندن و تاک ڕەویتان، بەهۆی برسیکردنی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان. لێتان وەڕسین بەهۆی پەرتەوازەیی و چەوتیی ململانێتان لەسەر دەسەڵات و حوکمداری.
لێتان وەڕسین بەهۆی دەستنەگرتن بە ڕایەڵەی تەبایی و برایەتی و ڕێکنەکەوتنەوە.