ببن بە عەلاگە فرۆش با خەڵکی بە چاوی ڕێزەوە لێتان بڕوانێت

خالیدی شووتی فرۆش
تکایەکی کوردیانەو برایانەم هەیە بۆ هەر (چەک)ـبەدەستێک لە هەر زۆن و سەر بە هەر ڕەنگ و بیرو باوەڕێکە.
وە، تکا لە دایک و باوک و خوشک و برای هەر چەکبەدەستێک دەکەم با ڕۆڵیان هەبێت لە چەکدانانی ڕۆڵەکانیان یان هەر نەبێت لە پەروەردەکردنیان هەرچەندە ئەمەیان زۆر زەحمەتە، پەروەردەکردن بەو مانایەی کە کار گەیشتە ئەوەی ئەمرت پێ کرا کە لوولەی تفەنگەکەت ڕوو بکەیتە براکەت چۆن هەڵوێستێک بنوێنی.
ئەگەر کار بگاتە ئەوەی کە نیشتمانەکەمان ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە ئەوا هەمووان چەک هەڵدەگرین، بەڵام لە ئێستاو ڕابردوو و لە داهاتووشدا گەورەترین مەترسی بۆ سەر هەرێمەکەمان ( پارتی و یەکێتی) بووە.
نموونەش زۆرە لە ڕابردوودا.
بە کوردو کرمانجی دەمەوێ بڵێم: ئەو تیکە نانەی کە پەیدای دەکەن نیشانەی پرسیاری لە سەرەو نەخواردنی بۆتە ئەرکێکی پیرۆز. بە ڕاستی ڕۆژ ڕۆژی هەڵوێستە، مەردایتی بنوێن چیتر مەبن بە بەشێک لەو کارەساتانەی کە لەسەر دەستی ئێوەی هەژار ڕوو دەدان و بازرگانی بە خوێنتانەوە دەکرێ.
من دەستی ئەو پێشمەرگەیە ماچ دەکەم کە دەبێتە یەکەم کەس کە هەڵوێست بنوێنێ و لوولەی چەکەکەی ڕوو نەکاتە براکەی. لەبەر ئەوە، تکایە، تکایە، تکایە..
هەڵوێست بنوێنن ئەو تاچی شکۆیە بنێنە سەر خۆتان و چیتر دەستتان سوور مەکەن بە خوێنی براکانتان. ببن بە شووتی فرۆش ئەگەر شووتییەکەشتان سوور نەبێ لای خواو خەڵکی ڕەنگتان سوورە.