جیاوازیەکی گەورە هەیە لەنیوان خۆسەپاندن بەناوی یاساوە و لەنیوان دانانی یاساو دەستورێک کە ماف وئازادی وکەرامەتی هاوڵاتیان بەیەکسانی وبێ جیاوازی بپارێزێت

کاوە عومەر
خۆسەپاندن بەناوی پاراستنی دیموکراسی و جێ بەجێکردنی یاساو لەناوبردنی بەکرێگیراوان و دەسگیرکردن ولەسێدارەدانی کودەتاچیەکان و هتد شتێکی نوێ نین و مێژووی وڵاتانی جیهان وناوچەکە و بەتایبەتیش عێراق پڕیەتی لەم جۆرە خۆسەپاندنە و سەدام حسێن باشترین و بەرجەستەترین دیکتاتۆرو کاراکتەری ئەم خۆسەپێنیە بوو کە بەجۆرەها شێوە نەیارانی ناو حزبەکەی دەرەوەی حزبەکەی لەناوبرد و سەرئەنجام چارەنوسەکەیشمان بینی.
چەسپاندن و یان جێبەجێ کردنی یاسایەک کە لەسەر بنەمای دەستەبەرکردن وپاراستنی ماف وئازادیەکانی هاوڵاتیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای نەتەوە-ئاینی وزمان و ڕەنگ و ڕەگەزی مرۆڤەکان لە لایەن کەس وهێزێکی دەسەڵاتدارەوە،سەرەتایی ترین شت ئەوەیە کە بیکات لە خۆیەوە دەست پێ بکات خۆی بەکردەوە نیشانی بدات کە مەبەستی لە جێ بەجێ کردنی یاسا و پاراستنی سەروەری یاسا هەموانە بەخۆشیەوە بەبنەماڵەو حزبەکەشیەوە.
ئەبێت هەنگاوی یەکەم داماڵینی چەکی حزبایەتی بێت وگێڕانەوەی موڵک وسامانی گشتی لای حزب وبنەماڵەو ئەندامانی سەرکردایەتیەکەوە بێت بۆ هەمان ئەو حکومەتەی کە خۆیان دامەزرێنەرین.
ئەبێت هەڵوەشانەوەی دەزگا ئەمنی وهەوالگریە حزبیەکان بێت و ئەو ئەرک وکارانە بدەنە دەست حکومەت ودەستیوەردان لەکارو بڕیارەکانی حکومەتدا نەکەن.
ئەبێت کەش وهەوایەکی ئازادانە بخولقێنن کە هاوڵاتیان بەبێ ترسی نان بڕین وچاوسورکردنەوەو بە ئومێدی ئەوەی کە دەنگەکانیان دەتوانێت شتێک لە ژیانی سیاسی وئابوری و کۆمەڵایەتیان بگۆڕێت بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن ودڵنیابن لەوەی کە بەدەنگدان دەتوانن دەستاودەستی دەسەڵات لەنیوان حزبکاندا ئەنجام بدەن.
ئاخر ئێوە ٢٤ساڵ لەمەوبەر بەناوی جێ بەجێ کردنی یاساوە هەمان هێرشی چەکداریتان کردە سەر بنەکەو بارەگای حزبی کۆمۆنیستی کریکاری و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان وسەنتەری بەرگری منداڵان لە سلێمانی بەناوی کردنە دەرەوەی بارەگای چەکدار لە ناو شارەکان لەکاتێکدا نە کۆمۆنیستەکان ئەو لەشکرە چەکدارەیان هەبوو کە ناوی بارەگای چەکداری لێ بنێت و نەبەنیازی کودەتا بوون وەک ئەوەی ئێستە هێرشی چەکداری سەرلالەزارتان پێکردۆتە بیانو،ڕەنگە بارودۆخ وبیانوەکان جیاواز بن بەڵام ناوەرۆکی کارەکە هەریەک شتەو یەک پەیامی تێدایە ئەویش خۆسەپاندنی کەس وحزبی چەکدارن و ناوی سەپاندنی یاسا شتێک نیە جگە لە ڕەوایی وەرگرتن بۆ ئەم کارە دژی ئازادی وئینسانیە.
ئەوەی کە وادەکات ئەم جۆرە کارە میلیشیایی وملهوڕانە بڕواتە پێشەوە بێدەنگی گشتیە بێ دەنگی بەو مانایە نا کە خەڵک ڕازین بەم کارە بەمانای ئەوەی کەزۆرینەی خەڵک ناڕازین و دڵیان بەڕژانی خوێنی هەر ئینسانێک ژان دەکات بەتایبەتی ئەو کەسانەی کەلەناو ئەم کێشمەکێشە ناوخۆییانەدا دەبنە قوربانی ناڕازی لەوەی کە شوینی ژیان وناو ماڵەکانیان بکرێتە سەنگەری شەڕی سەپاندنی یاسای بێ یاسایی.
بەڵام ئەم ناڕەزایەتیە کاتێک مانای دەبێت کە بەسەدان هاوڵاتی بەگەورەو بچوکەوە بڕژێنە ناو شەقامەکان و داوای چەکداماڵینی حزبەکان بکەن وداوای ئازادی بێ کۆت ومەرجی دەربڕین وهەڵسوڕانی سیاسی بکەن و داوای یاساو دەستورێک بکەن کە ماف وئازادیەکانیانی تێدا پاریزراو بێت.
داوای دادگایکردنی هەموو ئەوانە بکەن لەهەر پلەو پێەگەیەکدابن کە ئامادەنین دەستبەرداری هێزی چەکداری حزبی ببن وڕێز بۆ سەروەری یاسا دابنین وەک هاوڵاتیەکی ئاسایی.
نا بۆ خۆسەپاندنی بنەماڵەو حزب چەکدار بەناوی سەپاندنی یاساوە لەهەردوو زۆنی سەوزو زەرد بەڵێ بۆ یاسایەکی سکۆلارو ئینسانی.