بۆ خوێن ڕژان پێوستمان بە دوژمن نیە

کاوە عومەر
هەربۆیە دوژمانانیش کاتێک بیانەوێت مەرامەکانی خۆیان شەڕو دەعوای نێو خۆیان یەکلای بکەنەوە،ئێمە بەردەدەنە گیانی یەکتر بۆ ئەوەی بەرانبەرەکەیان لاوازبکەن یا.
لەناوی بەرن،ئێمەش لەم نێوەدا جگە لە دۆڕانی گیانی وژیانی شتێکمان دەست ناکەوێت.چونکە ئەوان هەر ناوێکیان هەبێت ولەژێر هەر ناوێکدا ئەو جەنگە هەلگرسێن هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ئەوانە دوژمنی چینایەتی ئێمەن و جگە لەزیانی ژیانی وگیانی لەکاتی بردنەوەو دۆڕانیشیاندا ماف وئازادیەکانمان زیاترو زیاتر تەنگەبەر دەکەنەوە شتێکی ترمان بەنەسیب نابێت.
خەباتی ئێمە جەنگی ڕەوایی ئێمە تەنها لەو شوینەو لەوکاتەوە دەست پێدەکات کە سەنگەری چینایەتیمان لەو حزبە دەسەڵاتدارو بێ دەسەڵاتە بۆرژوازیە ڕەنگاو ڕەنگانە جیادەکەینەوە.شەڕی ئێمە شەڕی هەموو ڕۆژەمانە لە شوێنی کارو ژیاندا لەپێناو دەستبەری کارو کرێی گونجاو ماف وئازادی وخۆشگوزەرانی گشتیماندا،نەک لە پێناو پیرۆزی خاک ونیشتیمان وئاڵاو نەتەوەو ئینێکدا کە کەمینەیەک بکاتە خاوەنی هەموو شتێک وزۆرینەش بگەیەنێتە خوار هێڵی هەژاری.
نیشتیمانی ئێمە جێگایەکە کە مرۆڤەکان تێیدا ئازادو ئارام و خۆشگوزەران وبێ جیاوازی بژی، ئەوەی ئێمە بەزمانی جیاواز قسەدەکەین ونەتەوەی جیاوازمان لێ دروست بووە شتێکە لەدەرەوەی ئیرادەی خۆمان بەڵام ڕەوایدان بەشوناسی نەتەوەیی مانای لەناوبردنی ستەم وهەڵاواردن نیە بەڵکو ڕەوایدانە بە بەدەسەڵاتی کەمینەیەک کە بەناوی زۆرینەوە دەسەڵاتی ئابوری وسیاسی وچارەنووسی کۆمەڵگە بەدەستەوە بگرن وبەناوی نەتەوەی سەردەست وبن دەستەوە بازرگانی بەژیان وگیانی ئینسانەکانەوە بکەن ولەبەرانبەر یەکدا ڕایانگرن وشوناسی گەردونی ئینسانیان بەسەر نەتەوە و ئاین وتایفەی جیاوازدا دابەشبکەن و شوناسە ئینسانیەکەیان بشێوێنن.
هەر بۆیە ئامانجی ئێمە کۆتایی هێنانە بەدابەشکاری نەتەوەیی وگێڕانەوەی شوناسی جیهانداگری ئینسانیمان.
ئاینداری وبێ ئاینی دەبێ بەفەرمی بناسرێت و وەک مافێکی تایبەتی کەسەکان سەیربکرێت و ئاین لە دەوڵەت جیابکرێتەوەو لەچنگی بازرگانە ئاینیەکان دەربهێنرێت وبگەڕینرتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
لە جیهانی ئەمڕۆدا ئەو جیهانەی کە ترامپ وپۆتین وئەردۆغان وخامنەیی و جۆلانی وناتانیاهۆو بافڵ و مەسرور و لاهور ومالکی وعەبادی و خزعەلیەکانی بەرهەم هێناوە ئەو جیهانە پڕلە سەروەت وسامانەی کە ئەگەر بەیەکسانی وبەشێوەی دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت،نەپێویستمان بەسوپاو زیندان وکۆمپانیای زەبەلاح بەرهەم هێنانی کەرەستە کۆکوژ وپێشکەوتووە جەنگیەکان دەبێت و نەپێویست بەلەشکرکێشی دەکات لەژێر ناوی دیموکراسی ومافی مرۆڤ وپاراستنی یاساو پیرۆزەکاندا مرۆڤەکان خوێنی یەکتر بڕژن،ئەم جیهانەی کەناوی سەرمایەداریە ئەگەرچی ڕۆژبەڕۆژ لەڕووی زانستی وتەکنەلۆژی و هتد بەرەو پێشەوە دەچێت بەڵام بەهۆی ئەوەی کە سیستەمەکە لەسەر بنەمای دەستەبەری قازانجی زۆرترو زۆرتر دامەزراوە هیچ نرخ وبەهایەکی بۆمرۆڤەکان وژیان وگیانیانی تێدا نیە و بەردەوام بەرەو بەربەریەت هەنگاو دەنێت و نەک هەر مرۆڤایەتی بەڵکو ئایندەی گۆی زەویشیان خستۆتەمەترسییەوە،بەهەموو پێوەرەکانی مرۆڤایەتی ژیانکردن لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا لەوە زیاتر قابیلی بەرگەگرتن نیە،نەک لە کوردستان وعێراق کە وەک ماڵی بێ دەرگاو پەنجەرە بوونەتە جێگای ساخکردنەوەی ئەجندای سیاسی وسەربازی وئابووری دەوڵەتانی جیهان وناوچەکە،بەڵکو لەهەموو ناوچەکەو جیهاندا.