جەنگ، میلیتاریزمی سەرمایەداری

ڕێبین عبدالرحمن
میژووی مرۆڤایەتی پریەتی لە جەنگ و خوین ڕشتن بە بیانووی ئاین، خێل، نەژاد و نەتەوەیی و جیاوازیی …، بەڵام هیچ کاتێک هێندەی ئیستا مرۆڤایەتی لە ژیر هەرەشەی گەورەدا نەبووە. سەرمایەداری لەگەڵ گەشەی خۆی و بازاردا، زۆرترین پەرەشی بە بەرهەمهینانی چەک و گەشەی میلیتاریزم داوە.
جەنگی میلیتاریزمەکان کۆمەلیک جەنگی ناڕەوان؛ لەپیناو داڕشتنەوەی هاوکێشەی سیاسی، ئابووریی بۆ بەرژەوەندیی چینی سەرەوەی کۆمەلگا ڕێک دەخرێن. سەرمایەداری لە ئەمرۆی بەمیلیتاریزمە کردنی جیهاندا و بۆ رەوایی بە جەنگەکانی، هەموو دەزگا میدیایی و “ناوەندەکانی مرۆڤی و سیاسی” بە ئاراستەیەکدا دەبات کە زۆرترین کاریگەریان لەسەر بیروڕای مرۆڤ هەبێ. بیانووەکان هەر لە جەنگی دژە تیڕۆر تا جەنگی سەقامگیری ئاسایش پڕوپاگەندە و باسێکن کە هەمووانی بۆ ئەو خاڵە کێش کردوە…
قوربانیەکانی مرۆڤایەتی لە ئیستادا هەر لە بەرەی جەنگدا نییە، یان قوربانیەکان هەر ئەو منداڵ، ژن و پیاوە سڤیلانە نین کە لەناو جوگرافیاکەدا کەوتوونەتە ناو ئاگرەوە. قوربانیەکان زۆرترین ئەو مرۆڤانەن کە خۆیان لە خواری کۆمەلگادان و دڵیان بە لایەنێکی جەنگ خۆشە، هیندە زۆرن ڕەنگە هەژمار نەکرێن. بەڵام لە هەموو ئەوانە خراپتر ئەو قوربانیانەن لەناو کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکاندا کە تیوری و لێکدانەوە بۆ لایەنگری و نەکردنی جەنگی میلیتاریزمەکانیان، خستۆتە جێگای خەباتی چینایەتی و ریکخستنی کۆمەلگای مرۆڤایەتی لەدژی هەموو کۆی سیستەمی سەرمایەداری و میلیتاریزمەکەی.
لە مێژوویی ململانێی پرۆلیتاریا و سەرمایەداریدا، تەنها ئەو جەنگانە ڕەوابووە کە راستەوخۆ خەڵک خۆی بەڕیوەی بردوو دژی ئەو زوڵمەی لەسەریان بووە، ئەو جەنگانە بۆ کۆتایی هێنان بە چەوساندنەوەیە. هەربۆیە ئەو جەنگە ئیتر جەنگی شۆرشگیڕانەیە.
ئیستای هەموو فۆڕمەکانی جەنگ، پێوویستییەکی گرنگە بۆ سەرمایەداری ناو بازنەی قەیرانی ئابووری… ئەو جەنگانە و قوربانییەکانی بەردەوام دەبێ، تا ئەوکاتەی کە خوارەوەی کۆمەلگا یان پرۆلیتاریا بڕیاری جەنگی پێچەوانە و شۆرشگێرانە دەدا بۆ ئالوگۆڕ. شۆرش و ئالوگۆر ئەگەریکی گەورەیە لەو جێگانەی کە پرۆلیتاریا توانای ڕێکخستنی خۆیان و هەموو کۆمەڵگەیان هەیە. تا ڕەوتی سۆشیاڵیزمی پرۆلیتاریا بەرەو بووژانەوە و بەهێزبوون نەڕوا لە جیهانی ئەمڕۆدا، هیچ هیوایەک نامێنێ کە مرۆڤ بیچنێتەوە، تەنها ڕێگا سۆشیاڵیزمە هیچ ڕێگایەکی تر نییە.