ستیانێک پڕ لە دەنکە گێلاس

قوبادی جەلیزادە
وازم لە عەتر کڕین هێنا
ڕۆژانە دەیان شووشە
لە هەناسەی تۆ پڕ دەکەم
لە دواوەت دەڕۆم تا ئەو گوڵانە بکەم
بە چەپک کە لەژێر پێتدا شین دەبن
دادەنیشم تا بەبەردەمما تێدەپەڕی
من حەزم لە باخی گەڕۆکە
پەپوولەکەم گرت
کە لە پەنجەرەوە هاتە ژوور و
بردمەوە باخچە
وتی نا لانەی من
لە سینگی ئەودایە
کەنارییەک گۆرانییەکی
لێکەوتە ئەو دیوی قەفەس
ویستم بیدەمەوە
وتی ئەم گۆرانیە
هی ئەو ژنەیە کە بەیانیان
دانم بۆ ڕوو دەکات
شنەیەک تێپەڕی
بۆنی تۆی لێدەهات
دوای کەوتم
عەتری گەردنی تۆم لێسەندەوە
چاوەڕێتم دەشزانم نایەی
هیچ شتێ لە خۆخەڵەتاندن
شیرینتر نیە.!
چیم لێ بکەوێ
هەڵی ناگرمەوە
جگە لە دەنگی تۆ!
دوو دەریا کۆمان دەکاتەوە
مەبەستم چاوەکانتە.
موبایلەکەم پڕە لە دەنگی تۆ
کە دەیگوشم، موزیک
دەڕژێتە ناو لەپم
کە بەفر دەبارێ هەمیشە
کولویەکی کەمە –
دڵی سپی تۆ
پێم خۆشە بەر لەتۆ بمرم
ئیدی دەتوانی لەسەر
میراتەکەی من بژیت
کە نیشتمانێک شیعرە
ڕۆیشتی، لێ ناڵەیەکت
لێ بەجێما
ناڵەی ساتێکی ئۆڕگازم بوو
فرۆشتم بە مۆزەخانەیەک
دانیشە
تا ڕووبارە ماندووەکانیش
دانیشن
مەمکبەندەکەی
هەڵخست،کە ڕێژنە بارانێ
تەڕی کرد
تژی بوو لە دەنکە گێلاس