لەژێرناوی سەروەری یاسادا یاساکانی فاشیزم جێبەجێ دەکەن پارتی و یەکێتی

0

ئاوات ڕەسوڵ 

لەوەتی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە سەری زمانی وبنی زمانیان موبەلیخان و بەرپرسانی هەردوو حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پڕ بە گرویان گوتویانە ئێمە دەمانەوێت سەروەری یاسا جێبەجێ بکەین ،بەڵام هێچ کاتێک بە کەسیان نەگوتووە کە کام جۆرە سەروەری یاسایە جێبەجێ دەکەن !

ئەمانە چ لەشاخ و بەقەولی خۆیان سەردەمی پێشمەرگایەتی کۆنیان و چ لەئێستای بەحیسابی خۆیان لە حکومەتداریاندا هیچ جۆرە یاسایەکی ئینسانی و مەدەنی وشارەستانی وئازادیخوازی ویەکسانیخوازی و دادپەروەری ومرۆڤ دۆستیان جێبەجێ نەکردوە هەتا  ڕەخنە وگلێی لەخەڵکی سادە وهاوڵاتی وسیاسیانی جیاواز لەخۆیان بکەن ئێمەش هاوڕایان بین لەجێبەجێکردنی دا !

ئەم دوو حیزبە بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە جیاوازێکیان هەبێ هاوجۆری یەکتری بوون لەقۆناغی ئێستا و ڕابردوویاندا لەسەردەمی شاخیان جگە لەکردەوەی چەتەیی و بەزۆرە ملێ پارە لە خەڵکی جوتیارو هاوڵاتی ستاندن هەر ئەوکات حکومەتی فاشیزمی بەعس وەک قەرەبوێک بڕێک پارەی وەک قەرەبوو دەدا بەخەڵکی گوندنشینەکان کە بەزۆرەملێ گوند ولادێکانیان پێ چۆل دەکرد بەڵام ئەم حزبانە بەزۆرەملێ بەشێک لەوپارەیان لەجوتیاری گوندنشین دەستتاند .

جگە لەمانە لەسەردەمی ناکۆکی و ململانێی حزبایەتیان دا دیلی یەکتریان دەکوشت و سوکایەتی یان پێدەکرد وئازار وئەشکەنجەیانداوە . هەرخۆیان کە بیرەوەری ویاداشت ومێژووی خۆیان لەکاتی ناکۆکی یەکان باس کردوە. 

خەلکی کوردستان باش لەبیرێتی کە لەهەشتاکانی ڕابردوو چۆن کۆمەڵکوژی شیوعییەکانتان ئەنجامدا و زیندبەچاڵتان کردن ئەوکات ئەوەی ئێوەلەدژی شیوعییەکان ئەنجامتاندا لەلای خۆتان پاراستنی سەروەری یاسا بوو بەڵام یاسای فاشیزم بوو نەک یاساکانی دیموکراسی وشارەستانیەت ومەدەنیەت بێت .

لەگەڵ لێدانی زەنگی ڕاپەرین ساڵی ١٩٩١ ئێوەبوون خەڵکتان هاندا تاڵانی دامودازگاکانی ئیداری حکومەت بکەن لەوانە نەخۆشخانە وقوتابخانەو شۆفل وکەرەستە وئامێری گرینگی کارگە وفەرمانگەکانتان بە بەرپرسانی  ئێران وتورکیا فرۆشت !

خەڵک لەبیرێتی کە چۆن گورگ ئاسا پەلاماری بزوتنەوەی شوراکانتان دا و چەندین تێکۆشەری ئازادیخواز ویەکسانیخوازتان کردە قوربانی هەر ئەوکاتەش باسی جێبەجێکردنی سەروەری یاساتان دەکرد بەڵام سەروەری یاساکانی فاشیزم بوو!

ئەها لە بیرتانە چۆن شاعیری گەنجی کرێکار بەکرعلی لەناو شاری سلێمانی بەئاشکرا تیرۆرکرا تەنها بەهۆکاری ئەوەی پشتیوانی خەڵکی بێ خانەولانەیی دەکرد تائێستا بکوژەکانی دادگایی نەکرا بەوەشتان گوت سەروەری یاسا جێبەجێ دەکەین !

ئەی لەبیرتان چوو کە چۆن هاوڕێیان ریناس و ڕەوف ئاکرێی وئارام ونەزیرعمر و شاپور وقابیل و محمد حەلاق وهاوڕێکانی و ٥ تێکۆشەری هاوڕیانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کۆمەڵکوژکرا !

ئەی لەبیرتانە تیرۆر کردنی ڕۆژنامەنووسان  سەردەشت و کاوە و وەیدات ،ئەی لەبیرتانە کۆمەڵکوژکردنی خۆیشاندەرانی ١٧ی شوبات وساڵانی دواتر ئەی لەبیرتانە تیرۆرکردنی ژمارەیەکی زۆری تێکۆشەرانی ئازادیخوزای ڕۆژهەڵاتی کوردستان وئێران وباکور وڕۆژئاوای کوردستان کە لەسایەی دەسەڵاتی ئێوەدابوو ،

ئەها لەبیرتانە درێژەدانی قەسابخانەکانی دژە ژنە کە بەهەزارەها ژنان وکچان لەژێر سایەی دەسەڵات ویاساکانی ئێوەدا کرانەقوربانی بەڵام بکوژانیان  سزا نەدران بۆیە لەئێستادا ژن کوشت درێژەی هەیە وەک نەریتێکی کوشندە .

پارتی هەرلەدوایی ساڵی ١٩٩١ وە بە بەرنامە وپلان هەستا هەرچی نەیارو ڕەخنەگرانی  لەسەرۆکی حزبەکەی گرت پاکتاوی کرد تەنها ئەوانەی ڕێگە پێدا کە هیچ ڕەخنەکیان لەسەرۆکەیان نەدەگرت و لەژێر پەروەردەی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە ڕاهێنان وپەروەردەکرابوون .یەکێتی هەروەک پارتی هەنگاوی دژی نەیاروڕەخنەگرانی سیاسەتەکەی نا سەرجەم ئەو حزب وڕێکخراوانە وکەسایەتیانەی پاکتاوکرد چ بەلەناوبردن یان ئاوارەکردن واتە هەردوولایان بەیەک جۆر لەکرداری فاشیزمانەدا ڕوبەڕوویی نەیار موخەلیفانیان بوونەوە .سەرجەم حزبەکان لەگەڵ پارتی و یەکێتی هێرشی چەکداریان کراوەتە سەر بۆ لەناوبردن بەچەپ ولیبراڵ وئیسلامی یەکانەوە .

لەقۆناغی ئێستای دەسەڵاتیاندا هەرحیزب وکەسایەتێک لەژێر فەرمان وسنووری ئەوان پڕو پاگەندەی ئۆپۆزیسیۆن بوونی کردبێت ناڕاستەوخۆ یان ڕاستەوخۆ پێویست بووە کە گرێ بدرێتەوە بە یەکێک لەحزبەکانی دەسەڵات یان دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە دەنا تەمەنی درێژ نەبووە ونابێت ،هەر ئێستا سەرۆکی سێ حزبی کوردستان لەزیندانەکانی ئاسائیشی یەکێتی زیندانیکراون لەوانە ئارام قادر لەهاوپەیمانی  و شاسوار عبدولواحید لەنەوەی نوێ ولاهۆر شێخ جەنگی لەبەرەی گەل  هەر سێکیان بەیەک جۆر و شێواز بووکە هەڵکوتنەسەر ماڵیان بووە بەهێزی چەکداری زۆر بۆهەریەکەشیان دۆسییەکەیان بۆسازکردوون .

بەهەموو ئەو تاوانانە ئێوە دەڵێن جێبەجێکردنی سەروەری یاسایە کە بەدرێژایی تەمەنی حکومەتداریتان دزی وگەندەڵی دەکەن پارەی گشتی نەوت وگاز وغاز بەئارەزووی خۆتان تاڵانی دەکەن کەس نازانێت چۆن خەرچ دەکرێ و بۆخۆتانی دەبەن خەڵکیش هەژار وبێکار وبرسی دەکەن کاتێکیش  خەڵکی هاتە شەقام داوایی نان کار ئازادی وژیانێکی باشتری کرد ئێوە بەگولا وەڵامتان دانەوە گەنجان ولاوانتان کردە قوربانی  و ئاوارەی وڵاتانتان کردن بەبێ ئەوەی خۆتان دادگایی بکەن وسەروەری یاسابپارێزن !

ئێوەی لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتان چەندەها گروپی چەکدارتان لەژێر ناوی جیاوازدا دامەزران ئەم چەکدارانە تەنها ئێوەیان پاراست بۆئەوەی کەدزی وگەندەڵی بکەن ؟!

ئێوەی هەرگیز باوەڕتان بەدامەزراندنی سوپاو هێزی نیزامی  و دامەزراوەیی ئیداری شارەستانی ومەدەنی نەبووە لەبەرئەوەی لەقوتابخانەی فاشیزم پەروەردەبوون بۆیە لەجیاتی سوپای نیشتمانی هەستان هەر بەر پرسێک وهەر حزبە چەندین گروپ چەکداری مافیا ئاساتان بۆ دامەزراند .

ئەمانەی ئێوە سەروەری یاسایە بەڵام یاساکانی فاشیزم کەتوندوتیژی وڕەق و دوژمنکاری لەناو کۆمەڵگە بەرهەم دەهێنێت !

ئەوەی ڕۆژی هەینی ٢١/٨/٢٠٢٥ لەشاری سلیمانی ڕوودەدات تازەنییە و هەر چەندمانگ پێشتر لەناوچەی گوڵەخانە شەڕی چەکداری لەنێوان حزبی سۆسیال دیموکرات لەسەر قۆرغکاری دەسەڵات ڕوویدا قوربانیشی  لێکەوتەوە هەروەها  چەندین ڕۆژپێشتر هاوشیوەی ئەوەی ئێستای شاری سلێمانی لە ناوچەی هەرکێ یەکان لەبادینان  و لەناوچەی دۆڵێ لە ڕانیە هێز و چەکی قورس و دەبابە چووە ناوشوێنی ژیانی خەڵک  بەدڵنیایی لەداهاتووش هاوشیوەتر ڕوودەدات هەتا ئێوەی پارتی ویەکێتی لەدەسەڵاتبن لەباشوری کوردستاندا  هەروەک دەڵێن چی بچێنی هەر ئەوە دەدرویتەوە ! 

ئەمەی کە لە  ناوەڕاستی شاری سلێمانی یە کە کراوەتە بەرەی ترسناکی جەنگ وماڵوێرانی  کە بەشاری ڕۆشنبیری ناسراوە بەڵام لەسایەی دەسەڵاتی بارزانی وتاڵەبانی بۆتە مەیدانی جەنگ و نائارامی بۆ خەڵکی شار  ، ئاخر دڕان وسوتانی وێنەی شێوەکاری هونەرمەند لەماڵەکەی خۆیدا کەچەند وڕۆژ ومانگی بۆتەرخان کردوە بەهیچ قەرەبو ناکرێتەوە کە بەهۆی شەڕەوە چەندین خانوو وبینا وێران بوون ، ئازاردانی دەروونی بەساڵاچوێک ونەخۆشێک ومناڵێک بەهیچ قەرەبوو ناکرێتەوە پێمان ناڵێن لەکام دادگایە ولەلایی کام دادوەرە سکاڵا دەبێ تۆماربکەن هەتا تاوانبارانیان سزابدرێن ومافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە؟!

دەبابە چۆتە ناوەڕاستی شار وگەڕەک ئەمە لەچ جۆرە دەسەڵات وحکومەتێکی دیموکراسی و شارەستانی ومەدەنی ڕوودەدات ؟!

ئەمە ڕێک جێبەجێکردنی یاساکانی دارەستان و دژەئینسانی فاشیزمە کەکردەوەی دژە ئینسانی جێبەجێ دەکات و هاتوچۆی هاوڵاتیانی شار قەدەغەدەکات .

ئەم کردەوەیە بەهەموو پێوەرە لۆژیک وعەقڵانیەکان دەچێتە چوارچێوەی دڕندانەو دژە ئینسانی ودژە مافی مرۆڤ ودژە ئازادی یەکانەوە دەبێت بەتوندترین شێوە شەرمەزار وریسوا بکرێن !

 

ئەوەی  لەسلێمانی ڕوودەدات زۆر ئەگەری هەیە لە چەندڕۆژ یان چەند  مانگی داهاتوو لەشارەکانی هەولێرو دهۆک و ئاکرێ و زاخۆ و پشدەروگەرمیانیش ڕووبدات لەبەرئەوەی هێزی چەکدار لەسەربنەمای یاسایی شارەستانی سەربازی نیشتمانی دانەمەزراوە بەڵکو لەسەربنەمای پاراستنی حزب و خێڵ و بەرپرسەکان دامەزراوە بۆئەوەی دزی و ملهوڕی چەوسانەوە درێژەپێبدەن.

بەبڕوایی ئێمە چارەسەر ئەوەیە کە دڵسۆزانە تێکۆشان ئەنجامبدرێت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەوجۆرە سیستەم ودەسەڵاتە چەوسێنەرودزوگەندەڵە ،نابێت چیتر ڕێگەبدرێت پارتی ویەکێتی  لەدەسەڵات بمێنن ،دەبێ بڕۆن لەدەسەڵات نەمێنن پێویستە خەڵکی کوردستان بەتایبەتی خەڵکی ناڕازی هێزی ناڕازی خۆیان ڕێکخراوبکەن کە بەجۆڕێک خەڵک  خۆی کۆمەڵگە لەڕێگەی شوراکانی یەوە بەڕێوەبەرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.