بەیاننامەی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان دژی کوشتنی ژنان

0
زیاتر لە سی ساڵە کوردستان لەناو کێشمەکێشەسیاسییەکاندا غەرق و نغرۆ بووە، هەر لە جیاکاری، ستەم و توندوتیژی لە دژی ژنان بۆ چەندین دیاردەکەی کۆنەخوازانەی تر.
یەکێک لە دیاردە بەرجەستەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان و هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و بێڕێزی کردن بەکەسایەتی ئینسانی ژن بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە ئاستی کۆمەڵگەدا بەڕێوەدەچێت، لەڕووی کۆمەڵایەتی، یاساییەوە و میدیاییەوە «فرەژنی» وەک کاڵایەک ڕۆژانە کۆمەڵگە گوێبیستی دەبێت، گێچەڵی سێکسی و هاندانی توندووتیژی لە مینبەرە فەرمییەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکان، میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە وەک ژەهر دەڕێژرێت و سوکایەتی و هاندان بۆ بەکەم دانانی ژن دەکرێت.
لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسییەوە و برەودان بە فەرهەنگی پیاوسالاری، ئایینی و نامووسپەرستی و جیاکاری لەلایەن دەسەڵاتەوە، وایکردوە بە ئاسانی هەڵگرانی ئەم فەرهەنگە ببنە هۆکاری بەردەوامی کوشتنی بە لێشاوی ژنان، هەزاران کچ و ژن بوونەتە قوربانی ئەم فەرهەنگە دواکەوتووە و، دیاردەی ژنکوژی بووەتە قێزەونترین مەسەلەی ئەم کۆمەڵگەیە و مۆری ڕەشی لە نیوچاوانی دەسەڵات و سیستمی پیاوسالاری داوە، کە ساڵانە ئاماری کوشتنی ژنان بەردەوام بێت و بەپێی ئامارە فەرمیەکانی دامودەزگاکانی حکومەت ساڵانە بە ڕێژەی (٥٠) ژن دەکوژرێت، ئەمە لە لایەک لە لایەکی دیکەوە ئاماری ڕاست و درووست هەتا بەردەستیش نییە، کە ئێمە وەک (ڕێکخراوی سەربەخۆ) دڵنیاین کە هەندێ لە کوشتنەکانی ژنان دەشاردرێنەوە بە کوشتن ئەژمارناکرێن بەڵکو دەکرینە ڕووداو و خۆکوشتن. لە لایەکی دیکەوە خۆسوتاندنی ژنان و سوتاندنی ژنان بەشێکی دیکە دەچیتەوە ناو چوار چێوەی کوشتن بەناوی ناموس کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ژنان لە ژێر فشاری خێزان و کۆمەڵگادا ووتەکانیان دەگۆڕن لەگەڵ ئەوەدا چەندین ڕێکخراوی ژنان لە ماوەی ڕابردوودا چالاکی جۆراو جۆریان ئەنجامداوە، شەونخۆنی، خۆپشاندان، کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی، نوسین و فشاردانان لەسەر دەسەڵات بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی گوێبیستی داوا مەدەنیەکان نیە و پشتگوی خستوە..
ئیمە وەکو ڕیکخراوی سەربەخۆی ژنان دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان بەدژی کوشتن و سوکایەتی کردن بەژنان هەڵدەبڕین و ئەم دۆزەخەی کە یەخەی کۆمەڵگاو ژنانی گرتووە ئەبیت کۆتایی پێبێت.ئەبیت ژنانی کوردستان بەرەو دۆخیکی باشتر بڕوات، ئەمەش بە خەباتی لیبڕاوانەی ژنان خۆیان و بە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و هەموو ئەوانەی کە لەدژی هەرستەم و نایەکسانیەکی کۆمەڵگا بەدەنگ هاتوون.
ئیمە بانگەوازی تەواوی ژنان و پیاوانیک دەکەین کە خۆیان بە هاوبەشی ئامانجەکانی ئیمە دەزانن و دڵیان بۆ باشترکردنی ژیانی ژنان و کۆتایی هینان بە کوشتنی ژنان و جیاکاری لێدەدات،با پیکەوە ئەم خەباتە بکەین و کۆمەڵگایەکی مەدەنی و ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بگەڕینینەوە بۆ تەواوی کۆمەڵگا.
ڕیکخراوی سەربەخۆی ژنان
١٨/٨/٢٠٢٥
Leave A Reply

Your email address will not be published.