لەکوێی دنیادا فمنیست یان رزگاریخوازانی کۆمەڵگا خزمەتکاری هەیە جگە لەکوردستان؟
ئەڵتەرناتیڤی شورایی سەبارەت بە بارودۆخی چەوسانەوە ونایەکسانی وتوندوتیژی کچان وژنان و هۆکارەکانی کوشتن و بەردەوام بوونی ئەنجام دانی توندوتیژی وکوشتنەکانی ژنان و چارەسەر بۆ کەمکردنەوە وکۆتایی هێنانی کۆشتن وتاوانەکان دژ بەکچان وژنان بە پێویستمان زانی دیدارێک لەگەڵ نوسەر و بەرگری کار لەمافەکانی ژنان خەندان حەمە جەزا ئەنجام بدەن .
ئامادەکردنی/ ئاوات ڕەسوڵ
ئەڵتەرناتیڤی شورایی :وێڕایی ئەوەی ژنان بەشداری بوارەکانی حیزبایەتی و هەڵبژاردنەکان و ئیدارە کارگێڕییەکانی حکومەتدا دەکەن بەڵام هۆکار چییە ڕێژەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان وکچان لەکۆمەڵگەی کوردستان لەزیادبووندایە ؟

خەندان حەمە جەزا : توندوتیژی بەتەنها دیاردەنییە تاکو ڕێژەمان بۆگرنگبێ! بەڵکوپرسێکی سیاسی کۆمەلایەتی رەگەزی چینایەتییە کە کۆمەڵێک فاکتەر بە زیندوێتی ڕایگرتووەو بەردەوامی پێدەدات.
بەنمونە فاکتی کۆمەلایەتی : مارەی، بەزۆر بەشودان، ژن بەژن، مارە بەجاش، زەواج لەقۆناغی هەرزەیدا، نەخوێندەواری، سولحی خێڵەکی بە مێینە، پاراستنی شەرەف زۆریتر.
فاکتی یاسای : پایەیەکی پتەوە لەڕێسا بۆ ڕێکخستنی رەفتاری تاک لەکۆمەڵگادا .لەکۆمەڵگای خێڵەکی داخراودا یاسا دژ بە سەروەریی و ئازادی ژنن ، بەپاساوی ژن شەرەفی بنەماڵەو خێڵ دەپارێزێ وە یاساکان لەشەریعەتەوە سەرچاوەدەگرن .
فاکتی مەزهەبی و ئاینی: بەدرێژای مێژوو هەموو ئاینە ئاسمانییەکان دژ بە رەگەزی مێینەبوەو بەنەفرەتی کردووە .
ژن لەئایندا تەنها بوونەوەرێکە لەپێناو خاڵیکردنەوەو خزمەتکردنی پیاو .
فاکتی ئابوری : جگەلەوەی ئابوری سەربەخۆ دەنگی ئازادو بوێر دەهێنێ بۆتاک هۆکارێکی گەورەشە بۆئاشتەواویی و کەمبوونی توندوتیژی!
لەئیستادا کوردستان لەژێر هەرەشەو فشاری زۆری ئابوریدایەو پیاوان بەرپرسیارێتی بەشی شێریان بەردەکەوێ .
فاکتی سیاسی : کە لەکۆمەڵگای خێڵەکیدا نەخشی زۆری دەبێ لە بەباڵادەستی چینێک بەسەر چینێکیتردا وەدەبێتە هۆکار بۆ جیاوازی چینایەتی و رەگەزی و جوگرافیایی.وە ڕێگرە لەبەرەو پێشچونی پێگەی ژن .
فاکتی پەروەردەیی : سیستەمی پەروەردەی لەخێزان ، قوتابخانە سیستەمێکی داپلۆسێنەری جیاکاری رەگەزی ناوشیارە.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی: زۆر جار نوسەرو سیاسی یەکان هۆکاری چەوسانەوە و توندوتیژی و کوشتنەکان بۆ زاڵبوونی بیروباوەڕی دینی دەگەڕێنەوە یان بۆ نەبوونی یاساکانی سیکۆلار لەناو سیستەمی حکومڕانی کۆمەڵگە بەڕێزت هاوڕایی یان جیاوازتر شیکردنەوەی بۆ هۆکارەکەی دەکەیت؟
خەندان حەمە جەزا : نوسەر یان سیاسی نێرینەی ئەم کۆموڵگا شەڕانگێزە سمێڵ سالارەن ، کەیەکێک دەکاتە کەڵەگاو ئەویتر ژێردەستەو کۆیلە کۆی سیستەمەکە بەڕاستو چەپیەوە بەسەلەفی و علمانییەوە لەدژی ئازادی ژنانن و لەڕێگای دوو مینبەری دژ بەیەک شکۆی مێینە دەشکێنن .
چ مینبەری ئاینی یان ئازاد غەریزە ئاکتڤ دەکەن و ئەقڵ پاسیڤ . هەردووکیان ژنیان کردۆتە کاڵا !
یەکێکیان خێمەیەکت ئەیا بەسەرا لەپێناو بوونت بەحۆری ئەودونیا ، ئەویتریان رووتتت دەکاتەوە لەپێناو بوونت بەحۆری ئەم دنیا.
هەردوکیشیان لەپێناو شەهوەتی نێردا.
ئاشکرایە ژن کاتێک نابێتە پلە دوو وە ناچەوسێنرێتەوە کە دەسەلاتی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی و پەروەردەی هاوبەشبێ واتا هاوتەریب یان بابڵێین سیستەمی هاوسەرۆک تەواوی دونیا کێشەی لەسەر دەسەڵاتی رەهایە، کەواتە نێرینە کەخاوەن دەسەڵاتن ئامادەنین بەشیکەن لەگەڵ منی ژن، بۆپاراستنیشی سود لەئاین ویاسا یان فەرهەنگی خێڵ دەبینن .
ئەڵتەرناتیڤی شورایی : ئایا چارەسەری کێشە و کەم کردنەوەی توندوتیژی وکوشتنی ژنان پێویستی بە هەبوونی ڕێکخراوی ژنان هەیە ؟ هەڵسوڕاوان وچالاکوانانی ژنان دەڵێن پێویستە ژنان ڕێکخراوبکرێن بۆ ئەوەی لەچەوسانەوە و توندوتیژی و نایەکسانی ڕزگاریان بێت بەڵام خۆشیان وەک هەڵسوڕاوان وچالاکوانی ژن و نووسەران بەشێکی زۆریان دابەش بوون بەسەر ڕێکخراوەکانی ژنانی حیزبەکاندا پرسیارە کەئەوەیە بۆچی ژنان نەیان توانیووە ڕێکخراوێکی ئازادیخوازویەکسانیخواز لەدەرەوەی پەیوەست بوون بەحیزبەکان دابمەزرێنن کە بەرگری لە ئازادی ویەکسانی بکات ؟
خەندان حەمە جەزا : بوونی ڕێکخراوی ژنان یان هەردامەزراوەیەکی یەکگرتوو یەک هەلوێست زەرورە و دەکرێ ببێتە هێزی فشار لەکۆمەلگادا.
ئەما هەڵەیەکی باویی هەمیشەییە کاتێک باسی ڕێکخراوی ژنان یان رێکخراوی کۆمەلگای مەدەنی دەکرێ ڕێکخراوەحیزببیەکانی ژنان و لاوان و سەندیکاو هونەرمەندانی لایەنگری لەسەر حساببکرێ !
دەبێ جیابکەرێنەوە لەدەنگو خەباتی سیکولارو ئازاد!
ئەجنداو ستراتیجی رێکخراوی حیزبی وابەستەیە بە ئایدۆلۆژیای حیزبی ، ئامانج کۆکردنەوەو رێکخستنی زۆرترین ئەندام و هەوادارە بۆ حیزبەکەی کەلەشکلی خێل و تەکێ جیاوازترنییە.
بەبروای من گرفتی ئێمە لەنەبوونی کەسانی چالاکوان و ژمارەی ڕێکخراودا نییە!
بەڵکو کێشەمان لەگەل چۆنێتی بیرکردنەوەی ئەم کەسانەیە.
لەکوێی دنیادا فمنیست یان رزگاریخوازانی کۆمەڵگا خزمەتکاری هەیە جگە لەکوردستان؟
شۆرش دژی چەوساندنەوەو ژێردەستەیی و جیاوازی رەگەزی بەڤیستڤال و هەلپەرکێ و دانولەو پیرخەنینە ناکرێ .
دامەزراندنی ڕێکخراوێکی ئازادیخواز ،دیموکرات ،سیکولار لەدەرەوەی ئەحزاب پێویستی بەئەقڵی ئازادو هێزی یاخییە.
یاخی لەنەریت لەفەرهەنگ لە خێڵ لەمارکێتی باو لەکۆیلەبوونی کۆمپانیاکانی بەبوکەڵەکردنی جەستەو هزری ژنی پلاستیکی .
ئەڵتەرناتیڤی شورایی :ساڵانە چەندین کۆڕو کۆبونەوە و کۆنفرانس وکۆنگرە سەبارەت بە کێشە وتوندوتیژی وکوشتنی ژنان و ئامارەکان بڵاودەکرێتەوە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە بەڵام توندوتیژی و کوشتنەکانی ژنان وکچان بەرەو زیادبوون دەچێ هۆکارەکەی چی یە ؟
خەندان حەمە جەزا : زۆری ژمارەی کۆنفرانسەکان ئاماژەنین بۆ ستراتیجێکی دروست بەرەو ئامانج !
بەرنامەی بەرنامە چەنێک کاریگەری لەسەر کەم بوونەوەی گەندەڵی داناوە کۆنفرانسەکانیش هەرئەوەندە کاریگەربوون لەسەر گرفتی ژن.
خەبات و شۆرش لەئوتێل تایتانیکەوە توانای گۆرینی یاساو ڕێسای نییە لەسیستەمێکی نێرسالاردا.
یان با بپرسین ئەجندای زیاتر لەهەزار کۆنفرانس لەماوەی ئەم ٣٥ ساڵەدا ئاراستەی کێ کراوە؟
تەکێی پەرلەمان یان سەرۆک خێڵی خاوەن میدیا زەبەلاحەکان ؟
لەزۆر کۆمەڵگادا خەباتی ژنان لەژێرزەمینەوە توانی بەر لەتوندوتیژی بگرێ لەسەر زەوی.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی :جگەلەوەی لە کوردستان و ڕۆژهەمەڵاتی ناوەڕاست ژنان بێ ماف دەکرێن و دەچەوسێندرێنەوە ژنان لەوڵاتانی سەرمایەداری ئەمریکا وکەنەدا و ئەوروپاش دەچەوسێندرێنەوە لەبەشێک لەوڵاتان هەقدەست و موچەی ژن کەمترە لەپیاو هەر ئێستا لەفەڕەنسا فەرمانبەران لەپێدانی موچە وهەقدەست جیاوازن هی ژنان کەمترە لەپیاوان ڕێکخراوەکانی ژنان وفیمینیستەکان وچەپەکان لە ٨ی مارسی ئەم ساڵ داوایی موچە وهەقدەستی یەکسانیان دەکرد پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ڕزگاری ژنان پەیوەندی نیە بە خەباتی چینایەتی چینی کرێکارەوە واتە ئایا بەبێ ڕزگاری چینی کرێکار ژنان دەتوانن ڕزگار بن لە چەوسانەوە ونایەکسانی وتوندوتیژی ؟ بە بۆچوونی ئێوە بۆ ڕزگاری ژنان دەبێ چ بکرێت ؟
خەندان حەمە جەزا : ئەی بۆ ناپرسی ئاخۆ دۆخی ژنان لە کوبا و ڤێتنام و کیناو کۆریا و لاوس وبلاروسیاو فێنزوێلا چۆنە ؟ خۆزگە چەوساندنەوەی ژنانی خۆر هەڵاتی ناوەراست تەنها جیاوازی موچەبووایە، نەک لەسەر ماچێک خەڵتانی خوێنبکرێی، جیاوازی موچە چەوساندنەوە نییە بەڵکو إستغلالە .
بەبروای من جیاوازی سیستەمی سەرمایەداری، کۆمەنستی، مەزهەبی ، خێڵەکی لەخزمەت پاراستنی دەسەڵاتی نێردان !
ئەما بەرەنگ و ڕێژەی جیاواز . خەباتی چینایەتی چینی کرێکار ئەمرۆ لەکوردستان هێندە بودەڵەکراوە کە تەواوی هێزو توانای ژن خراوەتە خزمەت خەباتی دۆڵمەو کفتە، سەروبەست و لیرەو گۆبەرۆک .
کوردستان لەسەرەتای زانستی ئیتنۆگرافی و ئەنترۆپۆلیژیدایە و خەباتیش لەقۆناغی بتشکاندندایە .