دەست پان مەکەوە، دەست هەڵبڕە !

هەڵگورد باڵەک
دوو گرووپی بازرگانی سیاسی و داردەستی وڵاتە ئەقلیمیەکانن، هەرچی خراپە دەرخواردی مللەتی خۆیان دەدەن و نەخۆشیان دەکەن، دەستیشان بەسەر کەرتی تەندروستیدا گرتووەو خاوەنی دەیان نەخۆشخانەی زەبەلاحن.
لەهەمان کاتدا متمانەیان بە ستاف و دەرمانەکانیان نییە ئەگەر خۆیان نەخۆش بکەون. لە بواری پەروەردەشدا هەنگاوی زۆریان بڕیوە کە کەرتی پەروەردە لە حکومییەوە بکەنە ئەهلی و سەدان ناوەندی خوێندنیان کردۆتەوە، لە هەمان کاتدا مووچەی فەرمانبەران نادەن و یەک کەسیش دانامەزرێنن.
لەبواری هاتووچۆدا، دەیان باجیان سەپاندووەو چەندەها کۆمپانیای پشکنینی ئۆتۆمبێل و کامیرەی چاودێرییان داناون و ڕێگە بە کەسیش نادرێت کە ئۆتۆمبێل و کەرەستە بە کوالیتی بەرز بێنێتە نێو هەرێم. ئەوانە دەستیان بەسەر خێر و بێری کوردستاندا گرتووەو وەک پاشا لێی دەژن و دەخۆن و دەبڕن و دەدزن و دەکوژن، چڕکردنەوەی جیاوازی چینایەتی سەربارو بن بار، هێشتا چینە قڕکراوەکە دەهۆڵ و زۆرنا بە پڕەکە لێ دەدات، ئاخر چ هیوایەکم بەو کۆمەڵگە زەلیلکراوە هەبیت!
بەسیتەم و بەرنامە خەڵکیان لە رابردوو کردە مووچە خۆر، بەهەزارانیان کردە چەکدار وەک پەرژین و بۆ پاراستنی خۆیان.
ئێستا لە جیاتی پێدانی مووچەکانیان تەنها دەمیان چەور دەکەن، سەیر لەوەدایە مووچەکانیان پێنادەن، کەچی پلەیان بەرز دەکەنەوە، ڕۆژانەش دەیان ووتاریان بۆ ڕێکدەخەن و خۆیان وەک فریشتە نیشان دەدەن و کۆتا شت چەپڵەیەکیش مسۆگەر دەکەن.
ئاخر بەناو هێزی نەتەوەیی و ئەمنی، مەگەر تۆ نابینی و نابیستی کە ئەوانە هەڵت دەخەڵەتێنن و دەتگەوجێنن، تاکەی خۆت ناناسی دەنگدەری بەڕێزو چەپڵەلێدەری چەوساوە! کەی دەزانی ئەرکی ڕاستەقینەی تۆ چییە! تۆزێک ووشیاری ، تکایە ئینجا کەمێک بوێری. چەپڵەلێدەری داماوو خڵەفاوی بەڕێز لەگەڵ تۆمە، چیتر چاوەڕێی چینەکانیتر مەبە، چونکە دەسەڵات هێشتا فرچکی نەکردووە بە مەسەلەی مەدەنی بوونی، ئەو خۆی پەناداوە و پشت گەرمە بەتۆی چەکدارو دەنگدەر، کورت و پووخت ئەوەی دەستەڵات دەیهەوێت بەئازادی بۆ خۆی فەراهەم بێت، تۆ بۆی ئەنجام دەدەی.
لەکاتێکدا خۆت بێ مووچە و بێ خانەو بێدەرەتانی. بەهەزارانتان کرێچین، بەهەزانیتر خەرجی نەخۆشێکتان نییە. هەتا سەدانجار لە مزگەوتەکان دەست پان دەکەنەوە. بۆیە دەڵێم دەست و دەنگتان هەڵبڕن، تا دەستان پان نەکردۆتەوەو لەژێر ستەم و حوکمی کاندیدو سەرمایەدارە هەڵتۆقیوەکانی ڕابردوو داهاتوو پان نەبونەوە …