شێوەکانی سیاسەت
ئەکرەم سەعید
١– شێوەکانی سیاسەت
سیاسەتی دەسەڵاتداران هاوشێوەی خودا”ئۆدین”ە*، کە بەپێی پێویست توانای گۆڕینی خۆی هەیە بۆ فۆڕمی جیاواز .
هەفتەێک لەمەوپێش ترەمپ دوو غەواسەی ئەتۆمی نارد بۆ نزیک ڕووسیاو مەترسی جەنگی ئەتۆمی زیادی کرد، بەڵام لەپڕ دوای کۆبوونەوەی ستیڤ ویتکۆڤ لەتەک پۆتین، دیمەنەکە گۆڕاو بڕیاردرا پۆتین و ترەمپ کۆببنەوەو کێشەکان چارەسەرکەن.
هەڵبەتە نە هێندە سانا جەنگی ئەتۆمی ڕوویدەدا و نەهێندەش ئاسانە کێشەی جەنگی ئۆکراینا چارەسەر بکرێ. هەر لە دوێنێوە لێپرسراوانی(ئۆکراینا، فەرەنسا، ئەڵەمانیا و ئینگلتەرا)کۆسپ دەخەنە بەردەم هەوڵی ڕێکەوتنی ترەمپ و پۆتین.
بیریشمان نەچێ چەند مانگ لەمەوبەر بڕیار بوو ئەو دوو سەرکردەیە لە ئەستەمبوڵ کۆبوونەوە بکەن، بەڵام بە لێدانی فرۆکە ستراتیژەکانی ڕووسیا کۆبوونەوەکە نەکرا. دوێنێ بۆردومانی کارگەی درۆنەکانی ڕووسیا کرا، ئایا کاری دی دەشێ ڕووبدات بۆ پەکخستنی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا؟!.
لە سیاسەتی بۆرژوازەکاندا هەموو شتێک مومکینە و شێوەکانی سیاسەت زۆر بە خێرا دیمەنی خۆی دەگۆڕێ.
۲/ چەک و سیاسەت
چەک ئامرازێکە بۆ ئازادی یان بۆ سەرکوت، بۆ بەرگری مەشروع یان بۆ پەلاماری نامەشروع؛ کەواتە گرنگی لە ئامرازەکەدا نییە کە چەکە، بەڵکە لەو سیاسەتەدایە کە زاڵە بەسەر چەکەکەدا.
لە ساڵانی هەشتاکانەوە زۆر ڕێکخراوی چەپ لە ئاسیا و ئەمەریکای لاتین چەکیان داناو چوونە نێو پرۆسەی ئاشتی، کە لەڕاستیدا هیچی لە چەوسانەوەی چینی بۆرژوازی نەگۆڕی. ئەمڕۆکەش باسی پرۆسەی ئاشتی و چەک دانان لە(سوریا، لوبنان، ئێراق و حوسیەکان لە یەمەن)دەکرێ.
هەڵەبەتە چەکی دەستی ئەو لایەنانە کە زۆربەیان باڵەکانی ئێرانن بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی خەڵکی ناوچەکە نییە، بەڵام ئەوانەشی کە داوای چەکدانان لەو ڕێکخراوانە دەکەن هیچ ئامانجیان ئاشتی و دیموکراسی نییە، بەڵکە ئەوە کێبڕکێی دەسەڵاتی دەوڵەتەکان و لایەنە جیهانییەکانە لەسەر دەسەڵات بەسەر پانتایی جوگرافی ناوچەکەدا بۆ بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی.
دەنا میلیشیاکانی(بەرەی نوسڕە بەسەرکردایەتی ئەبو مەحەمەدی جۆلانی)کە داوای چەکدانانی دروزەکان دەکەن، یان حکومەتی نواف سەلام لە لوبنان کە داوای چەکەکانی حیزبوڵڵا دەکات؛ یانی نە ئەو چەکانە ئازادی و خۆشگوزەرانی بەدیدەهێنن و نە ئەوانەی داوای چەکداماڵین دەکەن مەبەستیان ئاشتی و دیموکراسییە.
ئێمە لە نێو دونیاێکی دڕندەدا دەژین دەشێ خوێنی ملیۆنەها ئینسان بڕێژێ و ئەنجامەکەشی لە سوود بۆ تاقمێک زیاتر هیچی دی نەبێ، بەڵگە شەڕی چەند ساڵەی چەکدارانی پارتی و یەکیەتی لە کوردستانی عێراق، جەنگی پارتیزانی جەنگاوەرەکان لە کوبا و ڤێتنام،، هتد. کاتی دەوێ تا ئەو چەکانە پەیدابن بەدەستی جەنگاوەرانێ کە سیستەمی سەرمایەداری خاپور بکەن.
———————————
* لە ئەفسانەکانی وڵاتانی سکاندیناڤیا خوداوەند”ئۆدین” توانای گۆڕینی شێوەی خۆی هەیە. ئۆدین بە توانای گۆڕینی بۆ ئاژەڵە جۆراوجۆرەکان، وەک ماسی، باڵندە، یان ئەهریمەن ناسراوە.
