یاداشتێکی ھاوبەش:لەبارەی مەحکوم کردنی دادگایی کردنی ڕۆژنامەنووس وچالاکوانانی کوردستان
یاداشتێکی ھاوبەش لەبارەی مەحکوم کردنی دادگایی کردنی ڕۆژنامەنووس وچالاکوانانی کوردستان
بەرێزان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەریی لە ھەرێمی کوردستان
لەم چەند رۆژەدا دادگایی ڕاسپێردراو لە کەیسی کۆمەڵێک کەس کە ھەندێکیان ڕۆژنامەنووس و ھەندێکیان لە بواری چالاکی مەدەنی کاریان کردوە، دادگا بە شەش ساڵ زیندانی حوکمی دان.
ھەڵبەتە دادگایی کردنی ئەو ژمارە کەسە ھاوکات بوو لەگەڵ چالاکی ناڕەزایی سەبارەت بە ڕەوشی بژێوی و دارایی خەڵکی کوردستان و بانگەشەکردن بۆ خۆپیشاندان، و بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی کە تا ئێستا یاسایەک لە ھەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنی نییە.
پێش ئەوەی کار وچالاکی بکرێت ئەو کەسانە لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشەوە گیروان و دووای چەندین مانگ گرتن کە بواری سەردانیان نەبوو پێشکەش بە دادگا کران و بە کۆمەڵێک تومەت حوکم دران.
دادگایی کردنی ئەو ژمارە کەسە لەم ھەلومەرجە و بارودۆخەدا کە بابەتەکەیان بۆتە مەسەلەیەکی ڕای گشتی و زانیارەکانیش بۆ خەڵک نادیارە و ئەم کەیسە بەم تەمومژاوییە لە مامەڵەکردن لە گەڵیدا دەبێتە ھۆی ناڕەزایی ڕای گشتی ناوخۆیی و جیھان، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین بە شێوەیەکی فەرمی و لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمی دادگایی و یاسادا ئەو بریارەی دادگا پلەی یەکلاکەرەوە وەرنەگرێت و کارێک نەکرێت کە بە ھیچ شێوەیەک گومان لەسەر سەربەخۆیی دادگای کوردستان بکرێت.
ئەم یاداشتەی ئێمە لە ڕوانگەی ڕێزگرتنە بۆ حوکمی یاسا و سەربەخۆیی دادگا و پاراستنی ھەیبەتی ئەزمونی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری قانوندا لە نێو دۆستانی و بەرگریکردن لێی بەرامبەر نەیارانی.
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
حزبی شیوعی کوردستان
بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
١٧ی شوباتی ٢٠٢١