ئیتر بەسە دەست لەپاساودانی تاوانەکان بەنەخۆشی دەرونی هەڵگرن!

0

کاوە عومەر

ئەوە دەسەڵات وسیستەمە تاوانکارو نەخۆشەکەتانە کەپێویستی بە چارەسەرو گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە کاتێک بۆ پاساودانی تاوانێک،یەکسەر دەڵێن تاوانبارەکە نەخۆشی دەرونی هەبوو،بەئاگا یان بێ ئاگا لەلایەک سوکایەتی بە نەخۆشە دەرونیەکان دەکەن و لەلایەکی تریشەوە دەیانەوێت نەخۆشە دەرونیەکان وەک مرۆڤی تاوانبارو بێ پرەنسیب ومەترسیدار نیشانی کۆمەڵگە بدەن.

 

کە دورە لەڕاستییەوە. بەپێچەوانەوە زۆربەی نەخۆشە دەرونیەکان قوربانی توندوتیژی کۆمەڵگەن.
قوربانی خراپی باری ئابووری و ئەو کارەسات وتراژیدیە ڕۆژانانەن کە لەماڵ وکۆڵان وشارو شاشەکانەوە دەیبینن ودەیبیستن،قوربانی دەستیوەردانن لەژیانی تایبەتیاندا کەبەبیانووی کلتوری وئاین وخێڵەکی وپەیڕەونەکردن یان ملکەچکردنیان بۆ ئەوەی کە وەک ئەوەی کۆمەڵگە دەیەوەێت بژین نەک وەک ئەوەی کە خۆیان دەیانەوێت.
بەڕای من نەخۆشە دەرونیەکانیش وەک هەموو تاکەکانی تری کۆمەڵگە کەسانی توندوتیژ و ناتوندوتیژ وئارام و بێ ئارامیان تێدایە و دواتر ئەگەر کەسانێک باری دەرونیان بەو ڕادەیە تێکچوبێت کە مەترسی کاری توندوتیژیان لێبکرێت دەبێت ببرێنە نەخۆشخانەی تایبەت وچارەسەر بکرێن نەک لەناو کۆمەڵگەدا وەک هەر ئینسانێکی ئاسایی کاریان پێبدرێت و ژیان بەسەر بەرن.
لە هەموو جێگایەکی دونیا تاوان وکوشتن وگرفان بڕین ڕوو ئەدات.بەڵام یاساو ڕێسایەک نیە بۆ هاندانی ئەو تاوان وتوندوتیژیانە.
بەتایبەتیش ئەو تاوان وتوندوتیژیە کۆمەڵایەتی وخێزانیانەی کەلە کوردستان وزۆرێک لەوڵاتانی ناوچەکە ڕوو ئەدەن.
لەزۆر بەی وڵاتان ئینسان لەسەر دزی ناکوژرێت بەڵکوو دەدرێتە دادگا و سزا دەدرێت ئینسان لەکاتی ڕوبەڕوو بوونەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی وخێزانیدا پەنا بۆ هێزنواندن و توندوتیژی نابات وباوەڕی بەیاسا ودادگاکان هەیەو دەڕوات لە دادگا مافی خۆی وەردەگرێت.
نەک خۆی ببێتە دادوەرو جەلاد وسزای تاوانبار بدات وەک ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت.
هۆکاری ئەو هەموو تاوانە خێزانی وکۆمەڵاتیەی لە کوردستان هەیە خودی دەسەڵات وسەرۆک وسەرکردەکانیەتی.
نەبوونی سیستەمێکی دادوەری متمانە پێکراوی بیلانەبە،نەبوونی پەروەردەیەکی ناتوندوو تیژە.
ئاخر مرۆڤ ،هاوڵاتیانی سادە کاتێک دەبینن حزبە سیاسیەکان کوتلە پەڕلەمانیەکانیان و لەکاتی ململانێ وکێشەکانیاندا لەجیاتی ڕەخنەی زانستی ولۆژیکی وسەلمێنەر پەنا بۆ چەواشەکاری وسوکایەتی وتۆمەتبارکردن وپەلاماری فیزیکی یەکتەر دەبەن و هێزی چەکدار لەبەرانبەر یەکتردا بەکار دەهێنن و ئەگەر نەشیان توانی پەنا بۆ هێزو لەشکری داگیرکەران دەبەن کێشەکانیان لەگەڵ یەک لای بکاتەوە وهێزەکەی بەرانبەریان بۆ لاواز یان تێک بشکێنێت،کاتێک سەرۆک وسەرکردەکان لە وەڵامی ڕەخنەی ڕۆژنامەبوسان وهەڵسوڕاوانی سیاسی و خۆپیشاندەران بە تیرۆرو تۆقاندن وتۆمەتبارکردن وزیندانی کردن ئەدەنەوە.
کاتێک سەرۆکی حزب لە شاشەی تیڤیەکابەوە سوکایەتی بە هاوڵایان دەکەن هەڕەشەیان لێ دەکەن وهتد ستەم لێکراوانیش دادگایەک نیە پەنای بۆ بەرن .
ئەوکاتە تۆڵەسەندنەوەو توندوتیژی و بونە دادوەرو جەلادیش لە
کۆمەڵگەدا تەشەنە ئەسەنێت و تاوانکردن دەبێتە دیاردەیەکی ڕۆژانە.
بۆ بەرگرتن بەم تاوانانەو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ناتوندوتیژوو وشیار پیوستیمان بەگۆڕانکاری ڕیشەیی لە دەسەڵات وپەروەردەو سیستەمی دادوەری و گۆڕینی زیندانەکانە بەقوتابخانەی بەرهەم هێنانی ئینسانی ناتوندوتیژوو بەرهەمدارە نەک باندی مافیاو مرۆڤی دڵڕەق وتۆڵەسێن.
پێوستمان بەدەسەڵات وکۆمەڵگەیەک هەیە کە نەخۆشە دەرونیەکان چارەسەربکات وهۆکارە ئابوری وکلتوری وفیزیکیەکانی نەخۆشی دەرونی بنبڕو چارەسەر بکات و یان زۆر کەمیان بکاتەوە و واز لە وە بهێنن کە ئیترئەستۆی خۆیان لە بەرپرسیارێتی وەرگرتنی تاوانەکان بە توشبوون بەنەخۆشی دەرونی تاوانبارەکان پاساو بدەن لەبەرئەوە،پێویستمان بە دامەزراندنی سیستەمکی ئینسانی ئازادو یەکسان وخۆشگوزەران هەیە کە دادوەری تێیدا سیستەمێکی بێ لایەن وسەربەخۆی وئاشکراو شەفاف بێت،پێویستمان بەخویندن وپەروەردەیەکی زانستی وئینسانی وناتوندوتیژ هەیە و دەبێت خەباتی لێبڕاو دەمودەست بۆ هینانەکایەو دامەزراندنی بکەیت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.