پێویستی گۆڕینی ڕێباز لە رەخنە بۆ کردەوە لە پێناو رزگار کردنی گەنجانی کورد

0

نەجیبە محمود

لە دیمەنی کارەساتی کوشتنی سێ گەنج لە بەنزینخانەی هەوڵێر ،ئەوەیش بەو خوێنساردی و بێباکەیەی کارمەندی بەنزینخانەکە ،پێمان دەڵێت ، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و کولتووری لاوانی کورد لە هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە ، تا چەند ئەو دەسەڵاتە بیر لە گرنگی پەروەردەکردن و ڕاهێنانی نەوەیەکی نوێ دەکاتەوە کە توانای بیرکردنەوە و کرداری سەربەخۆی هەبێت دور لە توندوتیژی .

 

دەسەڵاتی کوردی لەبری ئەوەی سەرمایەگوزاری لە پەروەردەدا بکات، گەنجانی بەرەو میلیتاریزم هانداوە و لە ئەنجامدا کۆمەڵگایەکی خاوەن کولتوور و بیرکردنەوەی لاواز و تووندوتیژی دروستکردووە. بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی بێ فەرهەنگ و بێ ئامانج و گرنگینەدان بە پێداویستییە مرۆیی و کولتوورییەکانیش رۆژ لەگەل رۆژ زەقتر دەبێتەوە .

 

بێگومان بەبێ چاکسازی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، گەشەسەندنی ماددی ناتوانێت ببێتە هۆی باشتربوونی ڕاستەقینەی بارودۆخی ژیان و کولتووری کۆمەڵگا. ئەم بارودۆخە پێویستی بە لێکۆلینەوەی جددی و گفتوگۆی قووڵتر هەیە سەبارەت بە داهاتووی گەنجان و کۆمەڵگا و تیشک بخاتە سەر پێویستی گۆڕانکاری بنەڕەتی. ئەم بارودۆخە مەترسیدار و بێهیوایی و بێ باکییە ئاماژە بە کێشە قووڵەکانی بەردەم گەنجانی کورد دەکات.

 

بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە تەنیا ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و دۆخی ئێستا بەس نییە. پێویستمان بە بەرنامەیەکی هەمەلایەنە و کردەیی هەیە کە نەک تەنیا لەسەر پەروەردە، بەڵکو هاندانی گەنجانیش بۆ بەشداریکردنی کارا لە کۆمەڵگەدا. ڕەخساندنی هەلی کار و پاڵپشتیکردنی بیرۆکەی داهێنەرانە، و ڕەخساندنی فەزایەک بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و بیرکردنەوە لە نێوان گەنجاندا هەیە.

 

بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە ئەگەرنا، تەنها ڕەخنەگرتن نامانگەیەنێتە هیچ شوێنێک و گەنجان زیاتر لە جیهانێکی بێهیوادا بەجێدەهێڵدرێت ..

Leave A Reply

Your email address will not be published.