فەرهەنگی تەنەکە !

فارۆق عمر
کۆمەڵگەیێک خەریک بێ تەنەکە بیخوات، چاوەڕوانی لەوێدا رۆح بوونی هەبێ یان دادوەری بمێنێ. ئێمە لە شوێنێکا هەناسە دەدەین، کە بەهێواشی خەریکە خاڵی دەبێتەوە لە رۆحی مرۆڤ، مرۆڤێک کە چیدی هەڵگری رۆحێکی پڕ لە میهرەبانی و چاکەخوازیی نییە.
زۆرێک لێرەدا خێرا تووڕە دەبن، ئەوان لەبەردەم زانینی ئەو هەستەدا تووڕە نابن کە دەبینین رۆحی مرۆیینەیان وونکردووە، بەڵکو لەبەردەم ئەو هەستەدا دەتۆقێن کاتێک بیریان دەکەوێتەوە کە ئەوان چیدی مرۆڤنین و بوون بە شتێکی دی.
ئێمە فەرهەنگێکمان بەرهەم هێناوە کە سەر بە هیچ شوێنێکی جیهان نییە، لێرەدا پیاو مروەت و رۆحی چاکەخوازی تێدا نەماوە و ژنیشی کردۆتە بوونەوەرێکی خوار خۆی، ئەوان چیدی کۆمەڵێک بووکەڵەن و بوون بە قوربانی کۆمەڵێک خواستی هەنووکەیی بچکۆلە.
پزیشکێک بەرلەوەی پزیشک بێ و خەریکی مامەڵەکردن بێ لەگەڵ پەتا و نەخۆشی و جەستە و گیانێک زیندوو رابگرێ، چاوی لە پادداشتە..
ئەندازیارێک بەرلەوەی ساختومان و رێگەیێکی دروست و ساخ بخوڵقێنێ، ژێری پڕ کردووە لە بۆشی و لەوسەریشەوە چاوی لە پادداشتە.
ئێوە چەند خێرا ئاوا تێکڕا بەسروشتی رۆحی پڕ لە جوانی و گەورەیی کارەکانی خۆتان وونکرد، چۆن هەمووتان ئاوا پێکەوە پێشبڕکێی سامان و سەرمایەی گەورە لە کەللـەی خاو و خاڵیتان هەڵتۆقی.
ئێوە کۆمەڵێک خەڵکانی گوناهن، ماڵەکانتان پڕ کردووە لە خەڵاتی تەنەکە و بەڵگەنامەی تەنەکە و هەر ڕۆژە لە شوێنێکەوە دەپاڕێنەوە خەڵات و بەڵگەنامەیێکی دی تەنەکە وەربگرن.
ئێوە هەر بەوەشەوە راناوەستن کە خۆتان خاڵی و بۆشبن، کەوتوونەتە شوێن ئەوەی کە هەرچی منداڵان و گەنجانی بەدبەختیش هەن فێری ئەوەیان بکەن لە دووی پارچە تەنەکەیێک رابکەن و ملی خۆیانی بۆ بشکێنن.
دەڕۆیتە چێشتخانە خەڵاتی باشترین چێشتخانە و چێشتلێنەر.
دەڕۆیتە چاییخانە خەڵاتی باشترین چاییخانە و چاییلێنەر.
دەڕۆیتە ناو تاکسی خەڵاتی باشترین تاکسی و تەکسیلێخوڕ.
خەڵاتی باشترین شانۆکار و شاعیر و رۆماننوس و ئاوازژەن و حەمامچی و بۆیاخچی و چی و چیتر. خەڵاتی باشترین شار و باشترین گوند و باشترین کۆڵان و باشترین ماڵ و باشترین ژوور و باشترین پەنجەرە.
خەڵاتی باشترین دەرد و باشترین نەخۆشی و باشترین مردن.
خەڵاتی باشترین تەلەفیزۆن و باشترین رادیۆ و باشترین سینەما. خەڵاتی باشترین سەگەوان و پشیلەوان و کەڵەشێرەوان.
ئێوە بیرتان چووە یان خەیاڵی خاوتان ئەوەی تێدا نییە کە لە هەزاران شار و کۆڵان و ماڵتان، لە هەزاران نۆڕینگە و حەمام و چاییخانەتان، لە هەزاران رادیۆ و تیڤی و سینەماتان، لە هەزاران شیعر و رۆمان و چیرۆک و شانۆ و گۆرانیتان، قلە قلەیێکی لێ ناڕواتە نێو ئایندەوە و لەگەڵ مەرگی خۆشتان رۆژگار و بیر و هۆشیشتان دەمرێ.
ئەوەی لە ڕۆژگاری ئێوە دەڕواتە نێو داهاتوەوە، تەنیا چەند تەنێک لە تەنەکە و خەڵات و پاداشتی تەنەکەیە کە ڕۆژگارێک لە نەوەی داهاتوو دەخوازێ تا خاوێنی بکەنەوە.
هەر کەس دەبینی و هەر ماڵێک دەڕۆی خەریکە تەنەکە چاوت دەردەهێنێ، ئەرێ بەراست ئێوە هەر بۆ خۆتان بوون بە تەنەکە یان فەرهەنگی ئێوە بۆ خۆی تەنەکەیە؟
ئەرێ بەراست تۆ بیرت لەوە کردۆتەوە ئەوەی لەپاشی ئێوە جێدەمێنێ هەر تەنیا تەنەکەیە؟