ڕەوابوونی تێكۆشانمان لە بەرنامە‌و گوتارێكی سیاسیی چەپگەراییدایە

0
کاوە مەحموود
بە پێی قۆناغە مێژووییەكانی پەرەسەندنی كۆمەڵَگای مرۆڤایەتی و، تایبەتمەندی بابەتییانەی دژبەیەك و ناكۆكییەكان و، بەهەند وەرگرتنی گۆڕانكاری لە ریزبەندی چینایەتی كۆمەڵگادا، پێناسە و ئەركی چەپ و بنەما هزرییەكانی لە گۆڕانكاریدا بووە.
ئەمڕۆ لە كوردستانی باشوردا، كە باس لە بیرۆكە و ئەركی چەپ دەكەین، ناكرێ ئەم بابەتە لە واقیعی ئەمڕۆی كوردستان بە سەرجەم ناكۆكییەكانی و ململانییەكانیەوە داببڕین و، تەنیا لە چوارچێوەی دەق و بیركردنەوە لە كۆمەڵگایەكی خوازیاری یوتوبیایی، گۆتار سیاسیمان و ئەركی ڕێكخراوەیمان و كاری حزبیمان لە نێو جەماوەردا دابرێژین.
باوەڕبوون بەم ئاراستەیە وا پێویست دەكات ڕێبازی كرانەوە و، قایلبوون بە فرەیی لە بازنەی بوونی چەپدا هەڵبژێرین و، دوور لە عەقڵیەتی دۆگما و نەگۆڕ لەگەڵ بابەتی چەپگەرایی لە كۆمەڵگای خۆماندا مامەڵە بكەین، چونكە بە پێی ڕەوشی كۆمەڵگا و هەلومەرجێكی دیاریكراو دەبێ چاوەڕوانی گۆڕانكاری لە ریزبەندی چینایەتی و هەڵویست و گوتارە سیاسییەكان بكەین.
حزبمان بە پابەندبوونی بە ماركسیزم وەك میتۆد و، بە پێی شوناسی كۆمۆنیستانە و بژاردەی سوشیالستی لە كاتی دامەزراندییەوە و تا ئێستا، ڕەوابوونی خۆی لە پێگە چەپگەرایی دەبینێتەوە، بەڵام مەرج نییە لەگەڵ لایەنی دیكە، كە چەپن یان خۆیان بە چەپ دەزانن بە جۆرێك مامەڵە بكات، كە داوا بكەین ئەوان شوناسی حزبمان كۆپی بكەن و لە سەرجەم هەڵوێستەكاندا وەك ئێمە بیربكەنەوە.
حزبمان خۆی بە مەرجع نازانێت، كە شوناسی چەپ بەسەر لایەنی دیكەدا دابەشبكات و، ئەوەی بابەتانەی چەپ كۆدەكاتەوە هاوبەشی بۆچوونەكان و كاری هاوبەشە لە هەڵوێستەكان لە چوارچێوەی خوێندنەوەیكی چەپگەرانەی بۆ ئەركەكان لە قۆناغێكی دیاریكراودا و، بنەمای هەڵوێستە هاوبەشەكان بریتین لە پرنسیپەكانی یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی‌و یەكسانی جەندەری وداكۆكی لە بەرژەوەندی كارگەرانی بیروبازو و ئەنجامدانی گەشەپێدانی و سەربەخۆیی نیشتمان.
ئەم تێگەیشتنە لە چەمكی چەپ لەم قۆناغەدا، كە ئێمە باس لە كرانەوە بەرامبەر هێزی چەپ و لە هەمان كاتدا جیابوونەوەی بۆچووون لە هێزی لیبڕاڵ دەكەین، واپێویست دەكات وریای تێكەڵكردنی دەستەواژەكان و بابەتی فرەیی لە گوتاری لایەنە چەپەكان بین و، لەم ڕوانگەیەوە ناكرێ ناڕەزایی لایەنێكی سیاسی لە دەسەڵات بە چەپ دابنێن، بێ ئەوەی شوناسی چینایەتی و گوتاری ئەو لایەنە بە هەند وەرنەگرین و، بەم جۆرەش وتاری لایەنی لیبراڵ و نیولیبراڵ، كە بانگەشەی بەتایبەتكردنی ڕەهای ئابووری و فراوانبوونی بێ سنووری كەرتی تایبەت لە سایەی ئابووری بەربەرەڵای بازاڕ دەكەن و، لە بواری ئابووریدا جیاوازییان لەگەڵ شوناسی چینایەتی دەسەڵات نییە و، لە هەمان كاتیشدا ئۆیۆزیسیۆنی دەسەڵاتن، ناكرێ بە نیسبەت ئێمەوە ئەو ناڕەزاییەی ئەوان لە پێگەی چەپگەرایی حزبمانەوە نزیك بێت.
لە لایەكەی دیكەوە ئەگەر هێزێكی سیاسی لە بەرنامە و گوتاری سیاسی خۆیدا ئاراستەی چەپگەرایی خۆی لە ئاراستەی گشتی سیاسی حزبمانەوە نزیك بێت، ناكرێ لە دەرەوەی كاری هاوبەشدا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت ئەگەر وشەی ئۆپۆزیسیۆنی لە گوتاری سیاسی خۆیدا ڕانەگەیاندبێت.
لە هەمان كاتدا حزبمان جەخت لەسەر بۆچوونەكانی خۆی وەك حزبێكی ئۆپۆزیسیۆنی چەپی نیشتمانی دیموكراسیخواز دەكاتەوە، واتە جەختكردنەوە لەسەر ئەلتەرناتیفی چەپ بۆ بەرنامە و سیاسەتی پەیڕەوكراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان و، ئەمەش بەرهەڵستكاریبوونی حزب لە بەرهەڵستكاری ڕەوتە ئاینی‌و ئیسلامی سیاسی‌و ڕاستڕەوەكان جیادەكاتەوە‌و، بەهەمان شێوە جیابوونی گوتاری حزب لە گوتاری پۆپۆلیستی دەردەخات، كە لە چەند ساڵی ڕابووردوودا گەورەترین زیانی بە بزاڤی جەماەری گەیاند.
پرنسیپەكانی كاراكردنی ئەم شوناسەی حزبمان بریتییە لە كاركردن و پشتگیریكردنی بزووتنەوە جەماوەرییەكان و، پاراستنی سیمای مەدەنی و دیموكراسی و ئاشتییانەی سەرجەم شێوازەكانی بزوتنەوەی جەماوەری، وەك دەڕبڕینی ناڕەزایی بۆ قەیرانی ئابوری كوردستانە، كە بە هۆی بێ توانایی حكومەت و پێنەدانی موچەی فەرمانبەر و زیادبوونی رێژەی بێكاری و هەڵكشانی كێشەكانی ڕۆژانەی جەماوەر و نەبوونی پێداویستیە بنچینەییەكانی، وەك كارەباو ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە، هاوكات لەگەڵ دیاردەكانی گەندەڵی كارگێڕی و رەفتارەكانی حزبایەتی تەسك لەبواری سیاسەتی دامەزراندن و بەرێوەبردنی فەرمانگەكان، دەردەكەوێت، جگە لەو هۆكارەی لە ڕەوشی ئێستادا بە هۆی سیاسیەتی حكومەتی فیدراڵ لە بواری نەناردنی بودجە و موچەدا لە ئارادایە.
كاراكردنی چالاكی هێزی چەپی كوردستانی، جگە لە بنەما هزرییەكان و، خوێندنەوە هاوبەشەكان، پێویستی بە كارابوونی گوتار و كاركردنی بەردەوامە لەگەڵ هەڵگری كۆمەڵایەتییانەی پرۆژەی هێزی چەپ لەو قۆناغەدا.
ئەو هێزە كۆمەڵایەتییانەی هەڵگری پرۆژەی چەپ لە كوردستاندا دەبن لە نێو چین و توێژی ڕەنجدەر و كەمدەرامەت و كرێكاران و جووتیاران و سەرجەم ڕەنجدەرانی بیروبازوە، جگە لەو هێزە كۆمەڵایەتییانەی بەرژەوەندییان لە مەدەنیەت و گەشەپێدانە و، بۆیە گرنگە گوتاری چەپ لەو ناوندە كۆمەڵایەتییانە پەسەند بێت.
سەبارەت بە كاراكردنی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان حزبمان كار ناكا تاكە چترێك بنیات بنێت و هێز و لایەنە چەپەكان بێنە ژێر ئەو چەترەوە، بەڵكو بەردەام باس لەوە دەكات، كە سەرجەم هێز و لایەنی چەپی كوردستانی لە بنیاتنانی چەترێكی هاوبەشدا بەشدار بن و، كار بۆ ئەم ئاراستە سیاسییانە بكەنەوە:
1ـ بەهێزكردنی هێزی چەپی كوردستان لە رێگای بەرنامەیەكی هاوبەش و پوخت و هەماهەنگی لە كار و چالاكی جەماوەری بۆ داكۆكیكردن لە بەرژەوەندی خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان و، بابەتە چینایەتییەكان.
2ـ داكۆكیكردن لە مەسەلەی نیشتمانی كوردستانی و پاراستنی قەوارەی هەرێم، بە ئاراستەی تەواوكردنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی و كاركردن لەپێناو دەستورێكی دیموكراتی مەدەنی عەلمانی و بونیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەكان‌و حوكمرانی باش و جەختكردن لەسەر چەمكی هاوڵاتیبونی كوردستانی و بەدەستهێنانی مافە رەواكانی ئاشوریەكانی كلدو سریان و توركمان و عەرەب و ئەرمەن.
لە هەمان كاتدا هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هێزی چەپی كوردستان لە هەر چوار پارچەكەی كوردستاندا هۆكاری كارابوونی ڕۆڵی چەپە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانی.
3ـ گۆڕینی سیاسەتی ئابووری بەتایبەتی هەنگاوەكانی بەتایبەتیكردنی ڕەها و، پشتگیری كەرتی تایبەتی بەرهەمهێن دوور لە قۆرخكردن و شەفافیەت لە بواری چالاكی ئابووری و قورتاربوون لە ئابووری بەرخۆر.
4ـ خستەڕووی داواكاری ڕۆژانەی جەماوەر و، گرێدانی ئەم بابەتە بە كاركردن بۆ پرۆژەیەكی بنیاتنەرانەی مۆدرینزم و پێشەكەوتنخواز لە كۆمەڵدا و، جەختكردن لەسەر بابەتەكانی یەكسانی جەندەری و مافی تاك و، پاراستنی ژینگە و مافی مرۆڤ..
5ـ پاراستنی بریاری سیاسی سەربەخۆ، دوور لە وابەستەیی و، ئەمەش وا دەكات كە لە گەڵ ئاڵوزبوونی قەیرانەكان كار بۆ واڵاكردنی دەرفەتی نوێ بكەین، كە لە خزمەتی بەرژەوەندی گەلی كوردستان و دۆزە ڕەواكەیدا بێت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.