ئەم ناڕەزایەتییانە بوونەتە بنەمای لێکۆڵینەوەو وەرگرتنی وانەو پەندی پێویست بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئایندەو بەرەوپێشبردنییان
خۆشحاڵ دەبین بەشداربن : لە گۆشەی ڕاپۆرت لە ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی دا بڵاو دەکرێتەوە: بۆچی ناڕەزایەتی خەڵک ناتوانێت سەرکەوتوبێ لەهێنانەدی داواکارییە ڕەواکانی ، ئایا پەیوەندی بەهەبونی دەسەڵاتی چەوسێنەرەوە هەیە لەکوردستان و عێراق ؟ زۆر جار دەگوترێ خەڵک پێویستە ڕێکخراوبکرێت ، کە هاوڕای لەم بۆچوونە ،ئەمە چۆن دەکرێ و پێویستە کێ ئەنجامی بدات ؟ ئایاحزبەکان چ کارەن و هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی بۆچی بێ کاریگەرە لەم کۆمەڵگەی عیراقی و کوردیدا،ئاکامی ناڕەزایەتی یەکان چۆن بەرەو باشتر دەچێ؟
ئامادە کردنی /ئاوات ڕيسوڵ و عمر چاوشین
بەشی / سێ یەم

تایبەت بە پرسی برسیکردن و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک وبەبنبەستنەگەیشتنی جوڵانەوەکۆمەڵایەتیەکان ، عەلی محەمەد ئەمین، نووسەرو ڕۆژنامەنووس دەڵێت، تایبەت بەپرسیاری، ئایا بۆچی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ناتوانێت سەرکەوتووبێ لە هێنانەدی داواکارییە ڕەواکانی ، ئایا پەیوەندی بە هەبوونی دەسەڵاتی چەوسێنەرەوە هەیە لە کوردستان و عێراق دا ؟!
دەنوسێت، لە بەرامبەر پێشێلکاری مافە ڕەواکانی خەڵک، بە جیاوازی چین و توێژە ستەملێکراوەکانەوە، جگە لە ناڕەزایەتی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی داخوازی و داواکارییە هەنوکەیی و دوورخایەنەکان چیتر درووست نیە، بەڵام ئەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە ، دەبێت چۆن بەڕێوە ببرێت و بەرنامەو ئاسۆی زاڵ بەسەری دا چی بێت …
ئەمانە بابەتگەلێکن پێویستە بە ووردی لێیان بکۆڵرێتەوەو باشترین و کاریگەرترین شێواز هەڵبژێردرێت، هەتاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکان، هەرچی زووترە بەدەستبێت ، ئەگەرچی هەڵبژاردنی شێوازێک ناکاتە ئەوەی دەسبەرداری بچوکترین و کەم کاریگەرترین شێوازی خەباتکارانە بین…
بەڕای من ڕاستە ناڕازایەتییەکان لە چەند ساڵی ڕابووردودا بە ئامانجی باش نەگەیشتوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ، کەم تا زۆرێک فشاریان لەسەر دەسەڵاتداران، تەنانەت هەندێک لایەنی بەناو ئۆپۆزسیۆن داناوەو تا ڕادەیەک بەرچاوڕوونیان بە زۆرێک لە خەڵکی بەخشیوەو بوێرییەکی زیاتر وەرگیراوە لە دەربڕینی ناڕەزایی و ڕووبەڕوبونەوەدا ، هاوکات زۆر هەوڵی فریودەرو چەواشەکارانەی دەسەڵاتداران و لایەنەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆننیان ڕسواو پوچ کردووەتەوە، هەر ئەم ناڕەزایەتییانە بوونەتە بنەمای لێکۆڵینەوەو وەرگرتنی وانەو پەندی پێویست بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئایندەو بەرەوپێشبردنییان….

سەبارەت بە سەرنەکەوتن و بەرەوپێشنەچوونی دڵخوازانەش ، کۆمەڵێ هۆکار ڕۆڵی بینیوە، جگە لە سەرکوت و پێشێلکاری بەردەوامی دەسەڵات، جێگای نیگەرانییە ، زۆرێک لەو لایەنانەشی بەناو ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستکار چەواشەکارو فریودەرن، نەک بۆ پەرەسەندن و یەکگرتووکردن و بەرچاوڕۆشنکردنی خەڵکی ناڕازی هەنگاویان نەهاویشتووە ، بەڵکو بوونەتە مایەی فریودان و چەواشەکردن و لەیەکترازاندنی خەڵکی ناڕازی و تەنانەت بەرتەسککردنەوەی مەیدانی چالاکی و زاڵکردنی ئاسۆی حیزبی و تایەفی و ناوچەیی بەسەریان دا، جێگای نیگەرانییشە زۆرێک لە ڕابەرانی ئەو ناڕەزایەتییانە لەم نێوەدا فریویان خواردووە و کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرەوپێشبردن و بەئامانجگەیشتنی ناڕەزایەتیەکان داناوە…
تایبەت بە پرسیاری ( زۆرجار دەگوترێ خەڵک پێویستە ڕێکخراو بکرێت ، کە هاوڕای لەگەڵ ئەم بۆچوونە ، ئایا ئەمە چۆن دەکرێ و پێویستە کێ ئەنجامی بدات ؟!)
ئەوڕۆژنامەنوسە دەڵێت پێموایە ، لە ڕاستی دا ، هەر ووتنەوەی درووشم و داواکاری ڕێکخراوبوونی چەندین ساڵە وەک خۆی و بێ ڕەچاوکردنی کات و سەردەم و ئاستی هوشیاری خەڵکی ناڕازی و ئاسۆو ئامانجیان هەموو شتێک نیە، ڕاستە یەکگرتوویی و ڕێکخستن گرنگە ، بەڵام زۆرێک ئەم یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونە هەر تەنها لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و بەهێزبوونی لایەنەکەی خۆیەوە دەبینێ و پێی وایە ، کەی خەڵکی ناڕازی لە چوارچێوەی لایەنەکەی ئەوان وەیان ڕێکخراوەکەی سەربە ئەوان داخۆیان ڕێکخست ئەوا کار تەواو بووە، هەروەها ناکرێ جۆری ڕێکخراوو شێوازی پەیوەندیکردن ، هەر بەو شێوە کۆن و کلاسیکییە بێت کە لە دەیان ساڵی ڕابووردودا بەڕێوە براوە، دەبێ بیر بەلای یەکگرتووبوون و ڕێکخراوبوونی سەردەمیانەدا بچێ وشێوازی نوێ و کاریگەرترو داهێنانەتر بخرێتەڕوو، ناکرێ حیزب و لایەن و ڕێکخراو چەند خۆ بە خاوەنی بەرنامەو بەرچاوڕۆشنی دیاریش بزانن، خۆیان وا پیشاندەن کە هەر ئەوان فریاڕەس و گۆچانی سیحرین، بەزۆر خۆ بسەپێنن ، دەبێ گوێ ڕادێرن بۆ ڕابەڕانی بەکردەوەو هوشیارو خاوەن ئەزموونی ڕاستەقینەی ناڕەزایەتییەکان و سەلماندنی زۆرێک لە پێشنیارو ڕێگا چارەکانیان .
ئەمەش تاکە ڕێگای دروستە بۆ حیزب و ڕێکخراوگەلێک . ئەگەر مەبەستیان بێ ئەو ناڕەزایەتییانە بەرەوپێش بچێ و ڕووەو مەنزڵی دڵخواز ڕێ بکا ….
کۆتا پرسیــــاری ئەلتەرناتیڤی شورای بۆ ، نووسەرو ڕۆژنامەنووس عەلی محەمەد ئەمین. ئــایـــا حیزبەکان چ کارەن و هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆچی بێ کاریگەرە لە کۆمەڵگای عێراقی و کوردی داو ئاکامی ناڕەزایەتییەکان چۆن بەرەوپێش دەچێ ؟!
ئەو ڕۆژنامەنوسە دەڵــــــێت، لەوەڵامی پرسیارەکانی پێشوودا ئاماژەم بە ڕۆڵی زۆرێک لە لایەنە دەسەڵاتدارەکان و حیزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان کرد ، جێگای نیگەرانییە، هەر ئەمانە تۆوی شکست و بەلاڕێدابردن لە نێو ناڕەزایەتییەکان دا دەچێنن ، بەداخەوەش زۆرجار هەندێک بە فڕوفیشاڵیان فریو خواردوو دەبن …
سەبارەت بە پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانیش ، تەنانەت بەپێی ناساندنی فەرمی خۆشیان هیچ کاریگەرییەکیان نییە ، ئەوان نەتوانای چاودێریکردنی کارو چالاکییەکانی حکومەت و وەزارەتەکانیان هەیەو نە لێکۆڵینەوەو نەلێپێچینەوەو نە سزادان، بەتایبەت کە زۆربەیان ، وەک ڕۆبۆت و ئامرازێکی کۆیلە لە لایەن حیزبەکان و بەرپرسە باڵاکانیانەوە دەدوێن و دەجوڵێن…
بۆ بەرەوپێشبردنی ناڕەزایەتیەکان ئاماژەم بە هەندێ خاڵی گرنگ کرد ، یەک لەوانە سەربەخۆیی ناڕەزایەتییەکان و بەرچاو ڕۆشنی و بەرنامەداری و هوشیاری ڕابەرانیان لە خوێندنەوەی بارودۆخی تایبەتی و گشتی ، خوێندنەوەیەکی ووردو واقیعیانە وبابەتیانە، بەمەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکان و پاراستنی ناڕەزایەتییەکان لە بەلاڕێداچوون، تاچیتر ناڕەزایەتییەکان نەبنە پردەبازی پەڕینەوەی لایەنگەلێکی فریودەرو چەواشەکار، کەسانێکی خۆپەرست و مشەخۆر و شەریکە بە شی دەسەڵات.
