بەربەریەت لەبەرگی دیموکراسی ومافی مرۆڤدا

کاوە عومەر
ئاخر ئەمە چۆن جیهانێکە کە لەبەرانبەر ئەم هەموو دەستدرێژی وتاوانەی ناتانیاهۆ،تالیبان،کۆماری ئیسلامی،ئەردۆگان وجولانی وهاوشیوەکانیدا نەک هەر بێدەنگی هەڵدەبژێرێت بەڵکو پشتیوانیان لێدەکات و لەتوڕەیی خەڵکە ستەم وزوڵم لێکراوەکە ڕزگاریان دەکات.
ئەمە چۆن جیهانی دیموکراسی ومافی مرۆڤێکە کە ساڵەهایە جێگای مافی خەڵکی فەلەستین وکوردستانی تێدا نابێەوە،نەوەک هاوڵاتی خاوەن ماف وئازادی یەکسان قبوڵیان دەکەن لەژێر سایەی دەوڵەتێکی نادینی وناقەومی ونە مافی بریاردانیان لە جیابوونەوەو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیاندا بۆ قایل دەبن.
ئەمە چۆن جیهانێکی دیموکراسیە بەبەرچاویانەوە بەناوی ئاینەوە دەستەو تاقمێکی هەوسار بچڕاوی وەک تالیبان و تەحریر شام و ئاخوندەکانی ئێران وگروپە شیعەکانی عێراق بەیاسا و ڕێسای سەدەکانی ناوەراستەوە شەریعەت ویاسای ئیسلامیان بەسەردا بسەپێنن وژنان لە خوێندن وکاری دەرەوەو هەڵبژاردنی ئازادانەی جل وبەرگ پۆشین و بڕیاردانیان لە ژیان وچارەنوسی خۆیاندا لێ زەوتبکەن و وەک کۆیلە و کاڵای سێکسی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
دەستەو تاقمێک بەناوی نەتەوەو ئاینەوە دەسەڵات وەربگرن وسامان وداهاتی وڵات بۆ خۆیان وبنەماڵەکانیان قۆرخ بکەن وسەرفی پێکەوە نانی دەستەو تاقمی ملیشیای چەکداری بکەن بۆ گیانی هاوڵاتیەکانی خۆیان وتەنانەت مووچە وحەقی کارو ماندوبوون ومافی هاوڵاتی بوونیش بەهاوڵاتیەکانیان قایل نەبن.
ڕاستیەکەی جیهانی دیموکراسی هەر ئەمەیە ،ئەگەر لەسەردەمانێکدا مرۆڤایەتی توانیبێتی لە کەمێک ماف وئازادی وخۆشگوزەرانی بەهرەمەند بووبێت ،بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ فشارو هەڕەشەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی وکرێکاری لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەو سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بەتایبەتی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لەلایەک ولەلایەکی تریشەوە پێویستیەکانی سەرمایەداری بۆگەشەسەندن وسەقامگیری و سەپاندنی خۆی وەک سیستەمێکی نەگۆڕی جیهانی.
بەڵام ئێستا خودی سەرمایەداری لە قۆناغێکدایە کە پێویستی بە جیهانی پێشکەوتووی کلتووری وئینسانی ودەستەبەری خزمەتگوزاریە گشتیەکان نەک نەماوە بەڵکو بەرەدەوام هێرشیان دەکاتە سەرو بەهەمان چەکی ئاین وکلتوری خێڵەکی کە ئاغاو خانەدان و پاشا و ئیمپراتۆرەکانی پێش خۆی بۆ خۆپاراستن ومانەوەی خۆیان بەکاریان دەهێنا ئێستا ئەمانیش دەیانەوێت بەهەمان شێوە ئەو چەکانە بۆ پارێزگاری لەمانەوەی خۆیان بەکار بهێنن .
چونکە ئەوان باش دەزانن مرۆڤ هەتا وشیار بێتەوە هەتا مرۆڤدۆست وئیرادەی خۆی بۆ بگەڕێتەوە قبوڵی جیاوازی ونایەکسانی وجیهانی چینایەتی ناکات.
بەڵام لەناو ئاینەکاندا هەژاری و دەوڵەمەندی وەک شتێکی خواکردو لەچارەنوسی مرۆڤەکان نوسراو وێناکراوە و ئەم جیهانە وەک تاقی کردنەوەی خودا بۆ مرۆڤەکان دروستکراوەو مرۆڤەکان دەبێت ئەمە قبوڵ بکەن وئەمەش هەنگوینی بێ تێچونی سەرمایەو سەرمایەدارانە.
لەجیهانی پڕلەسەروەت وسامانی ئەمڕۆدا کە هەمووی بەری ڕەنج وکارو ماندوبوونی مرۆڤایەتی بەگشتی وچینی کرێکارو بێبەشانی کۆمەڵگەیە کە زۆرینەی کۆمەڵگە پێک دەهێنن وخۆیان خاوەنی هیچ نین وکەمینەیەکی مفتەخۆر کەبە لەسەدا یەکەکان ناویان دەبەن سامانی هەموو کۆمەڵگەیان لەدەستدایە و خاوەنی هەموو شتێکن.
ئیتر ئەم جیاوازیە و قەڵشتە گەورەیە کەنەک هەر ژیانی مرۆڤەکان بەڵک وژینگەو کەش وهەواو گۆی زەویشی خستۆتە مەترسیەوە جێگای قبوڵ وبەرگە گرتنی زیاتر نیە،هەرچەندە بەشێکی زۆر لە مرۆڤایەتی وچینی کرێکار بەردەوام بە شێوەی جۆراو جۆر لەبەرانبەر ئەم ستەم وهەڵاواردن وجیاکاریەدا وەستاونەتەوە .
بەڵام یەکێک لە لاوازیە گەورەکانیان ڕێکخراو نەبوونیانە لەژێر ئاڵاو ئاسۆو ئامانجێکی ڕوونی ئینسانی و دژی دونیای چینایەتی کە ئەو ئاڵایەش تەنها وتەنها ئاڵای سۆسیالیزم وکۆمۆنیزم وڕێبازی مارکسە کە دەتوانێت مرۆڤایەتی لەم بەربەریەت وتاریکستانەی ناویان ناوە جیهانی دیمکراسی وسەرمایەداری بازاڕی ئازاد دەربهێنێت وجیهانیکی ئازادو یەکسان وخۆشگوزەرانی ناچینایەتی بۆ هەموان دامەزرێنێت.