کام ڕێگاچارە

نەوزاد بابان
ئەگەر درووست بڕوانیە ئەم بارودۆخەی کوردستان و هەڵسنگاندنی بۆبکەی، چەند پرسیارێک دێتە پێشەوە: بۆچی دانشتوانێکی چەند ملیۆنی بەدەست کەمینەیەکی دەسەڵاتەوە گیری خواردوە و ناتوانێ لەم باردۆخە پڕ لە نەهامەتی و برسێتیەدا خۆی لەدەست ئەم کەمینەیە ڕزگار بکات؟
بۆچی لەگەڵ ئەوەشدا کە شەپۆلی خۆپێشاندان و بزووتنەوە ناڕەزایەتیـیە جۆراوجۆرەکانی جەماوەر بەردەوام لە ئارادان، بەڵام ناتوانن سەرکەوتنی جدی و دەسکەوتی گەورە بەدەستبهێنن و هەمیشە دەسەڵات دەتوانێت پاشەکشەیان پێ بکات و سەرکوتیان بکات؟
دیارە هێز لە یەکگرتوویی و یەکێتیدایە، بۆیە ئەم بێ تواناییەی جەماوەر دەتوانین بـیگەڕێـنـیـنەوە بۆ ناڕێکخراو بوونی توێژە کۆمەڵایەتییە زەحمەتکێش و ستەملێکراوەکانی وەک مامۆستایان، خانەنشینان، کارمەندانی ناوەندە جۆراوجۆرەکانی ئیداراتی دەوڵەتی، بەشە جیاجیاکانی کرێکاران لە ناوەندەکانی ژیان و کاردا، ناڕێکخراوبوونی ژنان و کچانی چەوساوە، گەنجان و لاوانی بێکار، وە خوێندکاران لە خوێندگا و زانکۆکاندا، …هتد، ئەمە لە لایەک.
لە لایەکی تریشەوە چەندین حزبی ئۆپۆزسیۆنی قەومی و ئیسلامی لە ئارادان کە بەردەوام خەڵکیان پەلکێش کردوە بۆ بەردەم سنوقەکانی دەنگدان، وایان بەیان کردوە تەنها لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت ئاڵوگۆڕ بهێندرێتەدی، ئەمەش بەمانایەک واتا پێویست بە خۆڕێکخراوکردن و هێنانەدی ڕێکخراوەی چینایەتی و سەربەخۆ ناکات و هەر ئەوەندە کافییە کە بچیتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لەم ڕێگەیەوە دەتوانی دەسەڵات بگۆڕیت و گیروگرفتەکانی ژیانتان چارەسەر بێت، بۆیە حزبە ئۆپۆزسیۆنە قەومی و ئیسلامیـیەکان فاکتەرێک بون بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکان و نائومێدی خەڵک لەبەرام بەر دەسەڵاتدا.
لە ئێستادا چی بکەین چۆن دەربازمان بێت لەم ئۆردووگا ترسناکە کەڕۆژانە دەست و پەنجە لەگەڵ مەرگدا نەرم دەکەین، کە بەتایبەت کردنی کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت بەتەواوەتی تەنگی پێ هەڵچنیوین، گەر پارەت پێ نەبێ ئەوا یەکسانی بەمەرگ.
کۆڕەوی ملوێنی و چۆڵکردنی ئەم هەرێمە خۆ ڕێگەیەک نییە واقعی و عەمەلی بێت بۆ ڕزگاربوون لە کەمینەیەکی سەرمایەداری ئۆلیگارشی، ئیتر ڕێگا چارە لەم دوو حاڵەتە بەدەر نییە، کە ئەویش یان خولانەوەیە لەناو بازنەی داخراوی سیاسەتی حزبە ئۆپۆزسیۆنە قەومی و ئیسلامییەکان، یان ئەوەتا جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ڕێگەی سەربەخۆی چینایەتی خۆی بە ڕێکخراوبوون و هاتنەمەیدان بۆ هەڵپێچانی نەک هەر ئەم دەسەڵاتە، بەڵکو ئەو بنکە ئابوورییەش لە سەرمایەداری نیولیبرالیزم کە لەسەری وەستاوە. بۆیە تەنها ڕێگە دروستەکە ئەوەیە کە ئەم هێزە گەورە چەند ملوێنیە کە لەتوانای دایە بە شەو و ڕۆژێک تەواویی هاوکێشەکان بگۆڕێت بەقازانجی خۆی ئەویش ڕێکخراوبونیەتی.
کە ئەمە ئەرکی کرێکارانی ڕابەر و هوشیارە، وە بەدڵنیایەوە ئەگەر دەستی بۆ نەبەین چەندان ساڵی تریش هیچ ئاڵگۆڕێک نابینین، و بە بەردەوامی لەم بارودۆخە ناهەموارەدا دەژین، بۆیە ئەرکی سەرەکی هەڵسوڕاوانی پێشڕەو و ڕابەرانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک مامۆستایان و کرێکاران و فەرمانبەران و خوێندکاران کە هەرچی خێراتر و بەرفراوانتر لە تەواوی ناوەندەکانی کار و گەڕەکەکاندا خەریکی ڕێکخراوکردن بن و بێنەمەیدان و ڕێگەنەدەن بەهیچ لایەنێکی ئۆپۆزسیۆنی قەومی و ئیسلامی تێکەڵ بەکۆڕ و کۆبونەوە جەماوەریەکانیان ببن.