شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتیەکان و شوێنەکان هەڵەیە، شەقامێکی گشتی دەگیرێت، تەنها هەژاران زەرەرمەند دەبن، پێویستە ڕێگای شادەماری بازرگانی حیزبەکان بگیرێت.
خۆشحاڵ دەبین بەشداربن : لە گۆشەی ڕاپۆرت لە ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی دا بڵاو دەکرێتەوە: بۆچی ناڕەزایەتی خەڵک ناتوانێت سەرکەوتوبێ لەهێنانەدی داواکارییە ڕەواکانی ، ئایا پەیوەندی بەهەبونی دەسەڵاتی چەوسێنەرەوە هەیە لەکوردستان و عێراق ؟ زۆر جار دەگوترێ خەڵک پێویستە ڕێکخراوبکرێت ، کە هاوڕای لەم بۆچوونە ،ئەمە چۆن دەکرێ و پێویستە کێ ئەنجامی بدات ؟ ئایاحزبەکان چ کارەن و هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی بۆچی بێ کاریگەرە لەم کۆمەڵگەی عیراقی و کوردیدا،ئاکامی ناڕەزایەتی یەکان چۆن بەرەو باشتر دەچێ؟
ئامادە کردنی /ئاوات ڕيسوڵ و عمر چاوشین
بەشێ دووەم

پشتیوان هەڵبجەیی : لەبابەت بە ناڕەزایەتیەکان و ئاکام ودەرئەنجامەکانی وڵام دەداتەوەو نوسیویەتی، دەتوانین لە چەند گوشەیەکی جیاوازەوە لە جوڵانەوە کۆمەڵایەتیەکان وچالاکیەمەدەنیەکان بڕوانین ، وەک: یەکەم/ بەدڵنیایی پەیوەندی بە دەسەڵاتێکی عەسکەرتاریەتی زاڵمەوە هەیە، کە خەڵکی ترساندووە و لە زۆرینەی خۆپیشاندانەکاندا چەک بەکارهاتووە و کەس نایەوێت ببێتە قوربانی.
دووەم/ هێزی جەماوەر یەکگرتوو نیە، ناتوانرێت لە بازنەیەکی فراواندا یەک بخرێت و بەیەکجار لە هەردوو زۆنەکە بێنە سەر شەقام و ببنە کارتی فشار.
سێیەم/ شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتیەکان و شوێنەکان هەڵەیە، شەقامێکی گشتی دەگیرێت، تەنها هەژاران زەرەرمەند دەبن، پێویستە ڕێگای شادەماری بازرگانی حیزبەکان بگیرێت.
ڕێگای نەوتی قاچاخ، ڕێکای دروستکردنی شوقەی بەرپرسان، ڕێگای کۆمپانیاکان، ڕێگای پاڵاوگە نەوتیەکان، ڕێگای قاچاغی مەرزەکان.
چوارەم/ جەماوەر بڕوای بە ئۆپۆزسیۆن نەماوە ئەترسێت بەهێزی جەماوەر کۆمەڵێکی دیکە بچێتە سەر کورسی و لەوێ خۆی بە دەسەڵات بفرۆشێت.
پێنجەم/ بەشێکی زۆری هێزی شەقام بەرژەوەندی حیزبی و مادییان لەگەڵ دەسەڵات هەیە و دژی جەماوەری ناڕازی دەوەستنەوە. بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا خەڵک دەبێت ڕێکبخرێت بۆ ناڕەزایەتی؟
هەڵەبجەیی نوسیویەتی ، بەدڵنیایی پێویستە بەڵام میللەت متمانەی بەکەس نیە، ئەوەی کە مەشخەڵەکە هەڵدەگرێت لەو سەرەوە دەیفرۆشێت، ئیدی خەڵک بێزار بووە لەوەی ئەو هەموو خەڵکە بەرزکاتەوەو دەسەڵات بیکڕێت بۆ واڵامی پرسیاری ،ئایا حیزبەکان چ کارەن؟
پشتیوان هەڵەبجەیی پێیوایە کە، حیزبەکان هەریەکە کۆمپانیایەکی داناوەو لەپەنایدا کاسپی دەکات، ئەوەی لێرە بەناوی حیزبەوە دەگوزەرێت هیچ کات حیزبایەتی نیە ،بەڵێندەرایەتی و ئیشی کۆمپانیاکانە.
هەڵبژاردن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ کاریگەریەکی نیە، چوونکە لێرە چەک و هێز و پارە حوکم دەکات، لەبەرئەوەی بەو جۆرەش هاتوون، بە هەڵبژاردن و دیموکراسی و سروشتی نەهاتوون، بەچەک هاتوون و بەچەکیش دەڕۆن.
وە بەتایبەت کوردستانی باشوور هێشتا سەردەمی ئاغایەتی و دەرەبەگایەتیمان تێنەپەڕاندووە و لە سەری سەرەوە بۆ خواری خوارەوە پەرلەمان بە دەرگای تەویلە تێگەیشتووە چ کاتێک لەبەرژەوەندیان نەبوو دایدەخەن.
ئاکامی ناڕەزایەتی بەرەوباشتر دەڕوات ئەگەر میللەت بگاتە ئاستێکی وشیاری وەها کە بەیەک دەنگ و بەیەکجار لەهەموو شارەکانەوە بڕژێینە سەر شەقام و وەک ئەوەی عێراق ،لە ساحەی تەحریر کردیان نەگەڕێینەوە ماڵەوە تا ئەم دەسەڵاتە دەڕوات. بەڵام کێشەی سەرەکی و ترسناک ئەوەیە دوای ئەم دەسەڵاتە چ ڕودەدات؟
ئایا دەسەڵات دەست کێ دەکەوێت؟ وە ئایا هێزێکی ئیسلامی تیرۆرست هەلەکە ناقۆزێتەوەو بەهاوکاری ئیقلیمی نایەتە سەر حوکم؟
ئایا دەسەڵاتێک دروست نابێت لەوەی ئێستا زۆر خراپتر؟

هەڵگورد باڵەک ،کە یەکێکە لە مامۆستایانی ناڕازی و بەردەوام لە پێشەوەی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایانە ، گوتی ، لەوڵامی پرسیاری ، ئایا بۆچی ناڕەزایەتی خەڵک ناتوانێت سەرکەوتوبێ لەهێنانەدی داواکارییە ڕەواکانی ، وە ئایا پەیوەندی بەهەبونی دەسەڵاتی چەوسێنەرەوە هەیە لەکوردستان و عێراق یان هۆکارێکی ترە؟
گوتی پێموایە ،لەبەر دەستەڵاتێکی زاڵم ئیدارەی هەرێم دەدات ،کە هەریەکەو زۆنێک ئیدارە ئەدات و ئەجندای یەکتری تەواو دەکەن تەنها لەبەر مانەوەیان لە دەستەڵات، کە نە دیموکراتین نە نیشتیمانین.
پرسیارێک تایبەت بە هەڵوێستی گشتگیرە . زۆر جار دەگوترێ خەڵک پێویستە ڕێکخراوبکرێت ، کە هاوڕای لەم بۆچوونە ، ئایا ئەمە چۆن دەکرێ و پێویستە کێ ڕێکخراوکردنی کۆمەڵگەی چەوساوە لەئەستۆ بگرێت ؟
باڵەکی دەڵێت ، بەشدار نەبووینی سەرجەم چین و توێژ و فەرمانبەران، هەروەها بەرفراوان نەبوونی چالاکییەکان تاکو ببێتە سەرتاسەری، هەروەها ناشارەزایی هێزە چەکدارەکان لە جێ بەجێ کردنی ئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان، کاتێک ئەبینن دەستەڵات زاڵمە بەرامبەر خەڵکی ئاسایی بەگشتی بەتایبەت بەرامبەر خۆیان، پێویستە بزانن چ کارێک بکەن، بۆ نمونە کاتێک لەبەرچاوی تۆی پێشمەرگە بەرپرسی میحوەر دەرمان و خواردن و کەل و پەلی ئۆتۆمبێل بداتە داعش، پێویستە بەرلە داعشەکە ئەو خیانەتکارە بکوژی، کەچی وێڕای ئەوەی ئەوەیان نەکرد لەترسان، لەسەنگەری رووبەرووبوونەوەی داعش هێز گەڕایەوە سەنتەری شارەکان،
ئەوانەیان کووشت کە داوای مافی پێشمەرگەیان دەکرد، ڕێکخراو نەبوونی شەرتە، بەڵام بەبێ ئەرکی ڕاستەقینەی هێزە ئەمنیەکان، بە دەگمەن چالاکییە مەدەنیەکان ئەنجام دەگرن. هەڵگورد باڵەک لە وڵامی پرسیاری ، ئایاحزبەکان چ کارەن و هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی بۆچی بێ کاریگەرە لە کۆمەڵگەی عیراقی و کوردیدا،ئاکامی ناڕەزایەتی یەکان چۆن بەرەو باشتر دەچێ؟
گوتی ، من پێموایە ، حزبەکان دابەشبوونە بەسەر وڵاتە ئەقلیمییەکان، تەنها ڕۆڵی کەسێکی هەواڵگیری دەبینن، لەپێناو مانەوەیان لەدەستەڵات، ئامادەن خوێنی هاوزمانی خۆیان بفرۆشن، بەبۆچوونی من ئەگەرچی من چالاکوان، بەڵام گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە یان وەکو سوریا گرووپێکی چەکداری رووبەرووی ئەو دەستەڵاتە زاڵمە بێتەوە، یانیش ئەوەی چەکی هەیە بخزێتە نێو چالاکییە مەدەنییەکان،
لە مەدەنییەوە بگۆڕێت بۆ شەڕی ئازادی، کە خودی مەدەنیەتەکە بۆ ئازادییە، کۆتا شت کاتێک گەل ئازاد ئەبێت، ئەوانەی لە دەستەڵاتیشن ئازاد دەبن، چونکە ئەگەر ئێمە تەنها دەمیان بەسترا بێت، ئەوان کۆت وبەند کراون، بۆیە تاجارێک ئازادی بۆ خۆم دەخوازم، دەجار ئازادی بۆ ئەو بەناو حزبە دەستەڵاتدارەکان دەخوازم، کە لای من دوو کۆمپانیای گەورەی بازرگانی وڵاتی ئەقلیمەیەکانن بۆ چەوساندنەوەی گەلی خۆیان..