ھەڵکوتانە سەر شوێنکاری دەستفرۆشان مەحکوومە!
بەیاننامەی کۆمەڵێک لە دەستفرۆشانی ناو شاری سلێمانی
ھەڵکوتانە سەر شوێنکاری دەستفرۆشان مەحکوومە!
بۆ جارێکی تر مەفرەزە کانی قایمقامییەت و شارەوانی دەستیان کردەوە بە تێکدانی شوێنکاری دەستفرۆشان، بەڵام ئەمجارە بەناوی جوانکردنی سیمای شارەوە نییە، بەڵکو بە پێی چەند بەدواداچونێکی خۆمان و چەند ھاوڕێیەکی دەستفرۆشی دیکە، کە نوێنەرانی ساڵانی ڕابووردوو بوون، بەوە گەیشتین کە ھۆکاری ئەمجارەی ھەڵکوتانەسەر شوێنکارەکانمان بۆ کۆکردنەوەی باج و سەرانە سەندنە لە دووکانداران و پیشەوەران و پڕکردنی گیرفانی پڕنەبوویانە لەسەر حسابی ژیان و گوزەرانی ئێمەی هاوڵاتیانی کەمدەرامەت و ڕەنجدەر. ئەم ھێرشەی دەسەڵاتداران ھێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سفرەی بێڕەونەق و گیرفانی خاڵی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و دەستفرۆشان و کاسبکارانی بچووك. ھاورێیانی کرێکار، لایەنگرانی بزووتنەوەی کرێکاری! لەکاتێکدا ئەم حکومەتە و دەسەڵاتداران لەگەڵ ئەوەی مووچە نادات، بەڵام ئامادە نییە لەو داھاتەی دەکەوێتە دەستی بەرپرسیارێتی لانی کەمی ژیان و بژێوی و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان و بیمەی بێکاری لە ئەستۆ بگرێ بۆ ئێمەی دەستفرۆشان و کرێکاران و هەزاران گەنجی بێکار، کە هیچ سەرچاوەیەکی ژیانمان نییە. لەولاشەوە خەریکی باج و سەرانە سەندنە لە دووکاندار و پیشەوەران. بەڵام ئێمەی کرێکار و دەستفرۆشان کە خەریکی کاری دەستفرۆشین لە شەقام و شۆستەکانی شاردا، بە تەنها توانای ڕووبەڕووبونەوەی شارەوانیەکانمان نییە، چونکە بە زەبری چەك پاڵ بە ئێمەوە دەنێن و دەست بەسەر کەلوپەلەکانماند دەگرن، کە یان بە قەرز یان برێك پارەی بە هەزار دەریدەسەری کۆمان کردۆتەوە و کڕیومانە تا ژیانی کولەمەرگی خۆمان و خێزانەکانمانی پێ بەڕێ بکەین. ئێمە وەک دەستەیەك لە دەستفرۆشانی شاری سلێمانی بانگەوازی سەرجەم دەستفرۆشان دەکەین، کە ئەم زوڵمە قبوڵ نەکەین و هێزوتوانامان یەكخەین و بە یەکگرتوویی بەرگری لە ژیانمان بکەین و ڕێگا نەدەین دەسەلاتداران ڕێگای کار و کەسابەت و پەیداکردنی نانی خۆمان و خێزانەکانمان لێ دابخەن. با هەموومان لە دەوری یەکتر کۆبینەوە و ڕێگاچارەیەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم زۆرداریە بدۆزینەوە. هاوکات داوا لە خەڵکی مرۆڤدۆست و خاوەن ویژدان و عەدالەتخواز دەکەین پشتیوانیمان بکەن و هاوکارمان بن بۆ بەرگریکردن لە مافی ژیانی خۆمان و خێزانەکانمان.
دەستەیەك لە دەستفرۆشانی ناو شاری سلێمانی ١٥/٢/٢٠٢١