ئەم جیهانە سەروخوارە پێویستی بەگۆڕانی ڕیشەیی هەیە !

0
کاوە عومەر
ئەگەر چاو چنۆکی سەرمایەو سەرمایەداران نەبێت ئەگەر شەڕو کاولکارییەکانی ئەوان نەبێت،ئەگەر لە دونیایەکدا بژین مافی هاوڵاتی بوونی یەکسان بەفەرمی ناسرابێت و هیچکەس لە ژێر ناوی نەتەوەی جیاوازو میللەتی جیاوازو زمان و ڕەنگ و ڕەگەزی جیاوازدا نەچەوسێتەوەو بەمافەکانی وەک هاوڵاتی خاوەن ماف وئازادی یەکسان لە دەستورو یاساکاندا بەفەرمی ناسرابێت و ئاینداری وبێ ئاینی وەک کاری تایبەتی مرۆڤەکان سەیر بکرێت و ئازادی دەربڕین وڕێکخراوبوون وحزبایەتی وکۆبونەوەو ڕێپێوان وخۆپیشاندان بەفەرمی ناسرابێت.
ئەگەر ئەو سامان وبەرهەمانەی ئەمڕۆ بەرهەمدێن بە پێی پێویستی مرۆڤەکان و بۆ ئەوەبێت کەوەڵامدانەوە بەنیازو پێوستیەکانی ئەوان بداتەوەو دابەش بکرێت وهەرکەس بەپێی توانای کار بکات،هیچکەس بێ سەرپەناو بەبێ خۆراک و نائارام نابێت،ئەم جیهانە بەهۆی پێشکەوتنی ئامێرەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو گەیاندن و پەیوەندی کردن و بنیاتنان و ژیری دەسکردەوە لەتوانایدایە کە چەند بەرانبەری ئێستا دەستەبەری ژیان وگوزەران و خۆشبەختی وئارامی بۆسەرجەم مرۆڤایەتی بێ جیاوازی بکات.
بەڵام سەرمایەداری وخاوەندارێتی تایبەتی بۆرژوازیانە بەسەر هۆیەکانی بەرهەم هێناندا چونکە لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی قازانجی زیاترو زیاتر دامەزراوە،ئەوا مانەوەی خۆشی لە نانەوەی دوبەرەکی وهەڵاواردنی ئاینی ونەتەوەویی وڕەگەزیی وڕەنگ وزمانی مرۆڤەکان دەبینێتەوەو لەلایەک ئاین وئینتیمای نەتەوەیی و جۆری زمان وڕەنگ وڕەگەزیان دەکەنە پێناس و شوناسی کۆمەڵایەتی بۆ مرۆڤەکان وبەسەر نەتەوەو گروپ و خێڵ وکەڵت و حزبی جیاوازدا دابەشیان دەکەن وخۆشیان سەرمایەگوزاری پێوەدەکەن و هەر بۆ یە لەلایەک بازاڕێکی گەورەو گەرم بۆ کۆمپانیاکانی چەک و تەکنەلۆژیەکانی شەڕ دروست دەکەن وهەر لەو خەڵکەش بەناوی پاراستنی پیرۆزیەکانی ئاین وکەرامەت وپیرۆزیەکانی نەتەوەو خێڵ وزمان و ڕەگەزوو ڕەنگەوە سوپاو لەشکر دۆست و دوژمن دروست دەکەن و وڵاتەکان وشارەکان وشاخ ودەشتەکانیان دەکەنە سەنگەری شەڕو پێکادان ولەلایەک کاولکاری و وێرانە دروست دەکەن وبەتاک وبەکۆ مرۆڤەکان دەکوژن ولەلایەکی وەک قارەمان وڕزگارکەر کۆمپانیاکانی ئاوەدانکردنەوەو بەتاڵانبردنی سامانی سەرزەوی و ژێر زەووی بۆ خۆیان دەبەن.

 

سەرمایەداران و دەوڵەتەکان وخاوەن کارو کۆمپانیاکان ئامادەن بە سەدان تەن خۆراک فڕێ بدەنە دەریاکان وبیان سوتێنن بۆ ئەوەی نرخیان لەبازەڕەکاندا دانەبەزێت،ئیتر بەوان چی ئەگەر هەزاران ومیلۆنان گەورەو منداڵ لەبرسێتیدا شەو ڕۆژ دەکەنەوە. لە جیهانی پێشکەوتووی ئەمڕۆ لە هەموو بوارەکاندا ،لەبواری بیناسازی و گواستنەوەو گەیاندن و پەیوەندی کردن وکشتووکاڵ و پەروەردەو تەندروستی و هتددا،ئەگەر هەموو ئەو پێشکەوتنانە لەپێناو خزمەتی مرۆڤایەتیدا بەکار بهێرێن بێ جیاوای.بەدڵنیایی هیچکەس بێ خانەولانەو سەرپەنا نابێت هیچکەس کرێچی کەسی تر نابێت،هیچکەس کێشەی گواستنەوەو گەیاندن وپەیوەندی کردنی نابێت،هیچکەس شەو بەبەرسێتی خۆی ومنداڵەکەی سەرنانەێتەوەو ڕۆژناکاتەوەو هیچ منداڵ و مرۆڤێک توشی بەدخۆراکی نابێت وهیچکەس لەپەروەردەو خوێندن بێ بەش نابێت و بەهۆی نەبوونی توانای کرینی دەرمان وچارەسەری پزیشکی گیان لەدەست نادات وهتد.

 

مرۆڤایەتی مێژوویەکی سەدان وهەزاران ساڵەی لەجەنگ وکاولکاری ودەسدرێژی لەشکری ئیمراتۆریەتە ئاینی وخێڵەکی ونەتەوەی پاشاو سەرۆک خێڵ وپیاوانی ئاینی ونەتەوەیی و سەرۆک کۆمارو جەنەراڵەکان پشت سەرناوەو گۆڕستان وپەیکەری هەزاران قوربانی ودەستدرێژیکارمان لەمێژووی خۆمادا تۆمارکردووەو هێشتا چاوچنۆکی ودەستدرێژی هەربەردەوامە ئەگەرچی ناوشیوازو چەکی جەنگەکان و ناوی سەرکردەو سەرۆک و سەربازەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە بەڵام ناوەرکی جەنگەکان هەر هەمان شتە ئەویش مانەوەو پاراستنی خاوەندارێتی تایبەتی کەمینەیەکە بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەداو ئەمەش ئەو شتەیە کە دەبێت بگۆڕدرێت و بەبەرپاکردنی یەک جەنگ ویەک شۆڕشی کۆمەڵایەتی بۆ دەستکۆتاکردنی ئەو کەمینەیەو کۆتایی هێنان بەجەنگی پیرۆزیەکان وکۆکردنەوەی قازانج وسەرمایە و دامەزراندنی سیستەمێک لەسەر بنەمای ئینسان وماف وئازادی وکەرامەتی ئینسانیان ودەستەبەری خۆشگوزەرانی گشتی بۆ هەمووان بێ جیاوازی وهەرکەس بەپێی پێویستی وهەرکەس بەپێی توانای سیستەمێک کە کۆتایی بەهەڵاواردنی چینایەتی و ئاینی ونەتەوەیی وڕەنگ وڕەگەزی لەنیوان ئینسانەکاندا بهێنێت و هەروەک مارکس دەڵێت(ئینسان بەنرخترین سەرمایە بێت)تێیدا نەک هیچی تر.
Leave A Reply

Your email address will not be published.