زریان !!

زریان سەری نەوازشی خۆی بۆ هاوڕێ ئەرسەلان مەولود (ئاراس)) گیان بەختکردووی ڕێگای ئازادی و یەکسانی و
حکومەتی کرێکاری نەوی دەکا.
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
داوایان کرد شیعرێ بلێم
کەڵەگەت بێ وەک ئاڵا سوورەکەی بنکە
تۆکمەو پتەو چەشنی بڕوای پۆڵاینی
بۆ برینێکی مەزن و نوێ
کە ئێستاکەش دەمی بۆ ماچی حکومەتی کرێکاری واڵا دەکا .
دۆش دامابووم چی بنووسم؟
چۆن بتوانم شیعرێ بڵێم
سەری بدات لە ئەستێرەی کەشکەلان و
زریانێکی بە لرفە بێ؟
چۆن بتوانم هاژەیەکی تووند بنووسم
چریکەی چەخماخەی دونیایەکی نوێ بێ؟.
منیش دەستم دایە قەڵەم
کاغەزێکی سپیم هێنا
قەڵەم وتی خەجاڵەتم نەکەی تۆ دەستم دامێنت
ئەم زریانە شاڵاوێ بوو
فلچە و بۆیاخی لە دڵا حەشار دەدا
ڕووی لە هەر لا بکردایە
بە خوێنی گەش
بە دەستە ناسک و نەرمەکەی
سیمایەکی نوێی دەبەخشی بە ژیانی ئینسانەکان
خەندەیەکی نوێی دەبەخشییە مۆنالیزای کرێکاران
ئەم زریانە چەپکە تیشکێکی هەتاو بوو
مەشخەڵێ بوو بۆ ئازادی و بۆ یەکسانی
بۆ ڕزگاری سەرجەم بەشەر
ڕێبوارێکی ئاسۆی گەش و بەپرتاو بوو
ئەم زریانە بۆ ژیانی بۆرژوازی مۆتەیەک بوو
کڵافەیەک دەرد و ژان بوو
ئەو کاتانەی وەڕێ دەکەوت
درزێکی تازەی دەخستە دڵی شەق بردووی سەرمایە
ئەو کاتانەی دەهات بە هێمنی دەدوا
هاوارێکی توندی بە گوێی دووژمن دەدا
لەرزێکی تازە دەخزایە جەستەی پیری ئەم دونیایە.
ئەم نۆبەرە زامە سەختە
نەخشەی ژیانێکی نوێیە
بۆ تەواوی کرێکاران موژدەی ڕزگار بوونی پێیە
ئەو ئاڵایەی ئەو هەڵی کرد دانانەوێ و
سەربەرزتر
شەکاوەتر
باوەش دەکا بە ئاسمانی ئاسۆی شارا
ئەو ئاواتەی بۆی دەجەنگا
گەشاوەتر پێدەکەنێ و
پڕ شەوقتر خۆی هەڵدەسوێ
بە ژیانی پڕ خەباتی کرێکارا.
٢٣ ی تەمموزی ١٩٩١
هەولێر
تێبینی : ئهم شیعره له نامیلکهی “ئاراس” کە تایبەت بوو بە شەهید ئەرسەلان مەولود (ئاراس) بڵاو کراوهتهوه. شایانی باسە ئەم نامیلکەیە لە ئامادەکردنی هاوڕێ گۆران عەبدوڵا بوو.
