خۆپیشاندان و مانگرتن لە کۆیە و سلێمانی ڕێگەی پێنادرێت !
ئەڵتەرناتیڤی شورایی/ کۆیە
د. ڕزگار فەقێ سەلیم، هاووڵاتییەکی دانیشتووی کۆیە، کە دوای چەند ڕۆژێک بانگەواز بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە خەرج نەکردنی مووچە و خراپی بارودۆخی دارایی خەڵک کرد، بە ڕێگەی نووسراوی فەرمی داواکاری خۆپیشاندانەکەی بۆ قایمقامیەتی کۆیە بەرز کردووەتەوە، دواتر ڕایگەیاند، دوای سەردانیکردنی قایمقایەت و خوێندنەوەی نووسراوی داواکارییەکە لەلایەن قایمقامی کۆیەوە، ڕاستەوخۆ پێی ڕاگەیاندووە خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ شاری کۆیە و شاری سلێمانی ڕێگەی پێنادرێت لەئێستادا و داواکارییەکەی ڕەت کردووەتەوە.
داواکارییەکەی ئەو هاووڵاتییە پێشکەشی قایمقایەتی شارەکەی کردووە، تێیدا داوای مانگرتن و خۆپیشاندانی هێمنانەی جەماوەری شاری کۆیە کراوە بەڵام ڕێگریان لەئەنجامی دانی خۆپیشاندانی جەماوەری خەڵک کردوە هەربۆیە خۆپیشاندانە کە ئەنجام نەدراوە.
