پارادۆکسی کوردی زایۆنی

0
میرۆ عەبدولکەریم:
هەر ئەوەی کە کوردیت ناتپارێزێت لەوەی ببی بە هەڵگری ئایدۆلۆژیای نەتەوەیەکی دیکە؛ کورد هەیە خومەینیستە، هەیە بەعسیە، هەیە کەمالیە ، هەشە زایۆنیە
کوردی زایۆنی موعجیبی زایۆنیزمە لە کۆنترین ڤێرژنیدا، ڤێرژنێک کە تەنانەت خودی زایۆنیەکانیش ئێستا لەڕویان نایە بەوشێوە بەرگری لێبکەن;
بەنی مۆریس مێژوونوسێکی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلیە، لە تاقمی مێژوونوسانی نوێ ئەژماردەکرێت. بەنی مۆریس دەڵێت لە ١٩٤٨ دا زایۆنیەکان فەلەستینیەکانیان دەرپەڕان، ئەو ئەسەف بۆ ئەم ڕوداوە ناخوات ، بەڵکو دەڵێت زایۆنیەکان هەڵەیان کردو کارەکەیان بە نیوەناچڵی هێشتەوە ، دەبوا لە تەواوی خاکە دەریان پەڕاندنایە ،چونکە ، بەڕای مۆریس ، عەرەب وەحشین و هی ئەوەنین مافیان پێبدرێت و ڕێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت.
کەچی کوردی زایۆنی دێت قەوانە ژەنگاویی زایۆنیە “هیومانیست”ەکان لێدەداتەوە گوایە زایۆنیزم دەیویست لەسەر خاکی خۆی بە ئاشتی بژی و ئەوە عەرەب بون تەنگیان پێ هەڵچنیبون ، یان دەڵێت ئەو خاکەیان کڕیوە و بە زەحمەتی خۆیان ئاوەدانیان کردوەتەوە.
من هیواخوازم کە زایۆنیی کوردی جورئەتی ئەوەیان هەبێت ڕەگەزپەرستیی خۆیان بە ئاشکرا دەربڕن ( کە هەندێکیان ئەم کارە دەکەن ) و وەک بەنی مۆریس بە دەنگی بەرز و بێ پێچ و پەنا ، نەک بۆ بێوەی دەرخستن و وەک قوربانی نیشاندانی زایۆنیزم، خەریکی چەواشەکاری و شێواندنی مێژوو بن.
کوردی زایۆنی شوێنکەوتەی پێڕی ئەنتی دۆیچەیە، ئەنتی دۆیچە تەنها ئەو شێوازە لە نەتەوەپەرستی بە دروست دەزانن کە بچێتە بەرەی ناتۆ و ئەمریکاوە و هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستێت؛
بۆیە دەبینین بێ پەردەترین وتەبێژی کوردی زایۆنی دانوی لەگەڵ سەرکەوتوترین پڕۆژەی نەتەوەیی- نەتەوەپەرستی کورد ناکوڵێت ، هەر لەبەرئەوەی جاران زیاتر و ئێستا کەمتر گوتارێکی دژە زایۆنی و دژە ئیمپریالیستیان هەبو، پێی وایە کە وتاری پێکەوەژیانی گەلانیان خزمەت بە دەولەتی داگیرکەری تورک دەکات، کەچی لە ئاست شکستی بزوتنەوەیەکی تری کوردی کە وڵاتی هەڕاج کردوە بە تورکیا (تەنها لەبەر ئەوەی بەینیان لەگەڵ زایۆنیەکان خۆشە) دو دێر بە خەرج نادات.
کوردی زایۆنی لە ئەنارشیست و ئیسلامی و چەپ بە گلەییە کە مێژووی کورد و کوردستان لەکەدار دەکەن و دەڵێت هەڵە و خراپی سەرانی بزوتنەوەیەک نابێت بکرێتە بیانو بۆ لێدان لە مێژوو و پرسی گەلێک، کەچی خۆی لەبەرئەوەی چەند لایەن و سەرکردەیەکی فەلەستینی وتاری ڕەگەزپەرستانەیان دژ بە کورد داوە و بونەتە هاوپەیمانی چەند سەرکردەیەکی کوردکوژ ، تەواوی پرسی خەڵکی فەلەستین دەشێوێنێت و دەیانکات بە دژە کورد و دژە جولەکەی ئەبەدی و هەرکەسێک بەرگری لە مافیان بکات دەیکات بە هاوڕێی خومەینی و سەدام.
کوردی زایۆنی دەڵێت هەرکەس هاوپەیمانی دوژمنانی کورد بێت کەواتە دژی کوردە( کورد لێرەدا ئەو کوردەیە کە پارتی و بارزانی بە کوردی دەزانن ) بەڵام هاوپەیمانیی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ شای ئێران و تورکیا دەگەرێنێتەوە بۆ مەسەلەی جیۆپۆلەتیک و نایەت بۆ نمونە جولەکەمان لێبکات بە دژە کوردی ئەبەدی.
کوردی زایۆنی بۆ دێواندنی نەیارانی سڵ لە هیچ درۆ و دەلەسەیەک ناکاتەوە، وشەی گشتگیر و لێڵ و ناڕون بەکاردێنێت و بە چەپ و ڕاستدا تۆمەت دەبەخشێتەوە بێ ئەوەی بتوانێت بە ناو و ناونیشان لایەنێک دیاریبکات؛
-ئەو خاوەنی گوتارێکی نەتەوەپەرستیی دێرینە پەرستە ، هاوشێوەی ئەو نەتەوەپەرستانەی کە پێیان وایە ئیسلام ئاینی کورد نیە و بەزۆری زۆرداری بەسەریدا سەپاوە ، داوایان دەکرد مرۆڤی کورد دوای هەزار ساڵ ئاینداری ئیسلامی بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش زاین، ئیسلامیەکانیان بە چاشی عەرەب دەزانی و بە هیچ کلۆجێک باوەڕیان بە نەتەوەپەرەستیی ئیسلامیەکان نەبو ، ئەمیش دێت دەڵێت ئیسلامیەکانی کوردستان نەتەوەپەرست نین ، بگرە ڕقیان لە کوردە.
وەگەرنا ئەوەی دو دێڕ شارەزای مێژووی ئیسلام بێت دەزانێت ئەم ئیسلامەی ئیسلامیەکان باسی دەکەن سەبارەت بە نەتەوە ئەرز و ئاسمانی فەرقە لەگەڵ ئیسلامی سەدەکانی ناوەڕاست. گوتاری پارتە ئیسلامیەکانی کوردستان ، هاوشێوەی نەتەوەپەرستەکانی دیکەی دونیا ، بەنەتەوەییکردنی ئاینە.
بەشێکی زۆری ئیسلامیەکانیی کوردستانیش نەتەوەپەرستن بەڵام تەنیا جیاوازیەکەیان ئەوەیە کە دەڵێن ئیسلام و موسوڵمانێتی ناسنامەی کوردە نەک بۆ نمونە ئێزیدی و زەردەشتی.
هەندێکیان تەنانەت ڕویان لە گوتاری ڕەگەزی کردوە و دەیانەوێت ئیسلامێکی کوردی لە ناوخەڵکدا بڵاو بکەنەوە ، گوایە ئەم ئیسلامە دژەژەهری ئیسلامی ـ سەحرا و “عەرەبی پێپەتی” یە
– دەڵێت چەپی کورد دژی ئاڵای کوردستانن و دژی پرسی نەتەوەیین ، ئەو لێرەدا کاری ناشرینکردنی ناوی چەپە بە شێوەیەکی گشتی وەگەرنا هەمو کەس دەزانێت کە چەپ وشەیەکی گشتگیرە و ئەنواع و ئەشکاڵ ڕەوت و تێڕوانین لە خۆ دەگریت، بەشێکی چەپ ئاوێتەی گوتاری نەتەوەپەرستیی کوردی بون و کاریان هەر تەسدیقکردن و ڕازاندنەوەی سیاسەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانە و لە نەتەوەپەرستەکان نەتەوەپەرستترن .
بەشێکی دیکەشیان نەک دژایەتی مافی کورد و خەباتی کوردی ناکەن بەڵکو هەندێک جار تاکەدەنگن دژی ئەو تاوانانەی بەرامبەر خەباتی نەتەوەیی کوردانی ڕۆژهەڵات و باکور و ڕۆژئاوا دەکرێت.
بەشێکی چەپ ڕۆژگاریک بونە داردەستی بەعسیەکان و کاریان جوانکردنی حوکمەتە کارتۆنیەکەی بو، بەشیکی دیکەی چەپیش دەیدایە شاخ و هەوڵی ڕوخاندنی هەمان ڕژێمی دەدا.
لە کاتێکدا چەپی نەتەوەپەرستی کورد لەبەیکی بۆ خومەینی دەکرد ، چەپێکی دیکەی کورد هەبون بون بە دوا قەڵای خەبات دژی خومەینی و خومەینیزم.
هەرچەند وتەبێژی زایۆنیی کوردی هیچ پارادۆکسێک لە ژیانیدا نیە، ئەو با کوێوە بێ لەوێوە شەن دەکا، بۆ لەوەڕێکی چەور و دو دەستخۆشی شتێفان و کلاوس ئامادەیە تەواوی مێژوومان سەرلەنوێ و بەدڵی خۆی و بێ گەڕانەوە بۆ هیچ سەنەدێکی مێژووی بۆ دابڕێژێتەوە، هەرچەند ئەو حەز دەکا لەسەرە ڕێدا گو بکا بۆ ئەوەی خەڵک باسی کەن، بەڵام جارجاریش مرۆڤ ناچارە کورتە وەڵامێک بۆ چەواشەکاریەکانی بنوسێت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.