ڕاکە ڕاک بۆ دیوەخانی حیزبە ڕاستڕەوەکان ڕاگرن بەسە شەرمە !!
ئاوات ڕەسوڵ
هێزەڕاستڕەو فاشیستەکان بە جۆرێکی کوشندە یاری بەچارەنووسی خەڵکی کوردستان دەکەن کە لەهەگبەی هیچ هێزێکی سەردەمی شارەستانی ودیموکراسی دا بوونی نییە،کەچی حزبی شیوعی وزەحمەتکێشان و بەشێکی تر لە ڕێکخراو وحیزبەکانی تر لەهەر بانگەوازێکی ڕاستڕەوەکانی دەسەڵات هەروەک هەنگوینیان لەداردا دۆزیبێتەوە ڕاکە ڕاک دەکەن بۆ دیوەخانی ڕاستڕەوەکانی دەسەڵاتداری پارتی ویەکێتی .
لەوەش وێرانتر لەبیرکردنەوەیان ئەوەیە کە شاباش بۆ یەکگرتوویی ئەم هێزە فاشیستانە لێدەدەن کە پارتی ویەکێتی بەرهەم هێنەری وێرانکردنی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانن !
هەڵبژاردنی کوردستان چەندین مانگە ئەنجامدراوە ئەمان لەجیاتی گرنگی دان بە پەڕڵەمان دەچن دیوەخانی حیزبەکانیان گەرم دەکەن ئەمەش خودی بێ بەهاکردنی دەنگی خەڵکە !
ئەمە تازە نیە کە ڕاکە ڕاک دەکەن بۆ دیوەخانی حیزبەکانی ڕاستڕاوی دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر وگەندەڵکار ، لەناو ئەو حیزبانە حزبی شیوعی و زەحمەتکێشانە کە خۆیان بە چەپ دەزانن ئەگەرچی دەمێکە حیزبی شیوعی وزەحمەتکێشان بونەتە پارێزەری ملهوڕییەکانی پارتی ویەکێتی لەژێر ناوی کۆدەنگی نیشتیمانی دا.
کەلە ناوەڕۆکدا هیچ پەیوەندی بەبەهێزبوونی ئەو کۆدەنگێشەوە نییە کەلەژێرناوی نیشتمان و نەتەوەپارێزی دا شاباشی بۆ دەکەن چونکە هەمان لەحیزبەکانی ڕاستڕەوی دەسەڵات ڕۆژانە هێرشی زیاتر دەکەنە سەر سفرەی هاوڵاتیانی هەمان نیشتمان و نەتەوە کە بانگەشەی درۆزنانە و ساختەچێتی بۆدەکەن ،ئەی نابینن خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی هەمان نەتەوە ونیشتمان چۆن سوکایەتی پێدەکرێ و ماف وئازادی وژیانی پڕشکۆی ڕۆژانە وردوخاش دەکرێت بەدەست هێزه ڕاستڕەوەکانەوە .
هەردوو هێزە ڕاستڕەوەکانی دەسەڵاتدار لە عێراق و کوردستان زۆر فاشیستانە مامەڵەیان لەگەڵ چارەسەری کێشە وقەیرانەکان کردووە کە خودی خۆیان هۆکاری هێنانەکایەوەی سەرجەم کێشە وقەیرانەکان بوون .
هەربۆیە نا لۆژیکی یە و ناڕەوایە پشتگیریکردنی هەر لایەکیان چونکە لەجیاتی چارەسەری کێشەکان بۆ بەرژەوەندی وسوودی خەڵک ڕێک پێچەوانەیە زیانی بۆخەڵک دەبێت لەبەرئەوەی پشتیگری هەرلایەکی ناکۆکی ڕاستڕەو بەقازانجی درێژەدانی ملهوڕییەکانی دەسەڵاتی ڕاستڕەوی کوردستانە کەوایە لەدواجار خەڵک زیاتر کێشە وقەیرانەکانیان زیاتر دەبێت لەشێوەی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستی و کرێی خزمەتگوزارییەکان و هیتد .
ئاخر ئەو پەڕی نالۆژیکی یە لەخەمی ئەوەدابیت بەرەی زاڵم و چەوسێنەران بەهێزبکەیت !
بەدڵنیایی یەکێک لەپارێزەرانی ئەم حیزبانە دێت ودەڵێت ئەم حیزبانە قوربانی زۆریان داوە و بەرگریان لە ژیانێکی ئازاد وبەرابەر کردووە و لەدژی بەتایبەتیکردنی کەرتە گشتی یەکان هاتونەتە شەقام و زۆر شتی تریش بەڵام ئەم جۆرە بەرگرییانە هیچ لەو ڕاستی یە ناگۆڕێت کە حیزبەکەیان شیوعی و زەحمەتکێشان لەمێژوویی دا هیچ کاتێک وەکو ئێستا بەرگریان لەڕەوتی ڕاسیسزمی دەسەڵات نەکردووە بەبێ دوو دڵیش ئەم پشتیوانی یەی کردوویان هەروەکو دەستکەوت وتاکە ڕێگەی نیشتمانیش بە خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێشی کوردستانیان فرۆشتۆتەوە .
مێژوو سەلماندوویەتی لەکاتێکدا چەندە حیزبە ڕاستڕەوەکانی دەسەڵات یەکگرتووبن زیاتر هێرشی ملهوڕی چەوسانەوە ونایەکسانی و درێژەپێدەدەن !
هەر لەدزی وگەندەڵی و هەتا چەوسانەوە و نایەکسانی بەشیدەتری مەرگهێنەر ،خەڵک هەژاروبێکار دەکەن ،ئەمەش ئەوە دەردەخات حزبەکانی شیوعی و زەحمەتکێشان لە بەرگری لەبزوتنەوەی کرێکاری بەرەو بەرەی ڕاسیسزم وناسیۆنالیستی هەنگاوی کردارییان ناوە دەرئەنجامی ئەمەش ڕۆژ دوایی ڕۆژ پشتیوانی جەماوەری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وخەڵکی ناڕازی زیاتر لە دەست دەدەن ،کەچی هەر دەست دەگرن بە شاقەلی هێزە ڕاستڕەوەکانی پارتی و یەکێتی ،هاوپەیمان و بەرەیان لەگەڵ ساز دەکەن ،لەبەرئەمە بۆ بۆچوونی ئێمە باشترە ناوەکەی خۆیان بگۆڕن بە ناوێکی هاوشێوەی دۆسته ڕاستڕەوەکانی دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر.
بزماری چارەسەر :
گۆڕانکاری بۆ هێنانەدی ژیانێکی باشتر لە هاوپشتی ویەکگرتووانەی خەڵکی ناڕازی وکرێکاران وزەحمەتکێشاندایە کە گەشەبدەن بە بزوتنەوەی کرێکاریوخەڵکی ناڕازی بەئامانجی لەگۆڕنانی سەرجەم سیستەم ودەسەڵاتی فاشیزمانەی سەرکوت و چەوسێنەرودز دەبێت ، بۆ گەشەدانی ئەم جۆرە تێکۆشانە هاودەنگی یە ئەرکی هەر مرۆڤێکە کە دڵی بۆ ژیانێکی ئازاد ویەکسان لێدەدات ،ئەرکی هەر مرۆڤێکە کە ئاواتی ئەوەیە ژیانێکی پڕشکۆمەندانەی ئینسانی سەربەزانەی پڕ لەکەرامەت بۆ کرێکاران و فەرمانبەران بەدی بێت ، ئەم هێزە ئازادیخوازویەکسانیخوازە جەماوەرییە کە دانە بەدانە پایەکانی قەڵای زاڵمانەی چەوسێنەران لەکوردستان دەڕووخێنێت دواتر خەڵک خۆی لەڕێگەی هەڵبژاردنی شوراکانییەوە ئیدارەی کۆمەڵگاکەی دەدات .
نابۆ چەوسانەوە ودزی و برسیکردن وسەرکوتکردن
بژی تێکۆشانی هەقخوازانەی هاوپشتی ئیدارەدانی شورایی