ئایا ئۆج ئالان دەبێتە ڕزگار کەری دەوڵەتی تورکیا؟

0
تاهیر حاجی حەسەن
زۆر لێدوان و ڕون کردنەوەو نووسین لەسەر ئەم پرۆسەی ئاشتیەی نێوان پەکەکە بە سەرۆکایەتی ئۆج ئالان و بەرەی دەوڵەتی تورکیا دراوەو بەردەوامیش،هەرکەس و لایەنێک بەپێی توانای خۆی و خۆ ناسینی خۆی،دەخوازێت یان دەیەوێت،قسەیەکی لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبێت.
بێگومان ئەمەیش ماف و ئازادی هەر کەسێکمانە،جا لەبەرەی پەکەکە بێت یان لە دژی بێت.
(مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی نێو ململانێ چینایەتیەکانە. وتەی کارڵ مارکس)
ئەم وتەیە،لەتوانایدایە زۆرترین و دیقەت ترین ماناو تێگەیشتنمان پێ بدات لە ڕوی کۆی مێژووی تا ئێستای مرۆڤایەتی. کۆی کۆمەڵگەکانی ئەم سەر زەمینە لەنێو پرۆسەی بەرهەمهێنانی نێو دنیای زاڵی سەرمایەداریدا بەڕێوە دەبرێت،یانی لەوێدا،ژیانێک بونی نیە،کە کۆمەڵگەیەک ببینینەوە کە دنیای کار دابەشکاری کۆمەڵایەتی تێیدا خۆی نەسەپاندبێت،جا لەهەرە شێوازە لاوازو پێنەگەیشتوییەکەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریشدا بێت.
ئەمە پێمان دەڵێت:گەر تێگەیشتنەکانمان لە دەرەوەی ململانێی نێوان چینەکانی نێو هەر کۆمەڵگەیەک دور بێت،ئەوا،بمانەوێت یان نا،ئەو تێگەیشتنە دەچێتە نێو خانەی پارێزگاری کردن لە دەسەڵات و دەوڵەتی حاکم،کە چینی چەوسێنەری بۆرژوا سەرمایەداریە. دنیای سەرمایە،بەبێ چەوساندنەوەی چینی کرێکار لەهیچکاتێکدا ناتوانێت بونی هەبێت یان مانایەک بەدەستەوە بدات.
کۆمەڵگەکان،بەپێی دابەش بونی جوگرافیاو نەتەوەو ئاینەکان،جێکەوتە بون،لەوێیشدا،هەر لایەو خاوەن زمان و نەریت و فەرهەنگی جیاواز بەخۆیانن و لەگەڵیشیدا،کۆی ئەو فەرهەنگ و پەروەردەو جۆری ئاین و ڕێوڕەسمە باوەکان،ڕەنگدانەوەی چەق بەستویی یان پێشکەوتنی و ئاڵوگۆڕەکانیان پەیوەستە بەو پێگەی بەرهەمهێنان و داهێنان و دنیای زانستانەی پێی گەیشتون و لەوێیشدا پێگەی ئەو هێزو دەوڵەت و جیاوازیە چینایەتیانە بەدەر دەکەون کە ڕوە ئابوریەکە ڕەنگ ڕێژی کۆی پێگەی کۆمەڵگەو دەسەڵاتەکان دیاری دەکات.
کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی زیاد لە چوار سەدەیە لەنێو هەژمونی بەردەوامی دنیای سەرمایەداریدایەو بێ گەڕانەوە بۆ دواوە،بەردەوام ڕو لەپێشە. چونکە ئەوە قەدەرێکی بان سروشتی نیە،هێندەی پەیوەستە بەو شێوازی بەرهەمهێنانەی هەیەتی کە لەتوانایدا نابێت،بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردین،مەگەر ئەوەی تەواو لەناو بچێت لەڕێی جەنگێکی ئەتۆمیەوە.
جا لێرەدا،گرنگە،کۆی پێگەی ڕەوتە جۆراوجۆرە سیاسیەکانیش بناسین و پێناسەیان بکەین.
چونکە گەر لە دیدێکی چینایەتیەوە لەکۆی پرۆسە سیاسیەکان و نەناسینی قۆناغەکە،نەڕوانین،ئەوا،بەردەوام دەکەوینە نێو هەڵەی جۆراوجۆرەوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان،کە بەناوەکەیدا هەڵگری پێناسەیەکی چینایەتیەو سەر بەکایەو پێگەی چینەچەوساوەکەی ناو کۆمەڵگەی کوردیە،ئەم پارتە،گەر لەسەدەی حەڤدەدا بوایە،ئەوکات،پێنەدچو بەم ناوەی ئێستای بوایە. چونکە ئەو زەمەنە،ناوێک بەناوی سۆسیالیزم و جیاوازیە چینایەتیەکانی نێوان سەرمایەدارو کرێکار بەو ڕونیەی سەدەی نۆزدەو بیست نەبوە،بۆیەشە،زۆر گرنگە لە قۆناغەکان بڕوانین و دواتریش لەو شێوازی بەرهەمهێنانەی زاڵە تێ بگەین.
سەدەی بیست،لەچاو کۆی سەدەکانی پێشوتردا،زۆرترین ئاڵوگۆڕی بەشوێن خۆیدا هێنا،ئەو سەدەیە،بەتەواوەتی توانی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە زۆرترین شوێنی ئەم سەر زەمینەدا بسەپێنێت و پرۆسەی کۆتایهێنان بەشێوازی دەرەبەگایەتی بەکۆتا بگەیەنێت،هەردو جەنگە نێو دەوڵەتیە گەورەکەیش هەر لەو پێناوەداو وەک پێویستی نێو هەژمونی دنیای سەرمایە بونی پەیدا کردوە،چونە پێشی دنیای زانست و گەشەی بەرهەمهێنان و دەرکەوتنی ڕونی نێوان جیاوازیە چینایەتیەکان لەنێو هەر کۆمەڵگەیەکدا،بوە،دیارترین جۆری شێوە ژیانە باوەکان و هەر لەپێی پێگەیشتوی قۆناغەکەشدا بو،جەنگ و ململانێ چینایەتیەکان بازدانی گەورەی بەخۆیەوە دی،کە جۆرێک لەتێر بونی بەخۆیەوە دی بو،کە لە سەدەی هەژدەوە دنیای بۆرژوازی بەشوێنیەوە بوە،بێگومان لەم نێوەیشدا،ئەم سیستەمە،یانی سیستەمی سەرمایەداریە،بەبێ بونی چینێکی چەوساوەو ژێر دەستە بو،نەیدەتوانی خۆی بسەپێنێت و لەولایشەوە،پەلاماری زیاتر بدات بۆ داگیرکاری و قۆرخکاری لەپێناو مانەوەی و گەشەی بەردەوامیدا،بۆیەشە،هەر لەم چینی کرێکارو زۆرینەیە،سوپاو دامودەزگای سەربازی و جبەخانەی سەربازی و دەیان جۆر لە پچڕ پچڕ کردنی لەنێو چینەکۆمەڵایەتیە زۆرینەکەدا پێک هێناو،نەتەوەو نیشتیمانیشی کردە ئەو پێناسەو پیرۆزیەی کە نابێت هیچ لایەنێک تێی پەڕێنێت.
چونکە لێرەدا ئامانج لێی بۆ دەوڵەت و سیستەمی زاڵ،بەرچاو لێڵ کردنی چینەچەوساوە زۆرینەکەیە لە پێناو بەرژەوەندی چینەچەوسێنەرە باڵا دەستەکاندا.
هەر لەو پێناوەیشدا،دەیان پارت لەژێر ناوی جۆراوجۆردا دروست کراون و بەردەوامیش دروست دەکرێن.
سەدەی بیست،شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئۆکتۆبەری لە ڕوسیا بەرهەم هێنا،(ئەو شۆڕشەی لێرەدا لێدوان لەسەری زۆر هەڵدەگرێت)ناچمە سەری. بەڵام کاریگەریەکانی هێندەی کۆی مێژووی نێو ململانێ چینایەتیەکان گەورەو پڕ لە لەرزینی جیهانی چینەچەوسێنەرەکان بوەو بەردەوامیش دەبێت. بەو هۆکارەی کە ئەوەی شێوازی بەرهەمهێنانی نا داد پەروەری سەرمایەداری،زۆرینەکە دنە دەدات کە بۆ هەر ساتێک بوبێت،ئەوا پێویستی ژیانی زۆرینە بەرهەمهێنەرەکە وا دەخوازێت کە کۆتای بەم شێوازی بەرهەمهێنانە بهێنرێت و زۆرینەکە بەشێوازی بەرهەمهێنانی هەرەوەزی سۆسیالیستی کۆی مێژووی ڕابردو بۆ هەمیشە بەکۆتا بگەیەنێت،یانی کۆتای بەبونی جیاوازە چینایەتیەکان و کۆتای بەبونی قۆرخکاری و خاوەندارێتی تایبەتی سەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان،بێگومان،ئەم پێگەیشتنە مەحاڵ نابێت و بۆ هەر ساتێک لەبار دەبێت کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی ببێتە ئەڵتەرناتیڤی واقعی و زانستیانە لەبری سیستەمی سەرمایەداری.
ئەم قۆناغەی ئەم سەدەیە،زۆرترین هەنگاوی پێشوەچون و داگیرکاری و کێبەرکێ و ڕکابەری لەنێو دنیای سەرمایەدا برەو پێ دەدات،ساتێک بەجەنگ و ساتێکیش بە گەڕخستنی سەرمایەو بازاڕ پەیدا کردن بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکان،بۆیە،ئەم سەدەیە،بەئەندازەیەکی زۆر جیاواز دەبێت لەسەدەکانی ڕابردو،چونکە گەشەی بەرهەمهێنان و زانست و زیادەی بەرهەمهێنان و کاردابەشکاریەکان،گەرچی شێوازی بەفۆرم گۆڕاو بەخۆیان بدەن،بەڵام هیچ لەناوەڕۆکی دنیای کارو سەرمایە،کەم ناکاتەوە.
کۆمەڵگەی کوردیش،وەک بەشێک لەکۆمەڵگەکانی جیهان،ژیان و پێگەی لەنێو ئەم سیستەمەدایە،بەردەوامیش ململانێ و ڕکابەریەکانی نێوان چینەکۆمەڵایەتیەکە دەبینرێت.
ئەم قۆناغەی پارتی کرێکارانی کوردستان،لەوەی لەگەڵ ڕێبەرەکەیدا،بەکوێ دەگەن،هێشتا پرۆسەیەکی بەئەندازەیەک نادیار ماوەتەوە،بۆ؟ چونکە،دەوڵەتی تورکیا،دەوڵەتێکی سەرمایەداریە وەک هەر دەوڵەتێکی تری دنیا،لەهەمان کاتیشدا،دەوڵەتێکی توند ڕەوی فاشی قەومی و دینیشە،لێرەدایە،زۆرترین گومانەکان،لەوەی ئەم دەوڵەتە ئامانجی شاراوەی لەم سەردەمی قەیرانەیداو لەو تەماحە گەورانەیشی هەیەتی بۆ دەست ڕاگەیشتنی بەو پرۆژە نوێیانەی لەناوچەکەدا سبەی ڕۆژ بون پەیدا دەکەن،بتوانێت،وەک یاری زانێکی بەتوانا ڕۆڵی هەبێت،چ لە ئاسیای ناوەڕاست یان لەوڵاتانی ئەفریکاو ڕۆژهەڵاتدا بێت،بۆیەشە،دەستی بردوە بۆ ئاوا چارەسەریەک و لانی کەم بتوانێت کۆتای بەم کێشەیەی بێنێت،کە بۆ دەوڵەتی فاشستی سەرمایەداری تورکیا،وەک گەورەترین سەر ئێشە بۆخۆی دەبینێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە لەڕێی برەودان بەوەی لانی زۆر سۆزێکیش لەنێو کۆمەڵگەدا دەڕوێنێت کە ئەوە ئێمەین پارێزەری کۆمەڵگەی کوردین لەنێو تورکیایەکی گەورەدا! بێگومان،ئۆج ئالان،بەشوێن،جۆرێک لەژیانی پێکەوەی و هەرەوەزی لەجۆری ئەو شێوە سۆسیالیستیەوەیە کە خۆی دەیبینێت،نەک ئەوەی مارکس پێی ئاشنا بوە،ئەویش کۆمەڵگەی دیموکراتی سۆسیالیستیە! بەڵام پرسیار ئەمەیە:ئاخۆ دەوڵەتی تورکیای سەرمایەداری،ئامادەیە کار بەو شێوازی بەرهەمهێنانە بکات و چەوساندنەوەی چینایەتی و قەومی بنبڕ بکات،یان ئامانجی گەورەی لەنێو ئەم پرۆسەیەدا،بون بە ئیمپراتۆریەتێکی هەیە،کە هاوشێوەی سەردەمی عوسمانیەکان بێت،بەتایبەتی لەکەسێتی ئەردۆغانیشدا؟ بێگومان،جەنگێکی بێ بڕانەوە لەم نێوەدا،دێتە ئاراوە گەر ئەم پرۆسەیە بگات بەسەرکەوتن،ئەویش برەودانە بەپێشوەچونی ململانێ چینایەتیەکان و زیاتر کۆتایهێنان بەهەژمونی قەومیەت پەرستی کە تا ئێستا سەپێنراوە بەسەر ژیانی چینەکۆمەڵایەتیە زۆرینەکەدا. بەڵام دیسان دەکەوینە نێو ئەو کۆدە ناڕونەوە کە لەلایەن خودی بەرەی پەکەکەوە و خودی ئۆج ئالانیشەوە،کە دەڵێن:گەر ئەم پرۆسەیە بەسەرکەوتن نەگات و مافە ڕەواکانی گەلی کورد دان پێدا نەنرێن لە تورکیادا،ئەوا،دەوڵەت دەکەوێتە بەردەم ڕوخان و تورکیایەک بونی نامێنێت لە ئایندەدا؟ ئەمە چی دەگەیەنێت؟
ئاخۆ ئەو دەوڵەتە چ قازانج و خێرێکی بۆ چینی کرێکاری تورکیا هەبوە،بێجگە لە بڕەودان بەچەوساندنەوەو بەکارهێنانیان لەپێناو بەرژەوەندیەکانی چینێکی دڕندەی میلیتارو سەرکوتگەری شۆفێنیستی نەبێت و ڕوخانەکەی گەر گریمانەی بکەین،بۆچی لە زەرەری ژیان و پێگەی چینایەتی زۆرینەکە دەبێت؟
بۆیە،ئەوەی ئاخۆ ئۆج ئالان دەبێتە ڕزگارکەری دەوڵەتی تورکیا،بۆخۆی زۆر لێڵە،یان بڵێین؛ئاخۆ خەبات و شۆڕشەکەی بەرەی پەکەکە لە پێناو ڕزگار کردنی دەوڵەتی تورکیادا بوە یان لەپێناو ڕزگار کردنی زۆرینەی چینەکۆەمەڵایەتیە چەوساوەکەی ناو تورکیادا بوە؟ لانی کەم دەوڵەتی تورکیا ئەندامی ناتۆیە،لەڕوی جوگرافیاکەیەوە پێگەیەکی قورس و قایمی هەیە،کە پێ ناچێت هاوشێوەی یەمەن و سوریاو غەزەو عێراق و ئەفغانستان بکەوێتە بەردەم جەنگێکەوە لەو شێوانە،بۆیە ئەم پرۆسەو ئەم بابەتە،پێویستی بەڕون کردنەوەی زیاترو ڕونتر هەیە لەلایەن خودی ئۆج ئالانی زیندانی کراو لەگەڵ پەکەکەدا!
گەرنا،خوێندنەوەکان وا دەردەکەون،کە ئەوە دواجار ئەردۆغان لەتوانایدا دەبێت ئەم هەلە لەپێناو مانەوەی خۆیدا لەسەر کورسی دەسەڵات بەکار بهێنێت و کۆی بەرژەوەندی زۆرینەکەش لەو وڵاتەدا،هەر بەشێوازی دنیای بەرهەمهێنانی سەرمایەاری بهێڵرێتەوەو جیاوازیە چینایەتی و قەومیەکانیش بگرە زیاتر بکرێن و قەیران و بارگرانیەکانی سەر ژیانی زۆرینەکەش قورستر بکرێنەوەو دەوڵەت لەدواجاریشدا ڕێگە نەدات،کۆی بەرپرسانی قەندیل و ئیمراڵی و زیندانیەکانیش بگەڕێنەوە ناو باکورو تێیدا برەو بەو خەبات و بەدەست هێنانی ژیانە حورمەتدارانە بدەن کە تا ئێستا بەشوێنیەوەن و خەبات و شۆڕشیان لە پێناودا کردوە!
14/05/2025
Leave A Reply

Your email address will not be published.