پیرۆزبێت 1 ئـــایــار جەژنی جیھانی کرێکاران و چەوساوانی جیھان .. ڕۆژی گەشەپێدان و ھاوبەشی چینی کرێکاران بۆ ھێنانەدی ماف و ژیانی باشتر ..
شۆفێران ، کرێکاران ئەگەر لە گۆشە نیگایی چینایەتی سەیری کۆمەڵگەی کوردستان بکەین ، کوردستان بەدەر نیە لە قەیرانو کێشە چینایەتیەکان کە گیرۆدەی دەسەڵاتێکی چەوسێنەر وگەندەڵ کە کۆمەڵگای کوردستانی بەرەو دابەش بوونی چینایەتی دەبات ، کە ئەمەش خەڵک زیاتر ھەژار و بێکار و برسی دەکات .. وە کۆمەڵگا جارێکی تر دەگەرێتەوە بۆ دواوە و خەڵک ڕاپێچی کۆنە پارێزی چەوسانەوە دەکات ..
لەو چوارچێوەیەدا بە گشتی شۆفێرانیش بە دەرنین لەو کێشە چینایەتیانەی کە روو بەروویان دەبێتەوە ، وەکو ماف و گرانبوونی نرخی سوتەمەنی و نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی و نەبوونی سەلامەتی کار و وەنەبوونی سەلامەتی ژیانیش .. ھەروەھا خراپی رێگاوبان ، کە بۆتە ھۆکاری رۆژانەی کارەساتی جۆراوچۆر کە بە گیانی شۆفێران و ھاوڵاتیانی بەشمەینەت کۆتایی دێت ، ئەمە بێجگە لە زەرەرو زیانی مادی .. بەھۆی ئەو باردۆخەوە کە دەسەڵات خوڵقاندوویەتی ، سەندیکایەکی راستگۆ و دلسۆزمان نیە ، کە بەرگری لە شۆفێران بکات ، ئەو سەندیکایانەی کە ھەن ھەمووی لە دژی ماف و بەرژەوەندی شۆفێراندان و بۆ ڕاگرتنی و بەرگری کردنە لە دەسەڵات ..
ھەر بۆیەئێمە وەکو ،
ڕێکخراوی شۆفێرانی تەکسی
خۆمان بە بەرگری کاری سەرسەختی شۆفێرانی بەشمەینەت و زەحمەتکێش دەزانین ، لە بەدی ھێنانی ماف و داواکاریەکانی شۆفێران بە گشتی ، کە ئەمانەی خوارەوەن …


— ھەرزان کردنی نرخی بەنزین بۆ ٤٥٠ دینار بۆ ھەر لیترێک، وەک شارەکانی باشوور و ناوەراستی عێراق ..
— دابین کردنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ھەموو شۆفێران بەبێ جیاوازی ..
ــ برینەوەی مووچە بۆ شۆفێرانی بە ساڵاچوو کە توانای کاری شۆفێریان نەماوە ..
ـــ بە ھەموو شێوەیەک یاسایی زۆرە ملێی بەرامبەر شۆفێران رەت دەکەینەوە ، وەک « بریاری لۆگۆ » کە ئەمەش باج وقورسایی ژیان دەخاتە سەرشانی شۆفێرانی زەحمەتکیش ..
بۆیە داواکارین بە زووترین کات ، حکومەت ئەم بریارە ھەڵبوەشێنێتەوە و پێویستە حکومەت بە ڕاوێژ لەگەڵ شۆفێران ، یاسایی رێکخستنی کاری تەکسی بۆ شۆفێران دەربکات ..
— نۆژنکردنەوەی ڕێگاوبانەکان، بۆ ئەوەی کارەساتی دڵتەزێن و رووداوی ھاتووچۆ کەم بکرێتەوە .. شۆفێرانی زەحمەتکێش ..
ئێمە وەک « رێکخراوی شۆفێرانی تەکسی » تەکید لە جێ بەجێ کردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە دەکەینەوە و تێکۆشانی لە پێناودا دەکەین ، و داواکارین لە شۆفێران و ھاوڵاتیانی بەشمەینەت کەھاوکارو پشتیوانمان بن لە بەدی ھێنانیاندا …
بــەرزو پیرۆزبێت 1 ئـــایــار ڕۆژی ھاتنە مەیدانی کرێکاران و چەوساوان لەجیھاندا .. تێکۆشان بۆ ھێنانەدی نان ، کار ، ئازادی زامنی ھێنانەدی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەرانی یەکسانە ..
رێکخراوی شۆفێرانی تەکسی
پێنچ شەمە 2025/5/1 ئایار – گوڵان
