ژنانی کرێکار لەمێژوویی ١ی ئایاری رۆژی جیهانی کرێکار دا !
تەلار سابیر
١ی ئایار رۆژی جیهانی کرێکاران، سیمبولی خەباتی کرێکاران بۆ دەستەبەرکردنی مافی بەرابەر، هەلومەرجی کاریی باشترو بە فەرمی ناساندنی رۆڵی کرێکار لە گەشە کردنی ئابووری و کۆمەلایەتیی. مێژووی ئەم رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم لە وڵاتی ئەمریکا، کاتێک کرێکاران ناڕەزایەتییان دەربڕی و دەستیان بە مانگرتن کرد، ئەوان خوازیاری کەم کردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن بوون. رۆڵی ژنان لەم رۆژەدا گرینگ و بەرجەستە بووە و هەیە.
ژنان هەر لە سەرەتاوە لەپاڵ پیاوان بۆ هەلومەرجی کاری باشتر، مافی یەکسان و بەتایبەت بەرابەری حەقدەست و کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن لە هەوڵ و تێکۆشاندا بوون.
رۆزا لۆکزامبورگ، کلارا زتکین لە ژنانی چالاک و پێشڕەو لە درێژایی مێژوودا لە لە بزوتنەی کرێکاری و فۆرم گرتنی رۆژی جیهانی کرێکاردا ڕێبەرایەتییان هەبووە و هەتا ئەمڕۆیش ژنانی کرێکار لە سەرتاسەری جیهان لە ڕیزی پێشەوەی خەباتدان بۆ دەستەبەرکردنی مافی بەرابەری بۆ کرێکاران بەتایبەت ژنان.
کلارا زتکین لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ڕێکخستنەکانی ژنانی کرێکار، باوەری بەوە هەبووە کە دەبێت ژنانی کرێکار زۆر زیاتر لە خەبات و ململانێدا بن، هەم خەبات دژبە زوڵم و زۆری رەگەزی و هەم خەبات دژ بە سیستەمی سەرمایەداری.
ژنانی کرێکار یەکێک لە خەسارهەڵگرترین توێژەکانی کرێکاری کۆمەڵگان و بە درێژایی مێژوو رۆڵیان لە دەستکەوتی ئابوری و پەرەپێدانی بوارەکانی کۆمەڵایەتیدا هەبووە بەڵام کارەکانیان زۆر بە کەمی لەبەرچاو گیراوە، لە سەرتاسەری جیهاندا بە شێوەگەلی جیاواز رووبەڕووی نابەرابەری و جیاکاری بوونەتەوە، لە سەردەمی پێشکەوتوی ئەمڕۆیشدا کە مافەکانی مرۆڤ بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە ژنانی کرێکار هەروەک پێشوو رووبەرووی جیاکاری و ناعەداڵەتی دەبنەوە.
ژنان لە شوێنی کاردا تەنانەت لەو شوێنانەی کە هاوشێوەی پیاوانیش کاردەکەن حەقدەستی کەمتر لە پیاوان وەردەگرن، بە پێی ئاماری ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی حەقدەستی ژنان لە سەدا بیست کەمترە لەو حەقدەستەی کە پیاوان وریدەگرن.
گرێبەستی کاتی، نەبوونی بیمە، هەروەها نەبوونی مۆڵەتی دوای منداڵبوون و نەبوونی هیچ گرنتییەک بۆ گەڕانەوە سەرکاری پێشوو بۆ ژنان دوای منداڵبوون، لە کێشە سەرەکییەکانی ژنانی کرێکارە.
شوێنکاری ژنانی کرێکار دەتوانێت گۆڕەپانی شێوازەکانی توندوتیژی و ئازاری ڕەگەزی دژ بە ژنان بێت، کە زۆربەی کات لە ترسی دەرکردنیان لە کار، بە نهێنی دەمێنێتەوە و هیچ سکاڵایەک ناکەن. ژنان کەمتر لە پیاوان دەرفەت و پێگەی بەڕێوەبردن یان بڕیاردانیان بۆ دەڕەخسێت تەنانەت ئەگەر ئاستی خوێندەواری و لێهاتووییشیان زیاتر لە پیاوان بێت، ئەم جۆرە جیاکارییە، ڕێگە بە ژنان نادات کە لە کار و پیشەی خۆیاندا بەرەوپێش بچن و پلەی سەرتر بەدەست بهێنن.
ژنان جیالەوەی کە لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی زۆری کاری ناوماڵ و ئەرکی پەروەردەی منداڵیشیان لەسەر شانە، کە ئەم گوشارانە دوو ئەوەندە توانایی جەستەیی و دەروونی ژنان کەم دەکاتەوە و تەنانەت توانایی گەشەی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیشیان لێوەردەگرێتەوە. ئەو یاسایانەی سەبارەت بە کاری ژنان دادەندراوە هەر لەلایەن پیاوان پەسەند و رەدیش دەکرێنەوە بە بێ ئەوەی هیچ پرس و راوبۆچوونێک لە ژنان وەرگیرابێت.
بەرپرسان وکاربەدەستان لەجیاتی خودی ژنان بڕیاریان بۆ دەدەن و لە کاتی گوشاری ئابووری و بێکاریدا یەکەم هەوڵ و هەنگاوی سەرمایەداران کەمکردنەوەی حەقدەستی ژنان و سڕینەوەو دەرکردنی ژنانە لە بازاڕی کاردا. بۆ نەهێشتنی ئەم زوڵم و زۆرو جیاکارییەی لەسەر ژنان بە گشتی و بەتایبەتتر لەسەر ژنانی کرێکار هەیە دەبێت دەزگاو ڕێکخراوە سەربەخۆکان بۆ چاودێری کردن و وەڵامدانەوەی سکاڵای ژنانی کرێکار و ڕووبەڕووبونەوەی هەرجۆرە توندوتیژییەکی ڕەگەزی لە شوێنی کارەکەیان، کار بکەن.
دەبێت یاساکانی کارکردن گشتگیرترو وردتر بن بۆ پشتیوانی لە ژنانی کرێکار و نەهێشتنی جیاکاری رەگەزی و خاوەن کار و کرێکاران فێر بکرێن و هۆشیار بکرێنەوە لەسەر مافەکانی ژنان و گرینگی یەکسانی ڕەگەزی.
لە نێو ماڵدا بە شێوەی یەکسان و عادڵانە کار دابەش بکرێت لە نێوان ژن و پیاودا. دەبێت پشتیوانی لەڕێکخراوەکانی ژنان بکرێت بۆ بەهێزتر بوونیان و تواناسازی ژنان و بەرگری کردن لە مافەکانیان.