ڕاگەیەندراوی كۆنفرانسی هاوبەشی هێز و لایەنەكانی ڕۆژاوای كوردستان لە سووریا !
پێشەکی:
لە چوارچێوەی یەکێتی نيشتيمانیی سوريدا، دهكۆشين بۆ به هێزتركردنی ڕۆڵ و هاوبەشی نیشتمانی لەسەر بنەمای دادپەروەری، یەکسانی، دیموکراسی و ئازادی ژنان و لەسەر ئەو بنەمایەش داواكاری هاوبەشی کوردی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە سوریادا پێشكەش دەكەین:
یەکەم/ لە بواری نیشتمانی سوریدا:
1- سوریا دەوڵەتێکی فرەنەتەوەیی، کولتووری، ئاینی و تائیفییە کە دەستوورەکەی مافی هەموو پێکهاتەکانی سوریا دەستەبەر دەکات، لەوانە عەرەب، ئاشووری، چەرکەس، تورکمان، کورد، عەلەوی، دروز، ئێزیدی و مەسیحی… بە پرەنسیپی سەرو دەستووری.
2 – دەوڵەتی سوریا پابەندە بە پەیمان و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپی هاوڵاتیبوونی یەکسان.
3 – سیستمی حوکمڕانی لە سووریادا سیستمێکی پەرلەمانی دوو ژورییە و پشتدهبهستێت به فرەیی سیاسی و گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و، بنهمای جدابوونی دهسهڵاتهكان، هەروەها پشتدهبهستێت به دەسەڵاتی ئەنجومەنی هەرێمەکان لە چوارچێوەی سیستەمی لامەرکەزیدا.
4 – سوریا لامەرکەزییە، دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامان لە نێوان ناوەند و دهڤهرهکاندا دەستەبەر دهكات.
5 – دەبێت ناوی دەوڵەت و ئاڵاکەی و سرودی نیشتمانی، گوزارشت لە فرەچەشنی نەتەوەیی و کولتوری کۆمەڵگەی سووریا بکات.
6 – بێلایەنی دەوڵەت بەرامبەر ئایین و بیروباوەڕەکان و، مافی پراکتیزەکردنی ڕێوڕەسمی ئایینی و دانپێدانان به ئایینی ئێزیدی وەک ئایینێکی فەرمی لە دەوڵەتدا.
7 – پهسهندكردنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی گشتگیر کە تایبەتمەندی پێکهاتە جیاوازەکان لەبەرچاو بگرێت.
8 – دەستەبەرکردنی یەکسانی دەستووری نێوان ژن و پیاو و، نوێنەرایەتیکردنیان لە هەموو دامودەزگاکاندا.
9 – پاراستنی مافی منداڵان کە لە پهیمانه ڕاگەیەندراوەكەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە دەرچووە و چاودێریکردن و هاوکاریکردنیان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان و فراوانکردنی ئەو دەرفەتانەی لەبەردەستدان بۆ پەرەپێدانی وزە و تواناکانیان، بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییە تایبەتەکانیان کە لەگەڵ سروشت و تەمەنیاندا دەگونجێت.
10 – سەرلەنوێ سەیرکردنەوەی دابەشبوونە ئیدارییەکانی ئێستا، بە لەبەرچاوگرتنی چڕی دانیشتوان (بارستەی مرۆڤ و ڕووبەر) و جوگرافیا.
11 – وەرگرتنەوەی ئەو شوێنەوار و شوێنەوارە تاڵانکراوانەی سوریا، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و گواستنەوەیان بۆ شوێنی ئەسڵی خۆیان.
12 – هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچە کوردستانییەکان و هەموو ناوچەکانی سوریا و، دەستەبەرکردنی گەڕانەوهی سەلامەتی ئاوارە و پەنابەران و ئەوانەی بە زۆر ئاوارە كراون بۆ ماڵەکانیان، لەوانەش خەڵکی سەرێکانی (رأس العین)، کرێسپی و عەفرین.
13 – پێکهێنانی ئەنجوومەنێكی دامەزرێنەر به چاودێری نێودەوڵەتی کە نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی سوریا لەخۆ بگرێت، بۆ داڕشتنی دەستوورێک بە بنەما دیموکراسیەکانەوە، هەروەها پێکهێنانی حکومەتێک لە هەموو ڕەنگ و پێكهاتهكانی سوریا بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی تەواوەوە.
14 – مافی ڕادەربڕین و فێربوون بە زمانی دایکی و پراکتیزەکردنی ڕۆشنبیری وهكو مافێک بۆ هەموو پێکهاتەکان.
15 – ناساندنی 8ی ئازار وەک ڕۆژی ئافرەتان.
دووەم/ لە بواری نەتەوەیی کوردیدا:
1 – یەکخستنی ناوچە کوردنشینەکان وەک یەکەیەکی سیاسی و ئیداری یەکانگیر(متكاملة)، لە چوارچێوەی سوریایەکی یهكگرتوودا (اتحادی).
2 – داننان بە بوونی نەتەوەیی گەلی کورد لە سووریادا وەک گەلێکی ڕەسەن و دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی لە ڕووی دەستوورییەوە بە پێی پەیمان و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش مافی بەکارهێنانی مافە سیاسی و کولتووری و ئیداریەكانیان بە شێوهیهكی ئازادانە و یەکسان.
3 – پێزانینی قوربانیدانی شەهیدانی شۆڕشی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزە ئەمنییەکان و ئەو دەستگیرکراوانەی لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ئەو شەهیدانەی کە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و کۆمەڵکوژیەکانیدا گیانیان له دهستداوه و پاڵپشتیکردنی بنەماڵەکانیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بە پێی دەقی یاسایی.
4 – بە لەبەرچاوگرتنی گەنجان وەک هێزی کارا لە کۆمەڵگادا، دەبێت بەشداری و نوێنەرایەتی دادپەروەرانەیان لە هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتدا مسۆگەر بکرێت.
5 – دانپێدانانی دەستووری به زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی شانبەشانی زمانی عەرەبی لە وڵاتدا و دەستەبەرکردنی فێرکردن و فێربوون پێیهوه.
6 – دامەزراندنی ناوەند و بەشە پەیوەندیدارەکان بە زمان و میرات و مێژوو و ڕۆشنبیری کوردی و کردنەوەی ناوەند بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بە زمانی کوردی(له ڕادیۆ و تەلەفزیۆن) و دەرکردنی پەڕتووك و گۆڤار و بڵاوکراوە و کردنەوەی سەنتەری خوێندن و توێژینەوە و دروستکردنی پەیمانگا و زانکۆ لە ناوچە کوردستانییەکاندا.
7 – دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوهكانی یاسادانان، دادوەری، جێبەجێکردن و ئەمنییەکانی دەوڵەتدا.
8 – ڕۆژی 21ی مارس وەک پشووی فەرمی نەورۆز لە وڵاتدا و ڕۆژی 12ی ئازاریش وەک ڕۆژی یادکردنەوەی ڕاپەڕینی قامیشلۆ پەسەند بکرێت.
9 – هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو سیاسەت و ڕێکار و یاسا تایبهتانهی کە لە دژی کورد جێبەجێ دەکران؛ وەک پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبی و پڕۆسەکانی بەعەرەبکردن لە ناوچە کوردنشینەکاندا و قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەو سیاسەتە جیاکارییانەوە زیانیان بەرکەوتووە و گەڕاندنەوەی هەلومەرجەکان بۆ ئەوەی پێش دەرچوونیان هەبوون و هەڵوەشاندنەوەی ههموو ئەو ڕێکەوتنە نهێنی و گشتیانەی کە کاریگەرییان لەسەر سەروەری سوریا و بوونی کورد هەیە.
10 – گەڕاندنەوەی ڕەگەزنامەی سوری بۆ ئەو هاووڵاتیە کوردانەی لێیان زەوت کراوە بە پێی سەرژمێری ساڵی 1942؛ ئەوانەی ماونەتەوە و ئهوانهی بێ بەڵگەنامەن.
11 – پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچە کوردستانییەکان و تەرخانکردنی ڕێژەیەک لە داهاتەکانی سەروەت و سامان بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە، بە هۆی پەراوێزخستنی سیستماتیکی و پشتگوێخستنی بە ئەنقەست لە قۆناغەکانی پێشوودا.
