لە ٨ی مارسدا شەرمەزاری بۆ ئەوانەی دەنگیان دا بە کۆیلایەتی ژنان!
ڕیبوار ئەحمەد:
ئەمساڵ دوای ڕوداوێکی گەورە و کارەساتبار پێشوازی لە ڕۆژی جیهانی ژنان دەکەین. ئەویش گۆڕانکاریە لە یاساکانی باری کەسێتی عێراقی. ئێمە وەکو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی هەروەها گشت بزوتنەوەی یەکسانیخوازی زیاتر لە ٣٠ ساڵە خەبات دەکەین بۆ گۆڕینی یاسا کۆنەپەرستانەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس.
ڕۆژگارێک کە دەستمان بەم کارە کرد، تیرۆر و ڕەشەکوژی ژنان لە سایەی دەسەڵاتی بورژوازی کوردیدا بەوپەڕی خۆی گەیشتبوو. لە ڕاستیدا ئەوە خودی حزبە بۆرژوازیە کوردیەکان بوون کە هەندێک جار ڕاستەوخۆ و هەندێک جاریش ناڕاستەوخۆ، بە بەهانەی چەپەڵی ناموسپەرستی و پاککردنەوەی شەرەف لە پشتی کوشتاری ژنانەوە ڕاوەستابون.
ئەوان کە دەرهەق بە خەڵکی کوردستان و مافە هەرە سەرەتاییەکانیان تۆزقاڵێک شەرافەت و پرنسیپ لە خۆیان نیشان نادەن، ژنانیان کوشتار دەکرد بە بەهانەی شەرەف. بە دەمی خۆیان ڕایانگەیاند کە یەکێک لە پاساوەکانیان بۆ پەلاماری چەکدارانەی کۆمۆنیستەکان و ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان، پێداگریان بوو لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەو یاسایانە و دانانی یاسای یەکسانی ژن و پیاو لە جێگایان.
دوای ئەوەی ئەم پاککردنەوەی شەرەفە داڕزیوە بە ئەندازەی کیمیابارانەکەی هەڵەبجە کوشتاری لەژنان کرد، دوای ئەوەی کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا گوشارێکی توندی لە دژیان هەڵخڕاند، ئەوکات ئەم حزبانە ڕیاکارانە کەوتنە هەڵوەراندنی فرمێسکی تیمساحی بۆ کوشتاری ژنان و لە دەمی تاڵەبانی و بارزانیەکانەوە باسی “وەکویەکی مافی ژن و پیاو”یان کرد و لافی بەرگری لە مافی ئافرەتانیان لێدا.
تەنانەت گوایە بڕیاریان بۆ قەدەغەکردنی کوشتاری ژنان دەرکرد و تەنانەت چەندین دامودەزگایان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ژنی کوژی دامەزراندوە. هەڵبەت هەموو ئەمانەیان بەناچاری و تەنها بۆ خۆڵکردنەی چاوی خەڵک کرد. بەکردەوە ئەوەی تاڕادەیەک گۆڕانی بەسەرهات تەنها سیناریۆکانی کوشتنی ژن بوو، لە جیاتی ئەوەی بە شانازیەوە بڵێن ژن دەکوژین بۆ ئەوەی شەرەفمان پاک بکەینەوە، کەوتنە ناچارکردنی ژنان بە خۆسوتاندن و تەنانەت هەندێک لە پیاوەکانی بنەماڵە ژنەکان دەسوتێنن و پاشان دەڵێن نەخۆشی دەرونی هەبوو خۆی سوتاندوە. سەرجەم یەک کەیسی دادگایی و سزادانی جدی بکوژی ژنان لە کوردستاندا نیە کە ژنکوژان عیبرەتی لێوەرگرن.
بەڵام ئەوەی ئەمجارە ڕویداوە، پەردەی لەسەر هەموو ئەو دوڕوویی و ڕیاکاریانە و دژە ژنی ئەم حزبانە هەڵماڵی و تۆزقاڵێک گومانی لەمەدا نەهێشتەوە. هاوپەیمانی شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق، بەپێی خەسڵەتی کۆنەپەرستانەی خۆیان، بە ئاراستەی توندترکردنەوەی کۆیلایەتی ژنان، ئاڵوگۆڕی یاساکانی باری کەسێتیان خستە بەردەم پەرلەمان.
ئەوان وەکو هەمیشە ڕێک بە پێچەوانەی ویستی ئەو خەڵکەی کە گوایە نوێنەرایەتیان دەکەن جوڵانەوە، هەر ئەو خەڵکەی کە نیوەیان ژنن. خەڵک داوای گۆڕێنی ئەو یاسایانەی دەکرد بە قازانجی ئازادی و دانانی ڕێزی زیاتر بۆ ژنان، بەڵام ئەوان دروست بە پێچەوانەوە داوای گۆڕینی یاساکانیان کرد بە ئاراستەی توندکردنەوەی کۆتی کۆیلایەتی لە دەست و پێی ژنان و رەواجدان بەچەندژنە و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵانی کچی ساوا و سەندنەوەی کۆمەڵێکی تر لە مافە سەرەتاییەکانی ژنان. دیارە ناکرێ چاوەڕوانیەکی لەمە زیاتر لە هیچ کام لە مەزهەباکانی ئیسلام بکرێت.
ئیسلامیە سونیەکان لە بری دەنگدانیان بەم ئاڵوگۆڕە بەخشیشی خۆیان وەرگرت و یاسای لێبوردنی گشتیان بۆ کۆنەبەعسی و داعشەکان حاسڵ کرد. بەڵام لەم نێوەدا دوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی کە لە کوردستان لەژێر گوشاری بەرەی ئازادیخوازیدا لافی بەرگری لە مافی ژنان لێدەدەن و گوایە چەندژنەیان لانی کەم مەشروت کردوە و دەزگایان بۆ پاراستنی ژنان دامەزراندوە، دەنگیان دا بەم ئاڵوگۆڕە کۆنەپەرستانەیە.
ئەوان لەبەرامبەر هەندێک ئیمتیازی حەقیرانەی مالی و داشبەداشکردن لەگەڵ ئەو کەیسانەی کە بەپێی فڕوفیشاڵی “سازشیان لەسەر ناکەین” گوایە بە “خەبات و بەرخۆدان” وەریان دەگرتەوە، دەنگیان دا بە کۆیلایەتی ژنان!
دەنگیان دا بە هاندان و پشتیوانی لە چەندژنە! دەنگیان دا بە دەستدرێژی سیکسی بۆ سەر منداڵانی کچ. مافی ژنان و کچانیان هەرزانفرۆش کرد بەو کەیسە قەومیانەی کە گوایە بڕیاربوو بە پاڵەوانبازی بارزانی و تاڵەبانی چارەسەری بکەن.
ئەم کارەیان دەبێ وەکو تاوانێکی زۆر گەورە ڕیسوا و شەرمەزار بکرێت. ئەوان بەم کارەیان پەردەیان لەسەر پوچی هەموو پڕوپاگەندەکانی خۆیان دەربارەی مافی ژن هەڵماڵی.
ئەم دوو حزبە کە دەست و پێوەندەکانی خۆیان لە پەرلەمانی عێراق ئاراستەکرد بۆ دەنگدان بەم ئاڵوگۆڕە، ئیتر بە کردەوە ڕاوەستان لە پشتی کۆیلایەتی ژنانیان هەڵبژاردوە و تاوانێکی زۆر گەورەیان دەرهەق بە ژنان و منداڵانی کچ ئەنجامداوە .
کارەسات ئەوەیە بەشێک لە بوکەڵە قورمیش کراوەکانی ناو پەرلەمانی عێراقیان خۆیان ژنن و دەنگیان داوە بە کۆیلایەتی خۆیان! ئەم کارە لەڕادەبەدەرسوک و ڕیسوایە! شایانی بەرجەستە کردنە، کە فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی لە ژێر گوشارێکی سیاسیدا ناچار نەکراون بە دەنگدان بەم ئاڵوگۆڕە.
بەڵکو لە بەرامبەر بەرژەوەندی حەقیرانەی مالی و بێجەسارەتی سیاسیان دەرحەق بە کەیسە قەومیەکانی کەرکوک، ئەم کارەیان کردوە. دوبنەماڵەی تالەبانی و بارزانی هیچ بستێک زەوی ژێرپێی خەڵک و نەوت و داهاتێکی کوردستان نەماوە نەیفرۆشن، بە هەزارو یەک ڕێگا و بەهانە زەرەیبە لەخەڵک وەردەگرن، بەبێ ئەوەی وەکو دەوڵەتانی دنیا هیچ خزمەتگوزاریەک لە بری ئەو زەوریبەیە پێشکەش بە خەڵک بکەن، تەنانەت موچەی ئەوانەش نادەن کە کاریان بۆ دەکەن، هەموی تاڵان دەکەن، هەر تێرناخۆن و مافەکانی ژنان و کچانی ساواشیان هەرزانفرۆش کرد. هەڵبەت تەنها یەکێتی و پارتی تاوانبار نیین لەم مەسەلەیەدا، سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکەی کوردستان، لەوانە نەوەی نوێ کە لافی پێشکەوتنخوازی لێدەدات، شەرمۆکانە چۆکیان بۆم ئەم ئاڵوگۆڕە داداوە. بەڵام ئەوە خۆیانن دەبێ ڕونی کەنەوە کە ئەوان بۆ چ بەرژەوەندیە،
