ڕژێمی ئیسلامی ئێران 151 بنکە و بارەگای سەربازی نوێی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە!

0
ئەڵتەرناتیڤی شورایی /
ئەمڕۆ یەكشەممە،٢/٣/٢٠٢٥ کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی بە دەنگی ئەمەریکای وت “ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێ لەسەر سنورەکان و زیاتر لە 151 بنکەی دروستکردون، لە کاتێکدا تورکیا 74 بنکە و بارەگای لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم بونیاتناون”.
هەروەها وتیشی “ئێران بە قوڵایی 5 بۆ 10 کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بنکە سەربازییەکانی دروستکردوون، بەڵام تورکیا 35 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمەوە و بنکەی سەربازی داناوە”.
دەنگی ئەمریكا ئاماژەی بەوەداوە، لە سنوری قەزای مەندەلی پارێزگای دیالەوە هەتا ناوچەی سیدەکان، بەشێک لە خاڵ و رەبییە سەربازییەکانی ئێران هێندە نزیکن لە گوندە کوردییەکانەوە، بە ئاسانی هەست بە جموجۆڵی سەربازە ئێرانییەکان دەکرێت.
ناوچە سنورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقەوە دەپارێزرێن، هەرچەندە پێکهاتەی ئەو هێزانە کوردن بەڵام سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقن.
هاوکات سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کە ئامادە نەبووە ناوی ئاشکرابکرێت دەڵێت “ئێران لە هەندێک ناوچە خاڵ و رەبیەی سەربازی لەناوچەی بەرز و ستراتیژی ناو سنوری هەرێمی کوردستان دروستکردووە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم لەمە ئاگادارە، بەڵام تائێستا لە ئەنجومەنی وەزیران باس نەکراوە، چونکە ئەمە ئیشی حکومەتی عێراقە”.

Leave A Reply

Your email address will not be published.