تووڕەییەکان پێویستە ئاڕاستەی سەرمایەداری بکرێ کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانە

0


یەکەم:
لە دواین هەڵبژاردنی ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتی کە لە ٤/١١/٢٠٢٤ بەڕیوە چوو، ٨٩ ملیۆن کەس کە
زۆرینە بوو، بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد، ئەمە زۆر زیاتر بوو لەوانەی دەنگیان بە ترامپ داوە کە
تەنها ٧٦ ملیۆن دەنگی هێنا.

زانکۆی فلۆریدا لە ئەمریکا، بەشێکی هەیە کە پێی دەوترێت (تاقیگەی هەڵبژاردن-ئیلێکشن
لابرەتۆری) (١) کە بە دیقەتەوە تۆماری هەموو دەنگدانەکانی ئەمریکا لە خۆ دەگرێ و لێکۆڵینەوە و
شیکاری بۆ ئەنجامەکانی ئەکات. تاقیگەی هەڵبژاردنی زانکۆی فلۆریدا ئەم تۆمارانەی لای خوارەوەی
بڵاوکردۆتەوە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی رابردوو، کە دۆناڵد ترامپ براوەی بوو.
سەرجەم دانیشتوانی ئەمریکا نزیک بە ٣٣٤ ملیۆن کەسە. سەرجەم ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە،
نزیک بە ٢٤٥ ملیۆن کەسە. سەرجەم ئەوانەی دەنگیان نەدا و بایکۆتیان کردبوو سەرەڕای ئەوەی
مافی دەنگدانیان هەبوو ٨٩ ملیۆن کەس بوون.

 

سەرجەم ئەوانەی دەنگیان بە دۆناڵد ترامپ دابوو
٧٦.٩ ملیۆن کەس بوون. سەرجەم ئەوانەی دەنکیان بە کامیڵە هاریس دابوو ٧٤.٤ ملیۆن کەس بوون.
ڕێژەی دەنگدەران بە پێی ویلایەتەکان جیاواز بوو، بۆ نموونە لە ویلایەتی (مینیسۆتا) ئەوانەی دەنگیان
دابوو بە ڕێژەی ٧٦٪ بوو، وە لە ویلایەتی (هەوای) ژمارەی بەشداربووان بە رێژەی ٥٠٪ بوو.

لێرەدا ئەوەی سەرنچ ڕاکێشە ئەوەیە کە ژمارەی ئەوانەی بایکۆتیان کردووە و دەنگیان نەداوە کە ٨٩
ملیۆن کەسە، ئەم ڕێژەیە زۆر زیاترە لەوانەی کە دەنگیان داوە بە هەر یەک لە کامیڵە هاریس کاندینی
دیموکراتەکان و دۆناڵد ترامپ کە ئێستا بووە بە سەرۆک. دەنگەکانی ترامپ بە ڕێژەی سەدی ئەکاتە
تەنها ٣١.٣٪ دەنگی دەنگدەرانی ئەمریکا. ئەم ڕێژەیە کەمترە لە سێ یەکی ژمارەی دەنگدەرانی
ئەمریکا. ترامپ نووێنەری کەمینەیەکی زۆر کەمە. ئەوەی کە ترامپ ئیدیعای ئەکات و ئەڵی من بە
ڕەزامەندی و بە بڕیاری زۆرینەی دانیشتوانی ئەمریکا بوومە بە سەرۆک، درۆیەکی گەورەیە. ئەگەر
تەنها ١٪ی ئەوانەی دەنگیان دابوو بە ترامپ، دەنگیان بدایە بە هاریس، ئەوا هاریس براوە بوو، وە
ئیستا ترامپ لە چاوەڕێی چوون بۆ زینداندا بوو.

خەڵکی ئەمریکا کە بە تەجرەبەی خۆیان بۆیان دەرکەوتووە بە دەنگدانیان بە هەر کام لە دوو حیزبەکە
هیچ لە ژیانیان ناگۆڕێ، وە تا دێ هەژارتر و بێ ماف تر ئەبن و تا دێ سەرمایەی سەرمایەداران
ئەچێتە سەرەوە لەسەر حیسابی ناهەموارکردنی ژیانی کرێکاران و وێرانکردنی کۆمەڵگا. ئیتر تاقەتیان
چووە لەوەی کاتی خۆیان بە دەنگدان و بەشداری لە هەڵبژاردندا بەفیڕۆ بدەن.

 

خەڵکی ئەمریکا تووڕەن لە سەرمایەداری و هەردوو حیزبە سەرەکییەکە، وەک دوو دیوی یەک دراو ئەیبینن. ئەوان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە بردنەوەی هەر کام لە حیزبەکان هیچ هیوایەکیان لێ چاوەڕوان ناکرێ کە گۆڕانکاری ئیجابی لە ژیانی سەختی کرێکاران و هەژارانی ئەمریکادا بکەن.

لە ئەمریکادا کە لە ١٩٤٥ ەوە تا ٢٠١١ بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی بە دڕندانەترین شێوە
سەرکوتکرابوو، وە سۆشیالیزم لە (قەدەغەکراوەکان) بوو، بەڵام لە ٢٠١١ ەوە لە دوای بزووتنەوەی
ئۆکیوپای وۆڵ ستریت – شەقامی وۆڵ داگیربکەن (کە ناوەندی بانکەکانی ئەمریکایە) ئەو دەقە شکا و
لەوکاتەوە جارێکی تر بزووتنەوەی کریکاری و کۆمۆنیستی سەری دەرهێناوەتەوە و ڕێکخراوبوون و
پێکهێنانی سەندیکا و پەیوەستبوون بە نەقابە کرێکارییەکانەوە، سەرەڕای فشار و ڕێگری زۆری
کۆمپانیاکان، لە گەشەسەندندایە و لانیکەم ئێستا کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی سۆشیالیست ئەتوانن بە
ئاشکرا باسی سۆشیالیزم بکەن. لە ئیستادا تاکە هیوایەک بۆ کۆمەڵگای ئەمریکا، ئەم بزووتنەوەیە و
ئایندەکەیەتی، کە گەشە بکا و بتوانێ ئەڵتەرناتیڤێکی تر و جیاواز لەمەی ئێستا بخاتە بەردەم
کۆمەڵگەوە.

یەکێک لە ڕێگاکانی بەردەم چینی کرێکار و خەڵکی ناڕازی و هەژارکراوی ئەمریکا ئەوەیە کە
تووڕەییەکانیان لەم سیستەمە لەم حاڵەتی بەرگرییە دەربهێنن و هەر بە بایکۆت ڕازینەبن و ئەو
ئەزموونەی کە لە کاتی گرانی گەورەدا و لە ساڵانی ١٩٣٠یەکاندا ئەنجامیاندا، کە لەوکاتەدا خۆیان
ڕێکخست و بە لێشاو بوونە ئەندامی حیزبە کۆمۆنیست و سۆشیالیستتیەکان و بە ژمارەی زۆر
پەیوەستبوون بە نەقابە کرێکارییەکانەوە، کە لەو کاتەدا بەو خۆڕیکخستن و یەکگرتنەیان توانیان لە
یەکێک لە قوڵترین ئەزمەکانی سەرمایەداریدا، داخوازییە ڕەواکانیان بسەپێنن بەسەر بۆرژوازیدا و
دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنن (٢) .

 

ئێستاش ئەتواندرێ ئەو مێژووە دووبارە بکرێتەوە، بەڵام ئەمجارە بە تەجرەبە وەرگرتن لەوەی کە لە گرانی گەورەدا کردیان، ئەوەیە کە هەر بە ڕیفۆرم و سەپاندنی داخوازییەکانیان بەسەر چینی بۆرژوازی و سەرمایەداراندا ڕازی نەبن و خەباتیان تا بەرپاکردنی شۆڕش و سەپاندنی یەکسانی و ئازادی، بەردەوام بێت و دنیایەکی باشتر بنیاتبنێن. هەر وەک ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ (١٨٧١-١٩١٩) لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهانیدا وتی "سۆشیالیزم یان بەربەرییەت".

ئەڵتەرناتیڤی بەربەرییەتی ئێستای ملیاردێرەکانی ئەمریکاش تەنها سۆشیالیزمە، کە ئەرکی بزووتنەوەی
کۆمۆنیستی و کریکاریی ئەمریکایە کە سۆشیالیزم وەک ئەڵتەرناتیڤێک بخاتە بەردەم کۆمەڵگای
ئەمریکا.

گەرچی لە ئێستادا دونیا بە دەورانێکی زۆر خەتەرناکدا تێدەپەڕێت و فاشیت و ڕەگەزپەرستەکان،
میلیاردێرەکانن و دەسەڵاتی ئەمریکایان بەدەستە و بوونەتە پاڵپشتێکی بەهێزی هەموو هاوشێوەکانیان لە
وڵاتانی تردا، بەڵام هێشتا قڵشتی چینایەتی ئێستا و بەربەرییەتی کلیپتۆکراسی و پلوتۆکراسی و
ئۆلیگارکییەکان حەتمی نییە و بنیاتنانی دنیایەکی باشتر لە سەرمایەداری نەک هەر مومکینە بەڵکو
پێویستیشە. بەرەنگاربوونەوە و هاوسەنگی هێزی چینی کریکار و مەحرومانی کۆمەڵگا ئەتوانێت
هاوکێشەکە بگۆڕی.

دووەم:
فراوانی قڵشتی چینایەتی، گەورەترین قەیرانی سەرمایەدارییە لە ئێستادا. ملیاردێرەکان و
سەرمایەداران نەک هەر نایانەوێ چارەسەری بکەن بەڵکو ئەمە بە کێشە ناناسێنن و ئەیانەوێ قوڵتری

بکەنەوە. ئەیانەوێ تا دێ زیاتر سەرمایەکانیان لە هەڵکشاندا بێت. ئەوان ئاڵوودەی سەرمایە و
دەسەلاتن، نەک هەر بۆ خۆیان بەڵکو بۆ مناڵی مناڵەکانیشیان، بێگومان تەنها بە هێڕشکردنی زیاتر بۆ
سەر چینی کرێکار و هێنانەخوارەوەی زیاتری ئاستی ژیان و قوڵکردنەوە و فراوانکردنەوەی زیاتری
هەژاری لە کۆمەڵگادا ئەتوانن ئەو کارە بکەن.

هەندێک لە سەرمایەداران هەست بەوە ئەکەن کە چینی کرێکار و کۆمەڵگا بە گشتی تووڕەیە لەم قڵشتە
چیینایەتییە بێ وێنەیەی کە ڕوویداوە. سەرمایەداران کە خاوەنی هەموو میدیا زەبەلاحەکانن، کە پارەی
بێشومار و دەسەڵاتیان لە دەستدایە، ئەیانەوێ زهنی کۆمەڵگا بگۆڕن و ئەوەیان بخەنە مێشکەوە کە
هۆکاری ئەوەی ژیانیان تادێ سەختتر و دژوارتر و هەژارتر ئەبن، هۆکارەکەی سیستەمی
سەرمایەداری نییە، بەڵکو کۆچبەرانە کە دێن و ئیشەکانی ئەمان داگیر ئەکەن و کرێی خانوو
بەرزدەکەنەوە و خزمەتگووزارییەکان بەکارئەهێنن. ملیاردێرەکان ئەیانەوێ هۆکاری ئەم ئەزمە قوڵەی
ئێستا کە سەرچاوەکەی خۆیان و سیستەمەکەیانە، بدەنە پاڵ پەنابەران و کرێکارانی کۆچکردوو.
سەرمایەداران ئەیانەوێ سیستەمەکەیان بێتاوان پیشان بدەن و بە هۆکاری سەرەکی قەیرانە یەک لە
دوای یەکەکان نەبیندرێ. لە هەموو مێژووی سەرمایەداریدا، چی لە ئەمریکا و چی لە ولاتانی تردا،

هیچ کات هێندەی ئێستا قڵشتی چینایەتی فراوان نەبووە. تەنها ٣ کەس لە دەوڵەمەندەترینەکانی ئەمریکا سەروەتەکەیان هێندەی نیوەی دانیشتوانی هەموو ئەمریکایە (٣) . تەنها بەهۆی هاتنی کۆڤیدەوە سەرمایەی سەرمایەدارە گەورەکان دووقات و زیاتر چووە سەرەوە، وە لەسەرکەوتنی ترامپەوە خاوەنی تێسلەر و ئەمازۆن و فەیسبووک ٢٣٢ ملیار دۆلار، بۆ سەر سەروەتەکەیان زیاد بوو. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئەمریکادا کڕێی بنچینەیی کرێکار لە ساڵی حەفتاکانەوە لە شوێنی خۆیدا وەستاوە و نەچۆتە سەرەوە،وە تا ئێستاش لانی کەمی کرێ کە حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا دیاری کردووە ٧.٢٥$ (حەوت دۆلار و بیست و پێنج سێنتە) وە کۆتا جار کە زیادکرا ساڵی ٢٠٠٩ بوو.

گرانی و هەڵئاوسان برسکی لە چینی کرێکار بڕیوە و هەژاری تا دێ زیاتر بەربڵاوتر و بڕین و
کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانیش پەرە ئەستێنێ. لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوانەی خۆشخەیاڵ بوون
بە (ماگا)(مەیک ئەمەریکا گرەیت ئەگێن) (٤) کە شعاری ترامپ بوو بۆ هەڵبژاردن، ئەو ڕاستییە ئەبینن
کە ترامپ نەک وەزعیان باشتر ناکات، بەڵکو ژیانیان سەختتر و هەژارتر و بێمافتر ئەکرێن وەک لە
پێشتر. ئیدارەکەی ترامپ کە ١٣ ملیاردێری تیادایە، بێگومان هەموو کارێکیان بۆ بەرژەوەندییەکانی
خۆیانە نەک ئاوردانەوە لە چینی کرێکار و بەرگرتن لە هەژاری و کەمکردنەوەی قڵشتی چینایەتی.

یەکێک لەو تاکتیکە سەرکەووتوانەی کە ترامپ بەکاریهێنا لە کەمپینەکەیدا، تاوانبارکردنی پەنابەران و
کۆچکردوان بوو بە هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە ژیانی خەڵکی ئەمریکا ئاوا خراپ بووە. وە هەر لەم
ڕاستایەدا درۆی بۆ هەڵبەستن و بە تاوانبار و ڕەیپێست (ئەوانەی دەستدرێژی جنسی دەکەنە سەر
ژنان) ناوزەندی کردن. کۆچکردوانی بەوە تاوانبار کرد کە هەموویان تاوانبارن و لە زیندانەکانی
ئەمریکای باشوورەوە ڕۆیشتوون و درۆی بۆ هەڵبەستن کە گوایە سەگ و پشیلەی ماڵیی دانیشتوانی
ئەمریکایان دزییوە و گۆشتەکەیان خواردووە. تەنانەت ترامپ نۆ ڕۆژ دوای بوونی بەسەرۆک، کە
فرۆکەیەکی نەفەر هەڵگر و کۆپتەرێکی سەربازی لە نزیکی واشنتۆن لە ٢٩/١/٢٠٢٥دا دایان بەیەکدا
و ٦٧ کەس بوونە قوربانی، هۆکارەکەی خستە ئەستۆی کۆچکردوان و وتی لەبەر ئەوەی لە تاوەری

چاودێریدا هەموو کرێکارەکان سپی پێست نەبووە، بەڵکو دایڤێرستی (کرێکار لە ڕەگەزی جیاواز
هەبووە) بۆیە ئیشەکەیان باش نەکردووە و ئەو دوو فرۆکەیە کەوتنەخوارەوە. هەر ڕووداوێکی خراپ
ڕووبدا ترامپ بەردەوام کەسانی تری تاوانبار کردووە و هەرگیز لێپرسراوێتی لە ئەستۆ نەگرتووە.
ئەمە لە کاتێکدا لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە ئیمزای دەرکردنی سەدان هەزار کرێکاری کەرتی
گشتی ئیمزا کرد و بڕیارە نزیک بە دوو ملیۆن کرێکار دەربکات. بێگومان ئیتر لە سالانی داهاتوودا
ڕووداوی لەمجۆرە ئاسایی ئەبێتەوە.

ئایا پارادۆکسی و دیماگۆجی نێو ئەم تاکتیکەی ترامپ لە چیدایە؟
لە هەموو وڵاتاندا بەردەوام ئەوە خاوەنکار و کۆمپانیا گەورەکانن کە فشار ئەخەنە سەر حکومەتەکان
تا کۆچبەران بە ڕێژەی زۆر وەربگرن و بیهێننە وڵاتەوە. سەرمایەداران ئەمە ئەکەن، چونکە ئەمە
یەکێکە لە فاکتەرەکانی کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆیان. کۆچبەران بەردەوام سەخترین کارەکان بە
نزمترین حەقدەست ئەکەن، وە ئەم هێزی کاری هاتووە وەک هەڕەشە لە دژی هێزی کاری وڵاتەکانیان
بەکارئەهێنن و کڕێی کرێکاری پێ لەخوارەوە ڕادەگرن.

ئەی باشە بۆچی لە کاتێکدا ئەمەی سەرەوە ویستی ملیاردێرەکانە و حکومەتەکان جێبەجێی ئەکەن، ئەی
بۆچی هەر ملیاردێرەکان خۆشیان بە نموونە (ترامپ و ئیلۆن ماسک) مەسەلەی سەرەکی کەمپینی
هەلبژاردنیان کۆچبەرانە و هێڕشیان ئەکەنە سەر و بەسەرچاوەی هەموو کێشەکان ئەیانناسێنن؟ ئەوان
ئەمە ئەکەن چونکە ئەیانەوی ئەوە بە خەڵکی بڵێن کە سیستەمی سەرمایەداری هۆکاری ئەم قڵشتە
چینایەتییە نییە و ئەوەی کە هەژار ئەکەوی، ئەوەی کە کرێکەت ناچێتە سەرەوە، ئەوەی توانات نییە
مناڵت بنێری بۆ زانکۆ، هۆکارەکەی کۆچکردووانە نەک سەرمایەداری.

ماسک و ترامپ بە ئاشکرا پاڵپشتی هەموو حیزبە ڕەگەزپەرست و دژی پەنابەرییەکان لە ئەورووپا و
ولاتانی تردا ئەکەن و هەموویان بانگهێشتی مەراسیمی دەستبەکاربوونی ترامپ کران. ئەوان
ئەیانەوێ چینی کرێکار بەشبەش بکەن، بیانکەن بەگژ یەکدا، دابەشیان بکەن بەسەر ڕەش و سپی و
قاوەییدا، دابەشیان بکەن بەسەر کرێکاری کۆچبەر و خۆییدا. ئەوان ئەیانەوێ ئێمە ڕقمان لەیەک بێت،
لە دژی یەکتربین، یەکنەگرین و پەرش و بڵاو بین، چونکە تا ئێمە ناکۆک و ناڕێکخراوبین، ئەوان
ئەتوانن درێژە بە سیستەمەکەیان بدەن و ئێمە بچەوسێننەوە و سەرمایەی خۆیان زیاتر کەڵەکە بکەن.
ئەوان بە شەڕە ساردەکانیانەوە مەشغوڵمان ئەکەن، لەشەڕە گەرمەکانیاندا بەکوشتمان ئەدەن، تا درێژە
بە دەسەڵاتی کەمینەی خۆیان و سیستەمەکەیان بدەن.

ئێستا حیزبە ڕەگەزپەرست و فاشیستەکان، چی تر گرووپی بچووکی نێو پەرلەمانەکانی بۆرژوازی
نیین، بەڵکو "دەسەڵاتی دەوڵەت"ی گەورەترین ئابوری دونیا و مەزنترین جبەخانەی سەبازی و چەکی
کۆکوژیان لەژێر دەسدایە. ئیلۆن ماسک لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی ترامپدا سڵاوی نازییەکانی
دووبارە کردەوە و دەستی وەک هیتلەر بەرزکردەوە و لەو ڕێگەیەوە پەیامی بۆ هەموو فاشیست و
نازییەکانی دونیا نارد. هەموو ئەوانەی کە ترامپ لە ئیدارەی ئەمجارەیدا دایناوە و لەدەوی خۆی
کۆیکردۆتەوە، پشتی بە لێهاتوویی تاکەکان نەبەستوووە، بەڵکو مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە دڵسۆزی

ترامپ بن و چی بڵێ بیکەن و ڕەخنەی لێ نەگرن. دۆناڵد ترامپ لە ڕۆژی یەکەمی دەسبەکاربوونیدا
وتی سەردەمی زێڕینی ئەمریکا لەمڕۆوە دەست پێ ئەکات. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە دەورانی زێڕین
تەنها بۆ خۆی و هاوشێوەکانێتی، بەڵام بۆ چینی کرێکار و کۆمەڵگا بەگشتی، دەورانی دەستپێکردنی
زیاتری هەژاری و ماڵوێرانی و بێمافی و نادڵنیایی زیاترە بۆ چینی کرێکار و مەحرومانی کۆمەڵگا.

بێگومان بۆرژوازی ئەمریکا تەنانەت ناتوانێ کەسێکی وەکو (بێرنی ساندەرز) کە کەسایەتییەکی چەپی
بۆرژوازییە و خۆی بە سۆشیالیست ناودەبات، وەکو کاندیدی سەرۆکایەتی قبوڵ بکات. کەسانی وەک
ترامپ و بایدن و…هتد ئەو کەسانەن کە بۆورژوازی پێویستییەتی لەناو باڵی ڕاست و فاشیستیی
سیاسەتمەدارانی چینەکەدا هەڵیان دەبژێرێت و سەدەها ملیۆن دۆلار خەرجدەکات بۆئەوەی ئەمانە
پۆستی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەدەستبهێنن.

قەیرانەکانی ئەمریکا ئەوەندە قووڵبۆتەوە، ژیانی زۆربەی خەڵکی ئەمریکا هێندە سەخت بووە، ئەو
پەڕی ڕاست یان ئەم پەڕی چەپ شانسی بردنەوەی هەیە. بەداخەوە لە ئێستادا ئەوەی براوەیە،
ئەوپەڕی ڕاست و فاشیست و ڕەگەزپەرستەکانە. خەڵکی ئەمریکا هێندە تینووی گۆرانکارین تەنانەت
درۆزن و تاوانبارێکی حکومدراوی وەک ترامپ کە لە بەڕێوەبردنی بزنزەکەی خۆشیدا سەرکەوتوو
نەبووە و تا ئێستا شەش جار ئیفلاسی (٥) خۆی ڕاگەیاندووە، کردیانە سەرۆک. هەر وەک چۆن هیتلەر
بە هەڵبژاردن هاتە سەر حوکم، ئێستاش ترامپی فاشی ئەو خەتەرەیە لەسەر ئەمریکا و هەموو جیهان،
کە پێویستە بەری پێ بگیرێ.
تێبینی:
1
لەم لینکەی خوارەوە تەواوی داتاکان لەسەر هەڵبژاردنی ئەمریکا ئەتواندرێ ببیندرێ؛
University of Florida, Election Lab
https://election.lab.ufl.edu/
٢
لینکی وتاری "گۆشەیەکی پڕشنگدار لە مێژووی چینی کرێکاری ئەمریکا" کە نووسەری ئەم دێڕانە لە
٢٠٢١ دا نووسیوێتی تیشک ئەخاتە سەر ئەو مێژووە و پەیوەندی بە ئیستاوە.
https://emrro.com/gosheyekipirshingdar.htm
٣
لینکی وتەیەکی بێرنی ساندەرس لە سەنێتی ئەمریکادا کە باسی نایەکسانی ئەکات.
https://www.youtube.com/watch?v=Go5xuokhnQY
٤
MAGA = Make America Great Again
٥
Bankruptcy
زۆرجار سەرمایەداران و کۆمپانیاکانیان کە قەرزێکی زۆریان کردووە و حەقی کرێکارەکانیان
نەداوە، بۆ دزین و شاردنەوەی قەرزەکان و ساختەچێتی ئیعلانی مایەپووچی (بانکڕەپسی) ئەکەن.

عامر سابیر
٦ی شوباتی

Leave A Reply

Your email address will not be published.