ترسی پارتی لە خۆپیشاندانی مامۆستایان و بەردەوامێتی لە ملهوڕی بەسەر خەڵکی کوردستاندا

0

عامر سابیر

لە ڕۆژی یەکشەمە ٩ی شوباتی ٢٠٢٥ لەسەر بانگەوازی "ئەنجوومەنی سەرتاسەری
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی" بۆ پشتیوانی مانگرتووانی خێمەکەی سلێمانی،
سەدەها مامۆستا و فەرمانبەر لە شارەکانی کوردستانەوە، بە زیاتر لە ٥٠ پاس چوون
بەرەو هەولێر، بۆ پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی مانگرتووان کە سەرەکیترینیان بریتی بوو
لە پێدانی مووچە و پلە بەرزکردنەوە.

مامۆستایان و فەرمانبەران بە نیازی چوون بۆ بەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان و
گەیاندنی داوا سەرەتایی و بەرحەقەکانیان بەرەو هەولێر چوون. بەداخەوە لە بازگەی
دێگەڵە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگەیان لێدەگرن و پێشتر هێزێکی پڕچەکی زۆر
ئەهێنن کە لەپشت گردەکانە حەشاریان ئەدەن. هەروەها بە شۆفڵ و کرەین گابەردی
گەورە گەورەیان هێنابووە سەر جادەکە و نەیانهێشت هیچ ئۆتۆمبێلێک تێپەرێت بەرەو
هەولێر. مامۆستایانی ناڕازی بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم ڕێگریییە ستەمکارانەیەی پارتی، لە
ئۆتۆمبێلەکانیان دێنە خوار و بەو سەرمایە ئەیانەوێ بە خۆپیشاندان و پیادەڕەوی بەرەو
هەولێر بڕۆن، بەڵام بەداخەوە ئەمنەکانی بارزانی و پیاوانی دەزگا سەرکوتکەرەکانی
پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر دڕندانە بەردەبنە گیانیان و دەکەونە تەقەکردن و ژەهر
و گازی فرمێسک دەڕێژن بەسەریاندا و تەندروستی بەشداربووان تێکدەچێ و چەندین
مامۆستا ئەبوورێنەوە و دەست و قاچیان ئەشکێ و ڕێگەنادەن کە بڕۆن بەوەو هەولیر.

پارتی لە کاتێکدا ڕێگرە لە چوونی مامۆستایانی ناڕازی بۆ هەولێر، بەهەمانجۆر لە
ناوخۆی هەولێریشدا فەزای سەربازی و سەرکوتکەرانەی سەپاندبوو، وە هەڵسوڕاوان و
نووێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی دەستگیر کردبوو، لەوانە بۆ نموونە مامۆستا عەلی
رەئوف نووێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست، وە ڕێگری لەهەر کۆبووونەوەیەک
کردبوو کە بۆ هاودەنگی لەگەڵ مانگرتوەکانی سلێمانیدا بەنیازبوو بەڕێبخرێ.

نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ناوچەی زەرد و هەولێریان کردووە بە زیندانێکی
گەورە و ئازادیان تیادا خنکاندووە و بە دڕندانەترین شێوە هەر دەنگێکی نارەزایەتی تیادا

سەرکوتدەکەن. پارتی زەندەقی چووە لە بچوکترین خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵکی ناڕازی
کوردستان و لەسەر زاری پارێزگاری هەولێرەوە خۆپیشاندەران بە میوانی ڕەزا قورس
وەسف ئەکەن و خۆیان بە خانەخوێ. لەلای بنەماڵەی بارزانی سەرۆکی تورکیا (ڕەجەب
تەیب ئەردۆگان)ی فاشیست و تیرۆریست میوانی ڕەزا سوکە و بە تیشکی لەیزەر وێنەی
گەورەی بۆ دروست ئەکەن لەسەر دیواری قەلا، بەڵام خەڵکی ناڕازی کوردستان بە
میوان و ڕەزا قورس ناوئەبەن.

لە ڕۆژی یەکشەمە ٢٨ی جەنیوەری ٢٠٢٥ەوە، سیازدە مامۆستا و فەرمانبەر لە ژنان و
پیاوان، لە شاری سلێمانی لەبەردەم ئۆفیسی نووێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا خێمەیان
هەڵدا و مانیان لە خواردن گرت. ئەم مانگرتنە ١٥ ڕۆژی خایاند، تا لە ڕۆژی سێشەمە لە
١١ی فێبیوەری ٢٠٢٥دا لەسەر داخوازی جەماوەری ناڕازی کوردستان و بە پشتیوانی و
مانگرتنی دووکاندارانی شاری سلێمانی و هەڵەبجە لە ناڕەزایەتی و ئاپۆرەیەکی
جەماوەری فراواندا مانگرتنەکەیان شکاند. مانگرتووان داخوازییەکانیان لە چوار خاڵی
سەرەکیدا بەیان کردبوو کە بریتیی بوون لە (پێدانی مووچە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک،

پێدانی مووچە لە بەغداوە بە تەوتین، گێڕانەوەی پارە پاشەکەوتکراوەکان و پلە
بەرزکردنەوە یان دەستپێکردنەوەی سەرەمووچە و بەرزەمووچە بۆ مووچەخۆران). ئەم
داواکاریانە هێندە سادە و سەرەتایین کە لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئەم مافیا و
میلیشیایانەی ناسیۆنالیزمی کورددا نەبێت، لە هیچ شوێنێکیتر مووچەخۆران بۆ
دەستەبەرکردنی ناچار بە خۆپیشاندان و مانگرتن ناکرێن.

دەسەڵاتدارانی کوردستان ئەوەندە لە خەڵک دوورکەوتوونەتەوە کە زۆر بچووک
بوونەتەوە و لەچاو ون بوونە. بۆیە خەڵکی نارازی و مامۆستایان و فەرمانبەرانش
نایانبینن و ناچارن کە خۆپیشاندان و مانگرتنیان ببەنە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئایا دەسەڵاتی میلیشیایی کوردایەتی پارتی و یەکێتی پێیان وایە تا کەی ئەتوانن هەر ئاوا
ناڕەزایەتی خەڵک و داوا ڕەواکانیان پشتگوێ بخەن و بەردەوام بن لە هەڵلوشینی داهاتی
کۆمەڵگا و دەستبەسەراگرتنی قوتی کرێکاران و تێکشکاندنی ئیرادەی خەڵک و
سوکایەتیکردن بە دانیشتوانی کوردستان؟

ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر وتی کە خۆپیشاندەران مۆڵەتیان وەرنەگرتووە! ئیتر بەم
بیانووە پووچە خۆپیشاندان بەنایاسایی دەناسێنی. لە هەموو شوێنێکی دونیادا جگە لەو
شوێنانەی کە دکتاتۆری وەک بارزانی دەسەڵاتیان زەوتکردووە، بۆ خۆپیشاندان جگە لە
تەلەفۆنێک بۆ پۆلیسی هاتووچۆ، کە ئەگەر شوێنەکە پێویستی بوو تا ئاڕاستەی

ئۆتۆمبیلەکان بگۆڕێ و سەلامەتی خۆپیشاندەران بپارێزرێ، ئیتر هیچی تر پێویست نییە.
خۆ مەسرور بارزانی و ئومێد خۆشناو پێشتر زانیبوویان کە مووچەخۆرانی ناڕازی
بەڕێوەن بۆ هەولێر، ئەبوایە لەجیاتی ناردنی هێزی پڕچەک و نارددنی شۆفڵ و سڵینگ
بۆ داخستنی جادەی دێگەڵە بە گابەرد، لە هەولێر ئاسانکاری و ئامادەباشیان بکردایە بۆ
پێشوازی کرێکارانی ناڕازی.

ئەم ڕەفتارە ستەمکارانەیەی پارتی کە لە ١١/٢/٢٠٢٥دا لە دێگەڵە کردی، پێشتریش لە
١٩ی دیسەمبەری ٢٠١٢ دا، دەرحەق بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ئەنجامیدا (١). پارتی
گەرچی لە ڕێگەی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی پڕ تەزویرەوە خۆی بە حیزبێکی گەورەی
کوردستان ئەزانێ، بەڵام چونکە لەوە دڵنیایە کە لەسەر بورکانی تووڕەیی خەڵک
وەستاوە، بۆیە لە بچووکترین ناڕەزایەتی خەڵک زەندەقی چووە.

 

پارتی پێی وایە هەرئەوەندەی ڕێگە بدا خۆپیشاندانێک بکرێ، ئیتر خەڵکی هەژارکراو و ستەملێکراوی
کوردستان بە هەموو چین و تووێژەکانەوە دەستدەکەن بە داوای جێبەجێکردنی مافە
سەرەتاییەکانیان. پارتی پێی وایە هەرئەوەندەی خۆپیشاندانی خەڵک دەستپێبکات ئیتر
وەزعەکەیان لەدەست دەردەچیت و خەڵک تەنها بە جێبەجێکردنی داواکانیان رازی نابن و
ئەمە بە مەرگی خۆیان ئەبینن. ئەوان هەرچی هەیە ئەیدزن و دکتاتۆرانە سەرکوت
ئەکەن.

مانگرتنی سیازدە کرێکار لەخواردن بۆ ماوەی پازدە ڕۆژ لە سلێمانی، قۆناغێکی تازەی
جەنگی بەردەوامی خەڵکی کوردستان بوو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاوانباردا کە سەرەڕای
ئەوەی سەدان جۆر باجی جیاجیایان سەپاندووە بەسەر دانیشتواندا بەڵام ڕێگەش نادەن
کرێکارانی کەرتی گشتی مووچەکانیان بە تەوتین لە بەغداوە وەربگرن. دەسەڵاتداران
کۆمەڵگا ئەدۆشن و هەموو داهاتەکانیش بۆخۆیان ئەبەن.

خەڵکی کوردستان هەرگیز بێدەنگ نەبووە و بێدەنگیش نابێت لەسەر بەدیهاتنی مافە
ڕەواکانی و دەرکێشانی کۆمەڵگا لەم زۆنگاوەی ناسیۆنالیزمی بۆرژوازی کورد
خوڵقاندوویەتی.

کرێکاران و بەشخوراوانی کۆمەڵگا بەردەوام لە ڕێڕەوی خەباتیاندا
شێواز و تاکتیکی نوێ دائەهێنن، مانگرتن لە خواردنی سیازدە مامۆستای خۆڕاگر و
داخستنی دوکانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە شێوازێکی نوێی ئەو خەباتە بوو. مەرجی
سەرکەوتنی یەکجارەکی تێکۆشان و خەباتی ئێمە کرێکاران و بەشخواراوانی کوردستان،
یەکگرتن و ڕێکخراوی و بەردەوامی و سەرتاسەری کردنەوەی ناڕەزایەتییەکانمانە.

تێبێنی:

ئەمەی خوارەوە لینکی وتارێکی نووسەری ئەم دێڕانەیە کە لە ساڵی ٢٠١٢ دا نووسراوە
بە ناونیشانی: بۆچی پارتی و بارزانی تەنها یەک ڕۆژ بەرگەی خۆپیشاندانێکی بچوکی
دەیان کەسیان نەگرت لە هەولێر؟

https://www.emrro.com/bocipartiub.htm

١٣/٢/٢٠١٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.