سیناریۆکانی سوریا !!

0

ئیسلامی دیموکرات و دیموکراسیەتی ئیسلامی

له كوشتن و ئيعدامی ناو ژوورە تاریکەکان بۆ کوشتن و ئیعدامی ئاشکرا!

دیموکراسی لە سوریا گوڵی گرت. شنەبای دیموکراتی ئەم جارەش مەیدانەکانی شارەکانی سوریای گۆری بە مەیدانی نمایشی کوشتن و ئیعدامی ئاشکرای گروپە ئیسلامیە جیهادیە کەللەشەقە جۆراوجۆرەکان .

ئیتر ئەو کوشتن و ئیعدام و شکەنجەی چەندماوەیەک پێشترلە ژوورە تاریکەکان و لە  لایەن مڵۆزم و جەللادەکانی دەزگاکانی دەوڵەتی بۆرژوایی ئەسەدەوە پیادە دەکرا، گۆرا بە کوشتن و ئیعدامی سەرجادە و شەقامەکان و ئاشکرای دەستەوتاقمی ئیمانداری ئیسلامی احراری شام و باقی
دەستەوتاقمی تری بە خوێن تێنوی جیهادی ئیسلامی. جارێکی تر و بۆ سەدەمین جار لە مێژووی هاوچەرخدا، دیموکراسی و ڕۆژئاوا جگە لە ئیخوان و ئیسلامی سیاسی، جگە لە جۆلانی و ئەحراری شام و ئەو جڕوجانەوەرە چنگ بەخوێنانە ، نوێنەرێکی باشتر و لێوەشاوەتریان نەدۆزیەوە کە ئەرک و مەئموریەتی ڕێکخستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژیان و چارەنووسی ئەو کۆمەلگەیانەی پێبسپێرن.

 

هەر بۆیە لە هێنانەسەرکاری مەلاکانی ئێران تا دەگا بە پەڕوباڵ لێرواندنی قاعیدە و تاڵیبان لە ئەفغانستان و داعش لە عێراق و سوریا، پێمان دەڵێ ئەو مەخلوقە خوێناویەی ئیسلامی سیاسی بە تەواوی کۆرپەی سیاسەتی ئەمریکاو رۆژئاوای دیموکراتن بۆ بە چۆکداهێنانی هەر تەقەلایەکی ئازادیخوازانە و چەپ لە ڕۆژهەڵاتدا و ڕێکخستنەوەیەکی کۆنەپەرستانەی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و تەواوی دنیا و بە دیاریکراوی لە پێناو بەپێوەڕاگرتنی بازاڕ و ئابوری کاری هەرزان و چینی کرێکار و  مرۆڤایەتیەکی خامۆش و بێدەنگکراو دا. ئەمە حیکمەتی ئەو پەیوەندیە قولەیە کە چارەنوسی هەر پڕۆژەیەکی ڕۆژئاوای دیموکرات و ئیسلامی سیاسی بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

ئەگەر ئیسلامی سیاسی ئەو توانا گەورەیە هەیە کە وای لێ دەکا بتوانێ کۆمەلگەکانی ژێر سایەی نفوزی خۆی داماو بکا و کۆمەک بکا بە ڕێخستنەویەکی کۆنەپەرستانەی ئەو کۆمەڵگایانە و لە پێناو دابین کردنی هەلومەرجی پێویست بۆ ڕێکخستنی ئابوری کاری هەرزان ئەوا لەبەرامبەردا دیموکراسی توانایەکی سەیری هەیە و ئەکسیرێکە دەتوانێ هەموو شتێک لە خۆیدا جێ بکاتەوە و بیگۆڕێ.

نەک هەر تەنیا ئیرادەی سیاسی هاوڵاتیان کە هەر چەند ساڵ جارێک بە شێوەی دیموکراتیک زەوت
دەکرێ و لەسەر نوێنەرانی چینی دەسەڵاتدار تاپۆ دەکرێ، بەڵکو کوشتن و ئیعدامیش دەکرێ دیموکراتیزە بکرێ. دەکرێ تەنیا مافی تاقانە و پاوانکراوی دەوڵەت و دەزگاکانی نە بێت.

 

دەکرێ هەر لە زیندان و چاڵە تاریکەکاندا نەکرێ،دەکرێ گروپەجیهادیەکانی ئیسلامی سیاسیش ئەو مافە  دیموکراتیکەی کوشتن و ئیعدامیان لەبەرچاوی دنیا دا هەبێ و هاوڵاتیانیش مافی
دیموکراتیکی بینینی كوشتن و ئیعدامی دیموکراتیک و ئاشکرای سەرجادەی گروپە موسلمانەکانی ژێر پارێزبەندی دیموکراتیان هەبێ.

جۆلانی و ئەحراری شام هەرچەند ئینسانکوژ و دڕەندە و چنگ بە خوێن بن و هێشتا بە ڕەسمی لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و ئەوروپا دا بن هیچ حەرەجێکی سیاسی و ئەخلاقی بۆ ئەوان هەڵناگرێ و دەکرێ موژدەدەری دەرکەوتنی خۆری دیموکراسی و ئەو ئازادیە بن کە ڕۆژئاوا و ئەمریکای دیموکرات لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی تازە کە خەونی پێوە دەبینینن.

ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاست کە سەرێکی ئیخوانیزم و وهابیەتی ئۆردوغانی و قەتەری و سەرەکەی تری دەوڵەتی کەللەشەقی دینی ئیسڕائیل بێت، ئەو سەری پڕۆژەی ئەوانە.

لەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا خەڵک و هاوڵاتی و ملیۆنان مرۆڤی دانیشتوی وڵاتانی
ڕژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر لەسەردەمی دەسەڵاتە خوێناویەکانی جۆری ئەسەد بێمافتر و داماوتر و ئیرادە زەوتکراوتر نەبن  لانیکەم بە هەمان ئەندازە بێماف و ئیرادە زەوتکراو دەبن.

ابراهیم حسێن

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.