كۆمەڵگای بەشەری تەنها و تەنها دەتوانرێت لەڕێگەی هەرەوەزیەكانەوە جارێكیتر بخرێتەوە سەر ڕێچكەی ڕزگاركردنی ئینسان

0

ئەڵتەرناتیڤی شورایی تایبەت بە گرنگی و بەرنامەکانی هەنگاوەکانی کاری هەرەوەزی و هەماهەنگکاری دیدارێکی تایبەتی ئەنجامدا لەگەڵ (عزیز شریف) ‎یەکێکە لە دامەزرێنەران و ئەندامی دەستەی سەرپەرشتیاری تۆڕی هاوكاری کۆمەڵایەتی کە هەڵوسڕاوی بواری مەیدانی یە.

ئامادەکردنی عمر چاوشین

لە چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی شورایی لەگەڵ عزیز شەریف ،   باس لە زەروریەت و پێویستی دروست بوونی تۆڕەکەیان و هاوشێوەی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی بەخۆبەخش،لە کۆمەڵگە دەکات ، وەهەروەها باس لە گرنگی کاری هەرەوەزی و دەستگرتن بە ژیانی نەهامەتی خەڵکی هەژارو نەخۆش وکەمدەرامەت دەکات.

عزیز شەریف سەرەتای دیمانەکە بە مێژووی دروست بوونی تۆڕەکە دەست پێدەکات و دەڵێت، ‎مێژووی دروستبوونی تۆڕی هاوكاری كۆمەڵایەتی (ت ه ك) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناو بەدیاریكراویش لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٠ لەلایەن كۆمەڵێك ئینسانی خۆبەخش و بەدەربەستی ژیانی بەشە هەژار و كەمدەرامەتەكەی كوردستان لەدەرەوەی وڵات پێكهاتوە.

بەشوێنیشیدا لە شار و شارۆچەكانی وەك هەولێر ، سلێمانی ، كەركوك ، ،هەڵەبجە ، كەلار ،كفری ، كەڵەكچی ، كۆیە ، ڕانیە لق و نوێنەرایەتی پێكهێناوە.

لەسەرەتادا ئێمە بەپێچەوانەی ئاراستەی ژیانی ژێر هەڕەشەئامێزی ڤایرۆسی كۆرۆنا (كەدەبوا خەڵك بخزێنە نێو ماڵەكانی خۆیان) ئێمە وتمان دەبێت بڕۆینە دەرەوە و بەفریای ژیانی بەشێك لەوخەڵكە بكەوین كە نانی ڕۆژانەیان ڕۆژانە پەیدادەكەن !

ئەوكاتە كە ئەوان دەبوا بڕۆنە ژورەوە ئێمە هاتینە دەرەوە و سەبەتەی خۆراك و دەمامك و جلوبەرگ و دەستكێش و ئۆكسجینمان بۆ پەیداكردن و ڕێنوێنی تەندروستیمان لەڕێگەی كۆمەڵێك پزیشكی خۆبەخشەوە بەخەڵك بەخشی .

ئەڵتەرناتیڤی شورایی /بۆچی ئەم تۆڕە کاری هەرەوەزی بەلاوەگرنگەوگرنگی کاری هەرەوەزی لەچیدایە؟

عزیز شەریف یەخەی سیستەمی سەرمایەداری دەگرێت و دەڵێت، ‎لەمێژە ئەم سیستەمە ئینسان لەسەر خۆپەرستی و تەنها لەخەمی خۆدا بوون ڕادەهێنێت و تەنانەت كەسانی بەناو ڕۆشنبیر و نوسەر بۆ ئەم جۆرە لەخۆپەرستیە دەیان وتار و كتێبیان نوسیوە و چاپكردوە و ئینسانیان بەم چارەڕەشیەی ئێستا گەیاندوە .

بەڵام ئێمە بەپێچەوانەوە بڕوامان وایە كە كۆمەڵگای بەشەری تەنها و تەنها دەتوانرێت لەڕێگەی هەرەوەزیەكانەوە جارێكیتر بخرێتەوە سەر ڕێچكەی ڕزگاركردنی ئینسان و هەموو بوونەوەران و ژینگەش هەر لەم ڕێگەیەوە ڕزگار دەبێت و لە ئایندەشدا كۆمەڵگا دیسانەوە هەرەوەزیانە پێویستیەكانی هەمووان دابین دەكات …

ئەڵتەرناتیڤی شورایی دەپرسێت ، ئایا ئێوە وەک تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی ،تەنها گرنگی دەدەن بە کۆکردنەوەی پارەو پێداویستیەکانی ناوماڵ و خۆراک ،دواتر بەسەریاندا دابەشدەکەن ،ئایا بیرۆکەتان هەبووە کاری هەرەوەزی و خۆبەخشی لەگەل ڕێکخراوو سەنتەرەکانی تردا بکەن ؟

عزیز شەریف خەرمانێک لە هاوکاریەکان باسدەکات و دەڵێت، بەكورتی ئەمە بڕوای قوڵی هەموو ئەو ئینسانانەیە لەم تۆڕانەدا كۆبونەتەوە ، هەربۆیە بەدرێژایی زیاتر لە چوار ساڵ و نیو ئێمە لە گیرفانی خۆمان و هەموو هاوكارەكانمان هاتووین پێداویستیەكانی ئەو بەشە لەكۆمەڵگا پڕدەكەینەوە كە پێویستیان بە كۆمەك و هاوكاریە .

گرنگی ئەم كارەش هەتا ئێستا دەتوانن لە نێو ئەو بەشە لەخەڵكی كەمدەرامەت ببین كە توانای كڕینی دەرمانی نەخۆشەكەی نەبووە ، توانای كڕینی جلوبەرگ و پێداویستی منداڵەكانی نەبووە ، لەو ئافرەتە بێ كەس و بێ سەرپەنایە بپرسن كە كرێی دانی خانوەكەی نەبووە و ئێمە بۆمان دابین كردوە ، لەو ماڵە هەژارانە بپرسن لەسەرماوسۆڵەی زستاندا نەوت لە زۆپاكەیاندا نەبوە و ئێمە بۆمان دابین كردون ، لەو باوكە بپرسن ئەگەر ئەم تۆڕە قەترەی بۆ منداڵەكەی بەدرێژایی دوو ساڵ پەیدانەكردایە ئێستا نابینا بوو !

لەو كەسە خاوەنپێداویستی تایبەتە بپرسن كە ئەم تۆڕە لەدووری هەزاران كیلۆمەترەوە عەرەبانەی بۆ ناردۆتەوە ، بەكورتی لەدەمی ئەوكەسانەی ببیستن كە دەستی كۆمەك و هاوكاری ئەم تۆڕەی بەدەست گەیشتوە ئەوسا دەبینن شوێنی كاری ئەم تۆڕە ڕێك لەوشوێنەیە كەدەبوا لێی بێت، ماڵە كەم دەرامەت و هەژارەكان! ‎

كردنەوەی دەورەی درومان و خولی فێربوونی سەرتاشی و خولی بەهێزكردنی خوێندن بۆ منداڵان و سەرچاكركردن بۆ ئەوبەشە لە ئینسانەكان كە لە كەناری هەمووانەوە دەژین(خێزانە كۆچەریەكان).

هەروەها لەگەڵ ڕێكخراوی سەنتەری پارێزگاری لە مافەكانی منداڵان كردنەوەی خولی مۆسیقا و گۆرانی ،وەهەروەهاخولی وێنەكێشان .

وەبەهاناوە چوونی قوربانیانی كارەساتی سروشتی بومەلەرزە لەكوردستانی سوریا و كۆكردنەوەو ناردنی چەندین تەن خۆراك و جلوبەرگ و پێداویستی سەرەتایی ژیان ، هاوكاری كردنی زیانلێكەوتوانی لافاو لە بازیان و كۆمەكی ژینگەپارێزان لە هەڵەبجە و ڕانیە و بازیان و چەندین جار كۆمەک بە سەنتەرەكانی چاكسازی ژنان لە گرتووخانەكان .

كۆمەك كردن بە ئاوارەكانی كوردستانی ئێران و سوریا بەشێك لە كارەكانی ئەم تۆڕانەیە و سەرچاوەی داهاتی ئەم تۆڕەش ئەندامانی تۆڕەكە و هەموو ئەو ئینسانە بەدەربەستانەیە كە لەدەوری ئەم تۆڕانەن(هاوكارەكانمان).

Leave A Reply

Your email address will not be published.