قەزای حاجیاوا ژنێک گوللەبارانکرا

0

عمرچاوشین

ئەڵتەرناتیڤی شورایی قەزای حاجیاوا

لەقەزای حاجیاوا، لە ڕووداوێڪی تەقەڪردندا ژنێک کوژرا کە دایکی دوو منداڵە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاویکردۆتەوە ، ڪاتژمێر ۳:۳۰ ی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ ۲۰۲٤/۱۲/۸ تەرمی ئافرەتێك بەناوی (ش،ف، أ) لە دایڪبووی ساڵی ۱۹۹۸، پیشە ژنی ماڵ دانیشتووی قەزای حاجیاوا گەڕەڪی ٥ی ئازار گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە، ڪە شوێنەواری فیشەك بە جەستەیەوە دیاربووە.

 

پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێت، بەپێی ووتەی شایەدەکان دوای گەڕانەوەی تاوانلێکراو بۆ ماڵی باوڪی و دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ باوکی، لە ئەنجامدا باوڪی بەناوی(ف، أ، ح) لە دایڪبووی ساڵی ۱۹٦۷ ،دانیشتووی قەزای حاجیاوا گەڕەڪی ڪوردستان، دەستڕێژی گولەی لە تاوانلێکراو کردووەو بەو هۆیەوە کچەکەی گیانی لەدەست داوە.

 

تەرمی ناوبراو دوای ئەنجامدانی پشکنینی توێڪاری لە پزیشڪی دادوەری ڕانیە ڕادەستی کەس وکاری ڪرایەوە. پۆلیسی ڕاپەڕین لەسەر هۆکارو ئەنجامدەرانی تاوانەکە نوسیویەتی ، دواتر توانرا تۆمەتبار لە لایەن هێزەڪانمان لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک و بنکەی پۆلیسی حاجیاوا بە هاوڪاری یاریدەدەریەتی ئاسایشی حاجیاوا دەستگیربڪرێت و پەڕاوی لێڪۆڵینەوە بۆ ڕووداوەڪە ڪرایەوەو بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بەهۆی ڕوداوەکەوە بڕیاری دا بە دەست بەسەرداگرتنی چەڪی بەڪارتوو و ڕاگیرکردنی تۆمەتباران هەریەک لە باوکی تاوانلێکراو بە پێی مادەی (٤٠٥ لە یاسایی سزادانی عێڕاقی) و هاوسەرەکەی بەناوی(ڕ، ئ، ح) بەپێی مادەی (٤٠٥ بەدەلالەتی مادەی ٤٧ و ٤٨) لە یاسای سزادانی عێڕاقی و لێڪۆڵینەوە لە ڕووداوەڪە بەردەوامە.

 

شایانی باسە لەو ماوەی کە ناونراوە هەفتەی بەرەنگاربونەوەی توندووتیژی لەدژی ژنان ،بەهۆی 25ی نۆڤەمبەرەوە ،هەڵمەتی هۆشیاری بەڕێخراوەو لە زۆربەی وڵاتانی دونیا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێت، بەڵام لە عیراق وکوردستان پێچەوانەی ئەو چالاکیانە کوشتن و گوللەبارانکردنی ژنان ڕانەوەستاوەو بەهۆکاری کلتورو نەریتە باوەکانی کۆمەڵگەی نابەرابەر توندوتیژیەکان لەهەڵکشاندان.

تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا لە هەردوو قەزای شەقڵاوەو حاجیاوا چوار ژن بەدەستی باوک وبراو هاوسەرەکانیان بەهۆکاری جیاجیا خەڵتانی خوێن کراون و کوژراون.

پۆلیسی سنوری ڕووداوەکان ڕایانگەیاندبوو کە لەدوای ڕوداوەکان تۆمەتباروتەقەکەرەکان دەستگیرکراون.

Leave A Reply

Your email address will not be published.