داواکارین : چیدی یاری بەقوت وبژێوی مامۆستایان نەکرێت !
ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان..
مامۆستایانی سەربەرز سڵاوی زانست وخەبات ئێمە لەیەکێتی مامۆستایانی کوردستان نیگەرانی قوڵی خۆمان دەرئەبڕین بەرامبەر دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان، کەزیاتر لەپەنجا ڕۆژە موچە دابەشنەکراوە، دیاریش نیە کەی دەدرێت،
بێگومان ئەمەش کاریگەری نەرێنێ لەسەر پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن و ژیان وگوزەرانی مامۆستایان جێهێشتووە ،بۆیە لەسۆنگەی بەرپرسیارێتیمان لەبەرامبەر مامۆستایان، بەمافی خۆمانی ئەزانین پشتگیری هەرداواکاری و ناڕەزایەتیەک بکەین ،کەلەچوارچێوەی ڕێکارە مەدەنیەکان بێت.
، لەبەرامبەر دواخستنی پێدانی موچەی مانگی ۱۰ و کەبەشی زۆری پارەکە هاتوە ، هەروەها نەبوونی هیچ ئاماژەیەک بۆ موچەی مانگەکانی ۱۱ و ۱۲ . بۆیە داواکارین :
١ـ چیدی یاری بەقوت وبژێوی مامۆستایان نەکرێت ، هەرچی زووە موچەی مانگەکانی ۱۰ـ۱۱و۱۲ خەرج بکرێت ، هیچ پاساوێک بەڕەوا نابینین بۆ نەدانی ئەم مافە کەدواجار کارێگەری خراپی هەبێت بۆسەر پرۆسەی پەروەردەو گوزەرانی مامۆستایان.
۲ـ ئێمە لەکاتێکدا چاوەڕێ بووین پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران بگێڕنەوە کە لە ۱ـ۲ـ۲۰۱٦ ڕاگیراوە و وەک ستەمێک لەموچەخۆران ، کەچی دواکەوتن و پێنەدانی موچە دووبارەو چەند بارە بۆوە.
۳ـ داواکارین لە حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم بەتەواوی پابەندبن بەبڕیاڕەکانی دادگای ئیتحادی ، هەرچی پرسی موچەشە بەدوور بگیرێت لەململانێی سیاسی و بەرژەوەندیە تایبەتەکان..
لەکۆتاییدا دووپاتی دەکەینەوە کەخۆمان بەهەڵگری پەیامی زانست و زانیاری دەزانین لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروست ، بۆ ئەو مەبەستە هەموو هەوڵێک بەڕەوا دەزانین بۆ باش بەڕێوەچونی ،بە پێچەوانەوە لەهەرپێشهاتێکی نەرێنی کەلەپرۆسەی پەروەردە و فێرکردن ڕوبدات ،
هۆکارەکەی بەدڵنیاییەوە مامۆستایان نین ، بەڵکو ئەوانەن کەیاری بەقوت و بژێوی مامۆستایان دەکەن.
سەرکەوێ خەباتی مەدەنیانەی مامۆستایان ڕوەو بەدەستهێنانی مافە یاسایی و ڕەواکانی
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
مەکتەبی سکرتاریەت
٨ی کانونی یەکەمی ۲۰۲٤
