دەسەڵات ھۆكاری سەرەكی تەشەنەی توندوتیژیە !!
ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی ئەم جارە دۆسیەکی ئامادەکردووە تایبەت بە چەوسانەوە و توندوتیژی دژ بە ژنان چەند پرسیارێکی ئامادەکردوە بۆ چالاکوان وبەرگریکارانی مافەکانی ژنان ،بەم جۆرەی خوارەوە :
1 ــ ئایا سەرنجتان چی یە لەسەر چەوساندنەوەی ژنان لەگەڵ ئەوەی چەندین ڕێکخراوی ژنان و مافی مرۆڤ لەکۆمەڵگەدا هەن، بەڵام بەردەوام توندوتیژی لەبەرامبەر بەژنان تەشەنەدەستێنێت ؟
2 ــ لە دوای هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکان تاچەند دەسەڵات وحکومەت کاری کردوە بۆ کەم بونەوەی توندوتیژی لەبەرامبەربە ڕەگەزی مێ و دروستکردنی یەکسانی هەمەلایەنەی نێوان ژنان وپیاوان؟
3ــ هۆکارە سەرەکیەکانی چەوساندنەوەی ژنان چین و لەبەرامبەردا چارەسەر بۆ ئەوبەڵایانە چین کە ژیانی ژنانی لەکۆمەڵگەدا وێرانکردووە ؟
ئامادەکردنی هاوڕێیان /
-ئاوات ڕەسوڵ
-عمر چاوشین
بەشی چوارەم وکۆتایی
لەسەر چەوساندنەوەی ژنان لەگەڵ ئەوەی چەندین ڕێکخراوی ژنان و مافی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا هەن، بەڵام بەردەوام توندوتیژی لەبەرامبەر بەژنان تەشەنە دەستێنێت؟ ئەم پرسیارە لەلایەن هەڵسوڕاو و چالاکوانی مافەکانی ژنان، نەغەدە عسمان وڵامدرایەوەو دەڵێت، ڕزگاری ژنان لە توندوتیژی و نەهامەتیەکانی، لەڕێی ڕێکخراوەکانی ژنان و بەندەکانی جاڕی گەردونی مافەکانی مرۆڤەوە نیە، بەڵکو لەڕێی بونی یاساو سستمێکەوە دەبێت کە ڕێگربێت لە هەمو توندوتیژیەک دژ بە ژنان.
هەرچەندە بونی ڕێکخراوەکانی ژنان ڕۆڵێکی ئەرێنیان هەبوە لە بەرگری لەمافەکانی ژنان لە کوردستاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاویان هەیە، نەیانتوانیوە مەسەلەی ژنان وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان بەڕێبخەن بۆیە هێشتا هیچیان نەبونەتە هۆکاری گۆڕینی ژیانی ژنان و باشکردنی گوزەران و کەمکردنەوەی توندوتیژی و بەرگرتن بە ژن کوشتن، لەلایەکی تریشەوە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی بەشێک لە ڕێکخراوەکان ملکەچی سیاسەتی ئەحزابی ئیسلامی سیاسی، وە بۆ ئەحزابی ناسیۆنالیستی دەسەڵاتداری کوردی، ئەمە جگەلە سنوردار کردنی هەڵسوکەوتی ژنان لە کۆمەڵگادا بەپێی زۆرێک لە یاسا بەپێی بەندەکانی شەریعەتی ئیسلام کە خزانویانەتە هەمو بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەی ژنان لە کۆمەڵگاداو کردویانن بە بڕیاردەریان.
وەهەرکاتێک ڕێکخراوێک یان کەسێک دیفاع لە ژنان بکات بەچەندین ڕێگا هەڕەشەی لێدەکەن و ڕیگری لە کارەکانی دەکەن، بێینە سەر بەندەکانی مافی مرۆڤ لەکۆمەڵە خاڵێکی نوسراوی سەرکاغەز نەبێت هیچی ترنیە، ڕۆژانە بە سەدان ژن و منداڵ دەبنە قوربانی شەڕ کە بەبێ ویستی خۆیان توشیان دەبێت، مافی مرۆڤ چ دەورێکی هەیە تا لەسەر چەوساندنەوەو توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەنگ بەرزکاتەوەو ڕێگری بکات.
هەروەها لەوڵامی پرسیاری ، ( لەدوای هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکان تاچەند دەسەڵات و حکومەت کاری کردوە بۆ کەم بونەوەی توندوتیژی لەبەرامبەر بە ڕەگەزی مێ و دروستکردنی یەکسانی هەمەلایەنەی نێوان ژنان و پیاوان؟ ))
نەغەدە دەڵێت ، نالەبارترین هۆکارو شوێن بۆ ئاڵوگۆڕی ژیانی ژنان هەڵبژاردن و پەرلەمانە،، دەلیلیش ئەوەیە کە لە پەرلەمانەوە ناڕەواترین یاسا بەرامبەر بەژنان دەرکرا، ئەویش چەسپاندنی یاسای فرەژنی بو، بۆیە پەرلەمان هیچ کات جێی ئومێدو هێنانەدی ماف و ئازادی ژنان نیە، ئەندام پەرلەمانی ئەم هەرێمە تەنها کۆمەڵێک ئەندامی ئەحزابی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی سیاسین و بەس، هیچیان بۆ بەرژەوەندی و لابردنی یاسا ڕێگرەکانی ئازادی ژنان نەچونەتە پەرلەمان
، بگرە تەنها ملکەچی ئەوامری حیزبەکانیانن و سیاسەتی حیزبەکانیان دەبەنە پێشەوە. سەبارەت بە پرسیار لەسەر، هۆکارە سەرەکیەکانی چەوساندنەوەی ژنان چین و لەبەرامبەردا چارەسەر بۆ ئەو بەڵایانە چین کە ژیانی لە کۆمەڵگەدا وێران کردووە؟
نەغەدە تیشک دەخاتەسەربرینەکان و دەڵێت، حکومەتی هەرێم، هەر خۆی هۆکاری سەرەکی بونی توندوتیژی و ژن کوشتن و بونی پیاو سالاریە، ساڵانە چەندین ژن دەبنە قوربانی دەستی باوک و برا بەناوی شتنەوەی شەرف و ناموسەوە، چەند باوک و برا هاوسەر مەحکوم کران لەئەنجامی کوشتنی کچ و ژن و خوشک؟ یان یاسایەک هەبێت بۆ ڕێگری کردن لە ژن کوشتن.
هیچ کات حکومەت و پەرلەمانی هەرێم دەربەستی ئازادی و یەکسانی ژن و پیاو نین و کاری بۆ ناکەن، هەمیشە پاڵپشتی یاساکانی ١٤٠٠ساڵی ڕابردوی ئیسلام دەکەن بەدژی ژنان و یاساکانیان دەهێننەوە پێشەوەو ژنانی پێ دەچەوسێننەوە کۆمەڵگای لەخاڵی سفردا پێدەهێڵنەوە.
هۆکاری چەوساندنەوەی ژنان لە کوردستان، بەجیا لە بونی دۆخێکی نالەباری کە پیاوسالاری بەرجەستەدەکاتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا بونی دەسەڵاتێکی سیاسی دواکەوتو لەبەرامبەر مافەکانی ژناندا و نەبونی یاساو دەزگایەک بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، ئەو ئاڕاستەیە دەچێتە پێشەوە کەبەر بە گەشەسەندنی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ دەگرێت، بەو مانایەی کۆمەڵگە بۆخۆی بەرەو فەراهەم هێنانی ئازادی ژنان دەچێتە پێشەوە، بەڵام دەسەڵاتی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی بەری پێدەگرن.
ڕۆشنا احمد ، کارمەندی تەندروستی وهەڵسوڕاوی بەرگریکار بۆ یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان وەک هەرژنێکی ناڕازی دەڵێت ، ڕێكخراوەكانی ژنان ڕێکخراونین و ھەریەكەیا وەلای بۆ لایەنێكە . بەهۆی سێبەربوون و پەرتبوونیان بۆ بەگژداچونەوەی چەوسانەوەو توندوتیژیەکان، چالاكی و هەڵسوڕانیشیان لەکۆمەڵگەدا كاریگەر نیە .
بەداخەوەم کە وادەڵێم بەڵام لەناو ڕێکخراوەکاندا ژنیان تێدایە بەسەرژندا شویكردوە، هەتا ئێستاش ئافرەتی كورد بە ڕێكخراوو ناڕێكخراوەوە ئەوەندە گرنگی بەڕوخسارو پۆشاك دەدەن ئەوەندە گرنگی بە كێشە سەرەكیەكەی خۆیان نادەن ،كەھاوبەشیە لەژیانی ھاوسەریدا و مافێكی پارێزراوە.
بۆ هۆکارە سەرەکیەکانی درێژەکێشانی چەوساندنەوەکانی ژنان ، ڕۆشنا ٲحمد دەڵێت ، دەسەڵات ھۆكاری سەرەكی تەشەنەی توندوتیژیە ،چونكە بكەری تاوان سزا نادات، یان سزایەكی سوكی بەسەردا جێ بەجێ ئەكات ،وە هەروەها ناھوشیاری خودی بەشێک لە ژنان ھۆكاری سەرەكیەكەیە، کە چەوساندنەوە بووە بە مێژووی بەربەریەتی ژنان.
ئابوری قۆرخکراوی خێزان ،باری گوزەرانی ژنی والێكردوە ھەموو مەرجێكی پیاو سالاری قبووڵ بكات ،. بەگشتی دەڵێم کە بێدەنگی ژنان وایکردوە چەوساندنەوەو نابەرابەری لە کیشوەری ئێمەدا درێژە بکێشێت .
بۆکۆتایی هێنان بەو نەخۆشیە پێویستمان بە شکاندنی بێدەنگی و شۆڕشە لە بەرامبەر بە یاساو دەسەڵات و هۆکارەکان و کارەکتەری مەیدانی چەوسێنەرانە..