سیستمێکی ئیداری بەدیل بۆ سیستمی پەرلەمانی ئێستا دەبێ سیستمێک بێت کە ئیرادەیەکی چینایەتی تر نوێنەرایەتی بکات لەوەی پەرلەمانی بورژوازی دەیکات، ئەویش سیستمی شورایی ئیدارەکردنە

0

ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی ئەم جارە دۆسیەکی ئامادەکردووە  سەبارەت بە گرنگی هەڵبژاردنەکان لەعیراق و کوردستان وکاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک،چەند پرسیارێکمان ئامادەکردووە بۆ هەڵسوڕاوانی سیاسی وچالاکوانانی مەدەنی ومافەکانی مرۆڤ کە بەپێکهاتووە لە /

*ــ تاچەند هەڵبژاردنە یەک لەدواییەکەکانی عیراق وکوردستان کاریگەریان هەبووە لەسەر گۆڕینی ژیانی خەڵک لەنەهامەتیە جۆراوجۆرەکان بۆ ژیانێکی شایستەی ئینسانی؟

*_نەبوونی ئازادی و نان وکارو ژیانێکی شایستە بە خەڵکی عیراق وکوردستان ، هۆکارە سەرەکیەکان دەگەڕێنەوە بۆچ، ئایا سیستەمی ئیدارەدانی دەوڵەت لە عیراق چ جۆرە سیستەمێکە؟

*ــ چ جۆرە سیستەمێکی گونجاو هەیە بۆ ئیدارەدانی ژیانی خەڵک ،بەڕای ئێوە بەدیل چیە لەبەرامبەر بە سیستەمی پەرلەمانی لە عیراق؟

ئامادەکردنی هاوڕێیان /

-ئاوات ڕەسوڵ 

-عمر چاوشین

بەشی سێ یەم 

لە وەڵامی پرسیارەکانی ئەم جارەی دۆسییەی  (ماڵپەڕی ئاڵتەرناتیڤی شورایی)دا  سەبارەت بەوەی تاچەند هەڵبژاردنە یەک لەدواییەکەکانی عیراق و کوردستان کاریگەریان هەبووە لەسەر گۆڕینی ژیانی خەڵک لە نەهامەتیە جۆراوجۆرەکانەوە بۆ ژیانێکی شایستەی ئینسانی؟

نادر عەبدولحەمید گوتی : خول لە دوای خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، ژیانی خەڵک خراپتر بووە. چونکە لە مەیدانی ئابووریدا ستڕاتیژێکی چینایەتی سیاسی، کە ئابووری نیولیبرالیزمە گیراوەتەبەر لەلایەن دەسەڵاتی بەغدا و هەولێر، تا کەڵەکەی سەرمایە و قازانجی کۆمپانیاکان و بەرژەوەندی زلهێزە ناوچەیی و ئیمپریالیستەکانی جیهان مسۆگەر بکرێت. هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات مادام هەڵتەکاندنی ئەم ستڕاتیژە چینایەتییە لە ئابووری نیولیبرالیزم نەکاتە ئامانج شتێکی مانادار نابێت بۆ ژیانی خەڵکی.

بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستە پەیوەستە بە گۆڕینی هاوسەنگی هێزی چینایەتی لەناو کۆمەڵگەدا. دەکرێ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەکاربهێندرێت بۆ ڕیسواکاری تەواوی سیستمی ئابووری-سیاسی و چینایەتی دەسەڵاتدار، نەک بکرێتە پەرەپێدانی خۆشباوەڕی بەوەی کە خۆشگوزەرانی لە ڕێگەیەوە دێتەدی، ئەمە سیاسەتێکی چینایەتی فریوودەرانەیە.

لەبارەی هۆکاری نەبوونی ئازادی و نان و کار و ژیانێکی شایستە بە خەڵکی عیراق و کوردستان بەڕێز

نادر عەبدولحەمید پێی وایە : نەبوونی ئازادی و نان و کار و ژیانێکی شایستە، ئاکامی سیستمێکی هەمە لایەنەی ئابووری سیاسی و چینایەتییە کە سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازییە هەم لە عێڕاق و هەم لە هەرێمی کوردستاندا. “سیستەمی ئیدارەدانی دەوڵەت” لە عیراق بەشێکە لەو تابلۆ گشتییە و بەدیاریکراویش بەرهەمی ئاڵوگۆڕەکانی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس و داگیرکردنی عێڕاقە لە لایەن ئیمپریالیزمی ئەمریکا، کە پڕۆسەیەکی سیاسیی وەڕێخست سەرەتا بە (کۆڕی فەرمانڕەوایەتی) پاشان نوسینەوەی دەستور و هەڵبژاردن لە (٢٠٠٥)دا بۆ دووبارە شکڵپێدانەوەی دەسەڵاتی بورژوازی لە شکڵ و فۆڕمێکی تردا کە بە تەوافقی پێکهاتە مەزهەبی و قەومییەکان ناسراوە لە نێوان سوننە و شیعە و کورد و عەرەب.

سەبارەت بەوەی کەبەدیل چیە لەبەرامبەر بە سیستەمی پەرلەمانی لە عیراقدا هاوڕێ

نادر عەبدولحەمید لەم بارەیەوە دەڵێت : سیستمی ئیداری هەر وڵاتێک بەشێکە لە سەرخانی سیاسی کۆمەڵگە، و لەسەر ژێرخانێکی ئابووری لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە چینایەتییەکان وەستاوە، بەم پێیە سیستمی ئیداری ناوەڕۆکێکی چینایەتی هەیە، گوزارشە لە باڵادەستی ئیرادەیەکی چینایەتی.

گۆڕینی سیستمی ئیداری سەرەتا پێویستە داروپەردووی سەرەخانەکە تەواو دابڕوخێندریت (شۆڕشێکی سیاسی بەرپا بکرێت) وە نابێت هەر لێرەشدا بووەستێت، چونکە ئەگەر دەست نەبات بۆ گۆڕینی ژێرخانی ئابووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوا جارێکی تر ژێرخانەکە شۆڕشە سیاسییەکە پوچەڵ دەکاتەوە و سیستمی ئیداری و سیاسی بەڕێوەبردنی کۆن زیندوو دەکاتەوە لە شکڵ و فۆڕمی تازەدا.

سیستمێکی ئیداری بەدیل بۆ سیستمی پەرلەمانی ئێستا دەبێ سیستمێک بێت کە ئیرادەیەکی چینایەتی تر نوێنەرایەتی بکات لەوەی پەرلەمانی بورژوازی دەیکات، ئەویش سیستمی شورایی ئیدارەکردنە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.