لەقۆناغی ئێستاش لەناو نەخشەڕێگای بتەکانی شاخ دا دەگەوزێت سکرتێرەکەی حزبی شیوعی !!
ئاوات ڕەسوڵ
پاش چەندەها ساڵ لەچەوسانەوە ونایەکسانی ودزی وگەدەندەڵی و کوشتن وسەرکوتکردن وپەلکێشکردنی دەوڵەتانی داگیرکەر بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان درێژەی هەیە لەلایەن پارتی ویەکێتی یەوە لەکاتی هەبوونی ململانێ وشەڕەکانیان لەگەڵ یەکتری بەئاشکرا پێشوازییان لەسوپایی ڕژێمی بەعسی ڕابردوو هەروەها سوپای دەوڵەتانی ئێران وتورکیا کردووە و شانازییشیان پێوەکردوە .
لە باشووری کوردستان کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتەکانی مەسعود بارزانی و کوڕوبرازاکەی دا کە چەندەها ساڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەڕێوەدەچێت کۆمەڵگای کوردستان لەو پەڕی ستەم وچەوسانەوە ونایەکسانی چینایەتی دا دەگوزەرێت بەدرێژایی تەمەنی ئەوجۆرە دەسەڵاتە ملهوڕە چەوسێنەرە !



کەچی تازە کاوە محمودی سکرتێری حیزبی شیوعی بۆچوون و بنەماکانی مەسعودبارزانی بەگرنگ دەزانێت باس لە یەک پارچەیی هەرێمی کوردستان و پەڕلەمان وهێزی پێشمەرگە دەکات !
نەک خەباتی چینایەتی هەقخوازانەی ناڕەزایەتی خەڵک و بزوتنەوەی کرێکاری بە گرنگ بزانێت و هێنانەدی سۆشیالیزم بکەنە ئەرکێکی تێکۆشانی حزبی شیوعی لەپێناوی بەدی هێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و دەنگ وسەدای شۆڕشگێڕانەی حزبی شیوعی شەقامەکانی شارەکان پڕ بکات لە سرودی ئەنتەرناسیۆنال و بەرزکردنەوەی دروشم وخواستە چینایەتی یەکانی هەقخوازانەی چینی کرێکارو خەڵکی ناڕازی ولە هەر شەقامێکدا کادروسەکردایەتی حزبی شیوعی پێشڕەوی نارەزایەتی یەکانی خەڵک بێت بەڵام بەپێچەوانەوە سکرتێرەکەی حزبی شیوعی بەرەو شاباش لێدان بۆ بانگەشەی ئەڵتەرناتیڤی ڕاستڕەوانەی بۆرژوازی وەک هەمیشە کەوتە هەلەکەسەماکردن !
ئەمانە جار جار دەم لە بەناو ئۆپۆزیسیۆن بوونیش دەکوتن بە بیرکردنەوەشیان تائێستا لە کۆشکەکانی خێڵی بارزانی وتاڵەبانی گوزەریان نەکردوە بەناوی پاراستنی نیشتمانی هەر ئەمەش ئەگەر وەزیرێکیشان بدەنێ یان بیان کەنە ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت شاگەشکەی خۆشی دەبن و هەر چی خەم وئازاروچەوسانەوەی کرێکارو زەحمەتکێشانیشە لەبیریان دەچێتەوە .
باشتر بوو وەک سکرتێری شیوعی پڕۆژەی نەخشە ڕێگایەکی مرۆڤانەی بخستبایە ڕوو کە خزمەت وسوود گەیاندن بایە بە بزوتنەوەی کرێکاری و ڕەوتی ناڕەزایەتی یەکانی خەڵکی کوردستان نەک شاباش لێدان وپێدا هەڵدان بەهەمان پڕۆژەی چەند بارەی بارزانی و پارتی ویەکێتی کە بەردەوام بانگەشەی بۆدەکەن لەکاتی هەبوونی ناڕەزایەتی فراوانی خەڵکدا ئەوان دەڵێن یەک ڕیزی نیشتمانی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و چی وچی کە هەر خۆشیان کەسێکی وەک مەسعود بارزانی سەبەبی پەرتەوازەیی هێزی پێشمەرگە وناکۆکی نیشتمانین هەرخۆشیان سەرۆک وقسەی یەکلاکەرەوەی حزبەکەی خۆیەتی کە سەرۆکایەتی وبەرپرسی یەکەمی باشووری کوردستان بووە بەڵام نەیتوانیووە کەمترین هەنگاوی کرداری بنێن بۆ ژیانێکی باشتر بۆخەڵک هەریەکەیان ئەویتریان بە تاوانبارو کەمتەرخەم دەزانن بەڵام ڕاستی یەکەی ئەوەیە ئەوان درۆ دەکەن تەنها بازرگانی بە سیاسەتکردنیان دەکەن و مرۆڤەکانی کۆمەڵگە هەڕاج دەکەن لەپێناوی خۆشگوزەرانی و شێوەژیانی شانشایی خۆیان.
جا کە بۆچوونەکەی مەسعود بارزانی بەو جۆرە بەگرنگ دەزانی باشترە خۆت وحیزبەکەت ببیتە ناو پارتی ژێر فەرمان وبڕیارەکانی !
ئەبێت بپرسین لە ساڵی ١٩٩٢ کێ لەمپەرو ڕێگربوو بۆ هەڵوەشانەوەی هێزی چەکداری حزبەکان لەدوایی یەکەمین هەڵبژاردنی پەڕلەمان وپێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ؟ هەر مەسعودبارزانی وجەلال تاڵەبانی بوون لە گەڵ ئەوەی بەلێنیان بەخەڵکی کوردستان دەدا کەیەک حکومەت ویەک پەڕلەمان ویەک هێزی سەربازی نیزامیان دەبێت سەر بەحکومەت و هێزی چەکداری حیزبەکان نامێنێت بەڵام دوای چەند ساڵێک لەجیاتی جێبەجێکردنی بەلێنەکانیان شەڕی ناوخۆیان سازکرد لەجیاتی باوەڕبون بەدیموکراسی ومەدەنیکردنی کۆمەڵگا بەهەزارەها گەنج ولاویان لەو شەڕەدا کردە قوربانی وبێ سەروشوێن کرد تا ئێستاش بەشێکیان چارەنووسیان نادیارە !
کەوایە پێت وانەبێت بەم جۆرە بانگەشانەت بزوتنەوەی کرێکاری وکۆمۆنیستی دەبەیتە پێشەوە بەپێچەوانەوە زیاتر حزبی شیوعی دادەبڕێت لە خەڵکی ناڕازی و بزوتنەوەی کرێکاری وکۆمۆنیستی .