ئێران، کەرەج؛ دەستبەسەرکرانی ئەژدەر پیری سەرنووسەری گۆڤاری توێژینەوەی مانگانەی نێودەوڵەتی گەلان
ئەڵتەرناتیڤی شورایی /
ئەژدەر پیری توێژەری کورد، خەڵکی ئورمیە و سەرنووسەری گۆڤاری نێودەوڵەتی توێژینەوەی مانگانەی گەلان، لە کۆتایی مانگی ڕەزبەر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کەرەج ناوەندی پارێزگای ئەلبۆرز دەستبەسەرکراوە و فەرمانی دەستبەسەربوونی درێژ کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری کەرەج هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەژدەر پیری، تەمەن ٣٦ ساڵ، لێکۆڵەر و سەرنووسەری توێژینەوەی مانگانەی نێودەوڵەتی گەلان و ناوبراویان دەستبەسەر کرد.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەژدەر پیری، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سەرەڕای دەستبەسەرکردنی ئەژدەر پیری ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک مۆبایل و لاپتۆپدا گرتووە.
بەپێی زانیاری کە لە بڵاوکراوەی هەنگاو بڵاوکراوەتەوە کە هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، ئەژدەر پیری تەنیا یەک پەیوەندی تەلەفۆنی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە و لەم دواییانەشدا فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ درێژ کرایەوە.