هەڵبژاردن تەواو ،بەڵام خواست و ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر بۆ نان و کار و مەعیشەت و ئازادی هەر باقیە!


بەدوای کەمپینێکی سێ هەفتەیی لە بەخشینەوەی بەڵێنی درۆ و خستنەگەڕی دەزگای میدیای حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بۆ گێژکردنی جەماوەر و ڕاکێشانیان بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکەی ڕاگەیاند.
لەم کەرنهڤاڵی گێژکردن و بەخشینەوەی بەلێنی درۆیەدا، پارتی بە دروشمی چاکسازی و باشکردنی دۆخی ئابوری و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و یەکیەتیش بە دروشمی “حوکمڕانی ڕاست دەکەینەوە و دەسەڵاتی خۆسەپێن ڕادەگرین” هاوکات لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بە پڕوپاگەندە کردن بۆ چاکسازی و دانی بەڵێنی دامەزراندنی گەنجان و چارەسەرکردنی کێشەی موچە و پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان و گەلێک بەڵێنی درۆی تر،
بەهەمویان توانییان ڕێژەیەک جەماوەری ناڕازی کوردستان بکێشنەوە بەردەم سندوقەکانی دەگدانەوە و بەشدارییان لەم هەڵبژاردنەدا پێبکەن. ئەوان توانییان بە دەستگرتن و زیندوکردنەوەی بەها و فەرهەنگە پیاوسالاری و پڕتوکاوە ناسیونالیستی و ئیسلامیەکانیانەوە، بە دەستبردن بۆ تەبلیغاتی نەتەوەپەرستی و خۆهەڵواسینیان بە ئیسلام و شەریعەتەکەیەوە، بە ڕابردوپەرستی و پیرۆزکردنی سەردار و شێخ و مەلا و سەرۆکی بنەماڵەکانیانەوە، بەوەی کە ژنان سێیەکی پیاوانن و هاولاتیانێکی تورکمان و مەسیحی “کۆتا”ن، بە چاونوقاندن لە درۆن و بوردومانی تورکیا و ئێران و هەموو ئەو دڵەراوکێیەی کە وەک بەردێکی گەورە لەسەر سینەی خەڵک سەنگینی کردووە، توانییان بە ئامانجە گڵاوەکانی خۆیان بگەن.
وە لە ئەنجامیشدا بە هەموویان پارتی و یەکیەتییان وەک براوەی یەکەم و دووەم، لەسەر کورسی دەسەڵات دانایەوە و توانییان ئهو كاره لەسەر حسابی خۆشباوەڕی خەڵک بكهن، بەوەی کە لە ڕێگای دەنگدانەوە دەستدرێژیەکانی ئەم دوو حیزبە لەسەر ژیانی خەڵک کورت دەکەنە و ئەو سیستەمە ناوچەیی و میلیشیاییە حیزبیە دەگۆڕن، کە زیاتر لەسی ساڵە ژیانی خەڵک دەهارێ.
ئەوان سەرکەوتوبون لەم کەمپەینەیاندا، بەوەی کە بۆ چوار ساڵی تر خەڵكی کوردستان کۆتوبەندی دەسەڵات و سیستەمێكی دواکەتوو و سەراپا دژی خەڵکی و مودافیعی سەرمایەدران و کۆمپانیاکانیان بکەنەوە ملیان و بەدیار هەژاری و نەداری و گێژاوێکی سیاسیەوە ڕایانبگرنەوە کە هەر ساتە و هەر ڕۆژە قوربانی لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و لە لاوان و ژنان و فەرمانبەران بسەنێت.
لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەدا، حزبە دەسەڵاتدارەکان توانییان جارێکی تر ئەو قەوارە لەرزۆکەی کە هەیە و بۆتە جێگای کۆبوونهوەی مشتێک لە ئەحزابی بۆرژوازی گەندەڵ و تاڵانچی و خاوەنی کۆمپانیاکان، بەسەر خەڵکی ناڕازی کوردستاندا بقەبڵێنن و شەرعیەتی پێبدەنەوە و بە خەڵکیش بڵێن کە”قەوارەیەی هەرێم دەستکەوتی گەلی کوردە” و نابێ لەدژی دەست بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشی خۆتان بەرن!
هاوکات ئەوە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی وەک نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان و هەڵبراوەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بوون، کە بە خەڵکیان وت ئێوە بۆ گەیشتن بە داخوازیەکانتان، هیچ ڕێگایەکی ترتان لەبەردەم نییە، جگە لە چاکسازی و بەشداریکردنی فراوانتان لە هەڵبژاردندا.
وتیان سندوقەکانی دەنگدان سەنگی مەحەکە بۆ گۆڕانکاری و ڕزگاربون لەو سەدان دەردومەینەتیەی کە ساڵەهای ساڵە یەخەی پێگرتوون.
پەیامەکانی نوێنەرانی ئەمریکا و تورکیا و ئێران و دەوڵەتانی تر و پیرۆزباییان لە سەرکەوتنی هەڵبژاردن، ئەو ڕاستیەی دەرخستەوە کە ئەم دەوڵەتانە هێشتا لایەنەگری پارتی و یەکیەتی و دەسەڵاتەکەیانن و ئامادەنین لەو دیمکراسیە قەومی و ئاینی و تایفەگەریەی کە لە عێراقدا، بە باڵای خەڵکیان بڕیوە، ’’دەسەڵات دەستاودەست پێبکرێ’’ لەنێوان حیزبەکاندا. هاوکات پشتیوانی خۆیان لەو سیستەمە مافیایی و گەندەڵە دهربڕی کە ڕۆژانە مافە فەردی و مەدەنیەکانی هاوڵاتیان پێشێل دەکا و ڕۆژنامەنوسان زیندانی دەکا و بە ملهوڕی و بەزۆری چەک دەزگا ڕۆشنبیریەکان دادەخا و زەحمەتکێشانێکی چایچی و گەنجان لە ناوەڕاستی شەقامدا دەکوژێ و دەدەنە بەر شەق.
لەکەنار ئەم ڕاستیانەوە ئەوەی کە لەم هەڵبژاردنەدا دەرکەوت، ڕاستی و دروستی پەیام و لێکدانەوەکانی ئێمەی سەلماند کە بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە بە دەنگدەرانمان وت کە ئەم هەڵبژاردنە بە خواستی دوو حیزبی دەسەڵاتدار، پاش هەڵگرتنی بایکۆتی پارتی، بە پشتیوانی دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەمریکا و لایەنە شیعیەکان دزاین کراوە و هیچ شتێک لەپێگەی پارتی و یەکیەتی و مانەوەیان لەسەر کورسیەکانی دەسەڵات ناگۆڕێ.
ئێمە وتمان ئەوەی کە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، دەیڵێن کە ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە و نەزیهە و لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە و بە چاودێری لایەنە دەرەکیەکان سازدراوە، ئەوەی کە ئەم هەڵبژاردنە چارەنوسازە و بە بەشداری و بە دەنگی خەڵك گۆڕانکاری بەدی دێت، جگەلە بانگەشەیەکی فریوکارانە و هەوڵدانیان بۆ دەستکێشانەوەی خەڵک لە ناڕەزایەتی و خواستەکانیان، شتێکی تر نیە و شەریکەبەشن لە قایمکردنەوەی دەسەڵاتی دوو حیزبی بنەماڵە بەسەر سەری خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانەوە.
ئێمە وتمان جەماوەری ناڕازی کوردستان ئەگەر داوا و خواستی هەیە، ئەگەر چاوی لە گۆڕانکاری و باشکردنی ژیانی بڕیوه، لە یەکەم هەنگاودا نابێ فریوی بانگەشەی لایەنەکان و بەڵێنەکانیان بخۆن و دەبێ وەک ڕیزێکی سەربەخۆی چینایەتی و جیاواز لە حیزبەکان و سیناریۆی هەڵبژاردنەکەیان بۆ خواستەکانی خۆیان لە مەیداندا بمێننەوە.
بێگومان سەرەڕای بەشداری نەکردنی ڕێژەیەک لە دەنگدەران و دووسەد هەزار دەنگی پوچەڵ و هەموو ئەو تەزویرات و فرتوفێڵەی حیزبەکان، بەشداریکردنی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان لەم هەلبژاردنەدا، دەرخەری ئەو ڕاستیەشە کە خەڵکی ناڕازی کوردستان، بۆ تۆڵەسەندنەوە و ملشکاندنی دوو حیزبی دەسەڵاتدار، کەوتنەداوی ئەو وەهمەوە کە ئەگەر دەنگ بە”لایەنێكی تاقینەکراوە” بدەن دەتوانن گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا بکەن، لەمەشدا هێز و توانای مەزنی خۆیان لەبیر کرد. لەکاتێکدا واقعیەتە چینایەتی و سیاسیەکانی کۆمەڵگای کوردستان و سروشتی دەسەڵاتێکی حیزبی و میلیشیایی و مافیایی و بنەماڵەیی، چەندین جار ئەو ڕاستیەی سەلماندووە کە گۆڕانکاری لەڕێگای کارتەکانی دەنگدانەوە بەدی نایەت.
ئێستا کە یەکیهتی و پارتی و حیزبە براوەکانی ئۆپۆزسیۆن شایی و لۆغان بە سەرکەوتنەکانیانەوە دەگێڕن، کە گوایە دەنگەکان و کورسیەکانیان زیادی کردووە، جگەلە بەرهەمی لاکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و دابەشکردنەوەی دەنگ و کورسیەکانی بەسەر خۆیاندا، شتێکی زیاتر نییە.
هاوکات ئەم سەرکەوتنە لەوەدا کورت دەبێتەوە کە دەم و چاوەکانی پەرلەمانی تازە و زیاد و کەم کردنی کورسی لایەنەکان بگۆڕدرێ، ئەمەش هیچ پەیوەندییهکی بە خواست و داواکانی خەڵکەوە نییه بۆ گەیشتن بە ژیانێکی شایستە و ئینسانی.
بەتایبەتیش لە سەرکەوتێکدا کە پارتی و یەکیەتی وەک هێزی یەکەم و دووهم دابنێتەوە، لەو ئەنجامە زیاتر تێناپەڕێت کە هەمان ئەو دەسەڵات و سیستەمەی لێبەرهەم بێتەوە، کە سێ دەهەیە ژیانی هاوڵاتیانی کوردستانی بە هەزارویەک دەرد و مەینەتیەوە لە قاڵبداوە. بەڵام ئەم سەرکەوتنەی لایەنەکان جگەلەوەی کاتیە و درەنگ یا زوو ناکۆکیەکان دەتەقنەوە و بۆمبی قەیرانە بەردەوامەکان، لەژێر پێی پەرلەمان و کابینەی حکومەتی تازەدا دەتەقنەوە.
هاوکات دۆخی سیاسی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە بەڕێکەوتون، هێندەی تر کێشە ناوخۆییەکان، کێشە لەگەڵ بەغدا، هەڕەشەی دەوڵەتانی ناوچەکە و هاوکێشەی تازەی نێوانیان، سەراپای سیستەمی حوکمڕانی لەگەڵ ئاستەنگی گەورە بەرەوڕوودەکاتەوە.
لە سەرێکی تریشەوە هەڵبژاردنێک کە ئەنجام درا، هەرگیز بڕیار نییە بێکاری و هەژاری و ئەو جیاوازیە چینایەتیەی کە فیرعەونەکانی دەسەڵات و نێو حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی بردۆتە ئاسمان، چارەسەر و کەم بکاتەوە.
بڕیار نییە کابینەی تازە باجگیری و تاڵان و بڕۆ و زوڵم و زۆری کۆمپانیاکان لەسەر کرێکاران و هاوڵاتیان هەڵگرێ و موچە و خزمەتگوزاریەکان و ویستی باشبژێوی دابینبکات.
بڕیار نییە باری لاری “قەوارەی هەرێم” لە فیدراڵیزمێکی قەومی شکستخواردودا ڕاستبکاتەوە و هەوڵی لایەنە شیعەکانی عێراق بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەند ڕابگرێ.
لە یەک وتەدا بڕیار نییە هەڵبژاردن شامی شەریف بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکات. بەپێچەوانەوە، هەر زوو تەپۆتۆزی هەڵبژاردن دەڕەوێتەوە و جەماوەری ناڕازی پەی بە راستیەکانی ژیانی خۆیان و دەسەڵات دەبەنەوە و ناوەندی شەقام و شارەکان بۆ خواستەکانیان دەگرنەوە.
كرێكاران، خهڵكی زهحمهتكێش!
هەڵبژاردن تەواوبوو، بەڵام خواست و ناڕەزایەتیەکانی ئێمە بۆ نان و کار و مەعیشەت و ئازادی، بۆ سەلامهتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، لە شوێنی خۆیدا، نەک هەر بەهێزی خۆیەوە ماوە، بەڵکو ئیتر کاتی ئەوەیە یەخەی هەموو ئەو حیزب و لایەنانە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە بگرین کە بەڵێنی باشکردنی ژیانمانیان دا.
کاتی ئەوەیە کە وەک ڕیزێکی چینایەتی و بزوتنەوەیەکی سیاسی سەربەخۆ و شۆڕشگێڕانە چارەنوسی خۆمان بەدەستی خۆمان بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی بەدەستەوە بگرین. کاتی ئەوەیە کە هەر لە ئێستاوە لە دەوری داخوازیەکانمان کۆببینەوە و ناوەندەکانی کار و ژیانمان بکەینە مەیدانی خۆنواندنی هێزی چینایەتی و ناڕازەزایەتیەکانمان. دەرسێک کە دەبێ لەم هەڵبژرادنەوە وەریبگرین، جیاکردنەوەی ڕیزی سەربەخۆی چینایەتیمانە لە هەموو حزبە بۆرژوازیهكان.
دوورکەوتنەوەمانە لەفریوخواردن بە پروپاگەندە و سیاسەتەکانیان. ئەگەر ئەمانەوێت ژیانمان باشتر بکەین، ئەگەر دەمانەوێت کۆتایی بەو یاریە گڵاوە بهێنین كه حزبە قەومی و ئیسلامیەکان کە بەژیانی ئێمەی دەکەن، ئەگەر دەمانەوێت ژیانی ئەمڕۆ و سبەینێ خۆمان و منداڵەکانمان لە بازنەی دەسەڵات و سیستمێک کەب ۆرژوازی کورد دایمەزراندووە دەرکێشین و کۆتایی بە هەموو ئەو دەرد و مەینەتیانە بهێنین کە بەرۆکی گرتوین،
دەبێ ڕیزەکانی خۆمان یەکگرتو و ڕیکخراوبکەین و بە ئاسۆیەکی شۆڕشگێرانەی چینایەتیەوە لە مهیداندا ڕاوەستین. دابینکردنی ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی و بردنی کوردستان بەرەو کۆمەڵگایەک کە خەڵکی ستهمدیدەی کوردستان تێدا ئاسودە بێت، تەنها بە خەباتی شۆڕشگێڕانە و بە هێزی یەکگرتوی جەماوەریمان مەیسەر و مومکینە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٤ی ئۆكتۆبهری ٢٠٢٤