پەیامی خانەوادەی شەهیدی حەقبێژ مامۆستا جیهان تەها لەیەکەم ساڵیادی تیرۆرکردنی دا

0

ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر یەکێک لە قێزەونترین و دڕندانەترین تاوان لە مێژووی کورد و مێژووی مرۆڤایەتی دا کە ئەویش سوتاندن و ئاگرتێبەردان و تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەهای خەڵکی شاری هەولێرە لە کوردستانی عێراق لەلایەن دەسەڵاتدارانی کورد.
هەر لەسەرەتاوە دەسەڵاتی کوردی هاوشێوەی تاوان و تیرۆرەکانی ساڵانی ڕابردوویان هەوڵی شێواندن و بەلاڕێدابردن و شاردنەوەی تاوانەکەیان دەدا لە چاوی خەڵک و چاوی میدیاکان، هەوڵیان دەدا ژێر بەژێر لەگەڵ بنەماڵەکەمان وەک و ڕوداوێکی هاتوچۆی ئاسایی کۆنتڕۆڵی بکەن و تێ ی بپەڕێنن .
بەڵام خۆشبەختانە بەهەوڵی خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و ئازادیخوازان و خەمخۆران بە هۆی هەبوونی ئەزمون و شارەزایەکی زۆر لەگەڵ تاوان و تیرۆرەکانی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی هەر زوو سینارۆی ئەم تاوانە قێزەونەش پوچەڵکرایەوە.
تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان لە کاتێک دا بوو کە خۆپێشاندان و ناڕەزایی چینی مامۆستایان و وانەبێژانی کوردستان زۆربەی شار و شارۆچکەکانی گرتبوەوە مامۆستا جیهانیش وەک و نوێنەری وانەبێژانی هەولێر بەشداری چەندین چالاکی و خۆپێشاندان دەکات و لە سێ چاوپێکەوتنی میدیایی دەردەکەوێت کە ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتدارانی کورد و وەزارەتی پەروەردە دەگرێت و بەبوکەڵە و بەکارهاتوو و بێدەسەڵات ناویان دەبات و داوادەکات دەست لەکاربکێشنەوە پاشان بەرگری لە مافی وانەبێژ و مامۆستایان و هاوکات مافی گەنجان و خەڵکی فەقیر و هەژاری ووڵاتەکەی دەکات هەر وەک خۆی دەڵێت“دەبا منیش هەندێ بە ئازادانە قسە بکەم داوای مافی خۆم بکەم داوای مافی گەنج بکەم فەقیر … هەژار”
دەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە لەوکات و ساتەدا خۆپێشاندانەکان لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری نزیکەی چوار مانگ بەردەوام دەبێت و مامۆستایان و وانەبێژان ناچنە هۆڵەکانی وانە وتنەوە.
بە پێچەوانەوە لە دوای تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان بێدەنگیەکی سامناک دەست بەسەر شاری هەولێر و دەوروبەری دا دەگرێت و مامۆستایان و وانەبێژان لەچالاکی و خۆپێشاندان دەوەستن و بە ناچاری دەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و وانە وتنەوە.
ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە ئامانج لە تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان بێدەنگکردن و کپکردنی چالاکی و خۆپێشاندانەکانی مامۆستایان و وانەبێژانی سنوری هەولێر و خەڵکی شاری هەولێربوو.
هاوکات بەلاڕێدابردنی تاوان و ڕوداوی تیرۆرەکردنەکەش لەڕێگەی پلانێکی تەواو تۆکمەو داڕێژراو و چیرۆک و سیناریۆیەکی تێکەڵ و پێکەڵ و دروستکراو…
ئەمەش وەک و پەیامێک بۆ خەڵکی شاری هەولێر کە ئەگەر دەنگ بکەن و ناڕەزایی دەرببڕن ئەوا چارەنوستان بەو شێوەیە دەبێت و پاشان چیرۆک و سیناریۆشتان بۆ هەڵدەبەستین.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مەرگی مامۆستا جیهان تەنها تیرۆرکردنی مامۆستایەک نەبوو… بەڵکو بریتی بوو لە بێدەنگکردنی شارێک…
لەهەموو کۆمەڵگایەک کاتێک دۆسیەیەک دەنگدانەوەیەکی جەماوەری دروست دەکات و دەسەڵات تۆمەتباردەکرێت بە بکەری تاوان ئەوا ئەو دۆسیەیە دەبێتە دۆسیەیەکی گشتی و دۆسیەی خەڵک ، لەبەرئەوە پێویست بوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی و
وتەبێژی حکومەتەوە بەرگریان لە خۆیان کردبایە و ڕونکردنەوەی پێویست و باوەڕپێکراویان پێشکەش بە بنەماڵەکەی و خەڵکی کوردستان بکردبایە بەلایەنی کەم کامێراکانی سەرشەقامیان خستبایە ڕوو، تا تۆمەتی ئەو تاوانە لەسەر ئەوان لابردرایە.
بەڵام بەداخەوە و بەپێچەوانەوە هاوشێوەی تاوان و تیرۆرەکانی ساڵانی ڕابردوو ئەم دۆسیەیەشیان بە شاراوەیی و بەیەکلانەکراوەیی بەجێهێشت و کۆتاییان پێهێنا.
ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کە بڵێین بەداخەوە بەهۆی ئەوەی کە یاسا و دادگاکان لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆ و سەروەرنین و لەژێر دەسەڵاتی حزبی دان لە ئێستادا سەبارەت بە دۆسیەی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەها لەلایەن بنەماڵەکەمان سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم لە داگای واشنطن لە ئەمریکا تۆمارکراوە و داوادەکەین کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و گرنگ بکرێت و ئەنجامی دۆسیەکە بۆ بنەماڵەکەی و خەڵکی کوردستان ڕوونبکرێتەوە و هاوکات داوا دەکەین کە بکەرانی ئەم تاوانە قێزەونە بە سزای ڕەوایی خۆیان بگەیەنرێن و ڕۆحی مامۆستا جیهان ئیتر ئاسوودە بکرێت و ببێتە پەند و وانەیەکیش بۆ دەسەڵاتدارانی کورد کە ئیدی دەست لەگەرووی گەنجەکانمان نەنێن کە هاواری ماف و ئازادی دەکەن بۆ خەڵکی ووڵاتەکەیان.
خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها
26 ی ئۆکتۆبەری 2024
Leave A Reply

Your email address will not be published.