دەخاڵەتی زۆرایەتی خەڵک لە چارەنوسی خۆی وگۆڕینی دەسەڵات لە ڕیگای شۆڕشەوە لەڕیگای دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی زۆرایەتی خەڵکەوە لە سیاسەت و ئابوریدا کە دەسەڵاتداریەکی شورایە و ئیمکانی دامەزرادنی هەیە هەر ئەمە ئەتوانی کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزاران و ئازاد و یەکسان دابمەزرێنێت و نزیک ببێتەوە لە کۆمەڵگەیەکی ئینسانی
هاوڕێیانی ئازیز لەدۆسی یەی ئەم جارەی ماڵپەری ئەڵتەرناتیڤی شورایی بۆ گفتوگۆکردن چەند پرسیارێکمان ئاراستەی چەندین هاوڕێ کردووە، کەتایبەتە بە ( ئایا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەی ؟ ئایا خەڵکی کوردستان سودمەند بووە لەپاش چەندین هەڵبژاردنی پەرڵەمانی ؟ باوەرت بە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی نییە ؟چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگەیەکی باشتر بەدی بهێنرێت ؟ ئێمە ئامانجان ئەوەیە کە وەک سەکۆیەکی ئازادانە لیرەوە وەک خۆی بۆچوونی هەریەکە لەهاوڕێیان بڵاو بکەینەوە هەتاوەکو سەرجەم خوێنەران سوودمەندبن لەزانیاری بۆچوونە جیاوازەکان بە چەند بەشێک تەواوی وەڵامی هاوڕێیان بڵاودەکەینەوە .
بەشی چوارەم و کۆتایی
ئامادەکردنی: ئاوات ڕەسوڵ
سەمیر نوری سکرتێری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری ئایا بەڕێزت بەشداری هەڵبژاردنی کوردستان دەکەیت گوتی:
من باوەڕم بە هەڵبژاردن هەیە و دەبێ دەسەڵات لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە یەکالا بکرێتەوە ، ئەڵتەرناتیڤی شۆڕشگێرانە بۆ زامن کردنی خەڵک لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا هەڵبژاردنی شورایی یان دیموکراتیکی ڕاستەوخۆیە کە خەڵک هەم لە یاسادانان هەم لەبەڕیوەبردندا لە سیاسەت و ئابوریدا شەریکن و ڕاستەوخۆ بەشدار دەبن.
هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانیش کە ئەڵتەرناتیڤی بورژوازیە بۆ دەستاو دەست کردنی دەسەلات شکڵێکی تری هەڵبژاردنە و لەباشترین حاڵەتی خۆیدا چوارساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت و چارەنوسی کۆمەڵگە تەسلیم بە کۆمەڵێک خەڵک دەکرێت بڕیار لەسەر چارەنوسی کۆمەڵگە بدەن و ئەم هەڵبژاردنانە لەسەر بنچینەی هاوڵاتی بوونی یەکسان جێبەجێ دەکرێت بۆ هەر هاوڵاتیەک یەک دەنگ، بەڵام ڕێکارەکان بەشێوەیەکە ڕێگا نادرێت لەڕیاگایە سەرمایەداری ژێرەو ژوور بکرێت.
ئەمە ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنستی و کرێکاری نیە بەڵام بەپی بارودۆخی تایبەت و لە وڵاتیکی دیاری کراودا دەکرێ بەشدار ببیت یان نەبیت.
لەسەر هەڵبژاردنی کوردستان ئەم هەڵبژاردنە لە نزمترین ئاستی هەڵبژاردنی بۆرژوازی بەهرەمەند نیە ، یەکەم هاوڵاتی بوونی یەکسان بنچینە نیە و پێناسەی قەومی و دینی بنچینەیە وناوچەیی باڵا دەستە بەسەریدا ،
دوەم کوردستان میلیشیا دەیبات بەڕێوە، سەندوقی دەنگدان شتێکی شەکڵیە دەسەلاتی یەکاڵا ناکاتەوە ئەگەر میلیشیات نەبێت گورگان خوارد دەبیت، پارەو چەک بەدەست کێوە بێت ئەو دەسەڵاتی بردوەتەوە، بواریش نیە لەڕیگای مانوری هەڵبژاردنەوە تەوازنی هێز بگۆریت ئەوە وەهمە لەم ڕیگایەوە کارێک بکرێت، لە بەرژەوەندی زۆرایەتی خەڵک.
بۆیە بەشداری کردن فەقەت کارتێکە شەرعیەتی دەسەڵاتی میلیشیای دەسەڵمـێنی و بەهێزی دەکات بۆیە بەشداری کردن خۆ کوژیە.
خەڵکی کوردستان هیچ سودیکیان نەبینیوە لە بەشداری هەڵبژاردنەکانی کوردستان و نایەکەن، هیچ کاتێک نەیانتوانیوە دەسکەوت لەم ڕێگایەوە بەدەست بهێنن.
دەخاڵەتی زۆرایەتی خەڵک لە چارەنوسی خۆی وگۆڕینی دەسەڵات لە ڕیگای شۆڕشەوە لەڕیگای دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی زۆرایەتی خەڵکەوە لە سیاسەت و ئابوریدا کە دەسەڵاتداریەکی شورایە و ئیمکانی دامەزرادنی هەیە هەر ئەمە ئەتوانی کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزاران و ئازاد و یەکسان دابمەزرێنێت و نزیک ببێتەوە لە کۆمەڵگەیەکی ئینسانی.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی / ئایا بەڕێزت بەشداری هەڵبژاردنی کوردستان دەکەیت؟
عەلی محەمەد ئەمین نووسەر و ڕۆژنامەنووس گوتی : نەخێر من بەشداری لە هەڵبژاردنی کوردستان ناکەم، بەتایبەت لەباری ئێستادا…
ئەڵتەرناتیڤی شورایی / پێتوایە ئەمجارە دەتوانرێت گۆڕانکاری باشتر بکرێت بەهۆی هەڵبژاردنەوە؟ هەروەک پاش چەندین هەڵبژاردن ، ئایا خەڵکی کوردستان سودمەند بووە؟
عەلی محەمەد ئەمین گوتی : هەروەک زۆربەمان دەزانین هەڵبژاردنی پارلەمانی لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان دا ، تەنانەت لەو وڵاتانەش کەتاڕادەیەک ئازادی و دیموکراسی هەیە ، گۆڕانکاریەکی دڵخواز لە بەرژەوەندی زۆرینەی خەڵک ، بەتایبەت ئەوانەی دادو بێدادیانە بەدەست سیستەمی حوکمڕانیەوەو گرفتاری زۆر کێشەو تەنگ و چەڵەمەی جۆراوجۆربوون، ئەم ڕاستیە لە باری ئێستادا هێندەی تر ڕۆشنتر بووەتەوە، بەتایبەت کە سیاسەتی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری لە زۆرێک لەو ووڵاتانەدا بەڕێوەدەچێت و کۆمەڵگاکانی ڕووبەڕوی چەندین قەیرانی جۆربەجۆر کردووە، هەر لە قەیرانی بێکاری و گرانی کاڵاو گران وەدەسخستنی شوێنی گونجاوی نیشتەجێبوون .. هاوکات مافە سیاسی و مەدەنییەکانیش پاشەکشەیانکردووەو بارودۆخی پەنابەران و زۆرێک لە چین و توێژە ستەملێکراوەکان تووشی چەندین گرفت بوونەتەوە، جگە لە پیسبوونی ژینگەش کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکانی دوچاری هەڕەشەی مەترسیدار کردووە، لە سایەی ئەم سیستمەش دا چەندین بزووتنەوەی ڕاسیستی و کۆنەپەرستی سەریان هەڵداوەتەوە…
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دا ، بەتایبەت دووای ئەو خرۆشانە جەماوەریانەی لە زۆرێک لە ووڵاتانی عەرەبی دا ڕوویان دا و حکومەتە دیکتاتۆریەکان هەرەسیان هێنا ، بەداخەوەش نەک هەر ئاوات و ئامانجە ڕەواکانی خەڵک نەهاتەدی و داواکارییەکانی لەمەڕ نان و کار و ئازادی بەدی نەهاتن و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی بەشمەینەت بەلاڕێ دا برا، زەمینەی هەڵبژاردن و پیادەکردنی دیموکراسی وپەیڕەوکردنی ماف و ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان سەختتربوو، قسە لە هەڵبژاردن و دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی و دادوەر هەروەک پڕوپاگەندەو کەرەسەیەک بۆ بەکاربردنی ناوخۆو فریودان و چەواشەکاری مایەوە، لەلایەکی تر ئەوە ڕۆشنە کەسیستمی پارلەمانی لەسەرەوە نوێنەرەکان خۆ دەسەپێنن و لانی کەم تا چوار ساڵێک دەمێننەوەو هێنانە خوارەوەیان لەو ماوەیەدا سەخت دەبێت، بەتایبەت کە کاتێک سەرگەرمی عەیش و نۆشی ئەو ژیانە بانسەریەی خەڵک دەبن و ئیتر وابە ئاسانی لە کورسی و پلەوپایەی دەسەڵات نایەنە خوارەوە …
لە کوردستانی خۆشمان دا ، وەک هەموو دەزانین ، لەماوەی زیاتر لە ( ٣٠ ) ساڵ دا ، وێرای سازدانی چەند هەڵبژاردنێک و هاتنەکایەوەی چەند کابینەیەکی حکومەتی، هێشتا هاوڵاتیان بەدەست چەندین کێشەی وەک بێ مووچەیی و بێکاری و بێ کاسبی و بێ کارەبایی و بێ ئاوی و نەبوونی سەرپەناوچوار دیوارێک دەناڵێنن و بێبەشن لە زۆرێک لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەو ماوە دوورو درێژەدا هەموو لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت دا وێڕای ڕەخسانی کات و سەروەت و سامان و داهاتێکی زۆر توانایەکی دیاریان لە خزمەتکردنی خەڵکی دا نیشان نەداوە، هەر لەسایەی ئەم سیستمە حوکمڕانیەی ئەمان دا خەڵکی دوچاری چەندین گرفت و تەنگ وچەڵەمە بوونەوەو زۆرێک لە جومگە سەرەکی و بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگا و دام و دەزگا پەروەردەیی و فێرکاری و تەندروستییە گشتییەکان لاواز بوون، یاخود شکستیان هێناوەو لە لایەکی تریش بارودۆخی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و ئازادی بیروباوەڕو پیادەکردنی چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی ڕووبەڕووی ئاستەنگ و پێشێلکاری بەردەوام بووەتەوە…
ئەڵتەرناتیڤی شورایی / ئەگەر بەشداری دەنگدان ناکەیت، بۆچی ؟
عەلی محەمەد ئەمین نووسەر و ڕۆژنامەنووس دەڵێت :بەشداری دەنگدان ناکەم لەبەر ئەوەی وەک ئاماژەم پێدا زۆرێک لەم لایەنانەمان چەندینجار تاقیکردووەتەوەو بۆماوەیەکی زۆر ئەمانە بەتەنگ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک و باشترکردنی باری ژیان و گوزەرانیانەوە نەبوون و نابن و ، لەڕاستی دا لەگەڵ ڕێزم بۆ تێکۆشان و ماندووبوونی زۆری هەندێک لەناو حیزب و ڕێکخراوەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن دا ، زۆرێک لەمانەش لە منداڵدانی حیزب و لایەنە دەسەڵاتدارەکانەوە کەوتوونەتە خوارەوە، خاوەن بەرنامەی ڕۆشن و ئاڵوگۆڕبەخش نین ، هەر لە نێو ئەم لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنانەدا، هەندێ لایەن هەن ،کە دنیایەکی تاریکتر لە ئێستایان دەوێ و دنیایەک کە زۆرێک لە ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکانیان تیا پێشێلکرابێ ، دنیایەک کە پێگەی ژن لە کۆمەڵ دا وەک مرۆڤێکی پلە دووی تیا ناوزەد دەکرێ و هەر لە منداڵیەوە کچ و کوڕی منداڵ ناچاری هاوسەرگیری و بەرپرسیارێتی خێزان دەکا… ئەمانەو جگەلەوەی کە زۆڕێک لەو لایەنانە لە ناوجەرگەی خەبات و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ناڕازی و تێکۆشەرەوە دانەمەزراون و گەشەیان نەکردووەو تەنانەت گوماناویشن….
دەبێ ئەوەش بڵێیین کەپرۆسەکە بۆ خۆی گوماناویەو پاک و پوخت و ئازادانە نیەو نابێت و لەلایەن دەوڵەتە هەرێمایەتیەکان و دام و دەزگا هەواڵگری و میلیشیاکانەوە دەستی تێوەرئەدرێت و بەڕێوە دەچێت…
ئەڵتەرناتیڤی شورایی/ کە باوەڕت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی نیە، ئەی چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگایەکی باشتر بەدی دێت ؟
عەلی محەمەد ئەمین نووسەر لەوڵامدا گوتی : لەباری ئێستادا وەک ئاماژەم پێدا ، ئەوانەی لە کایەی هەڵبژاردن دا چالاکن و پێشبڕکێی بردنەوە دەکەن دیارن و چەند گفت و بەڵێنیان گەورەو بەرزو ڕازاوە بێت پێواومانن و هەمووشمان دەزانین کە کاریگەری دەرەکی بەرئەنجامەکان دیاری دەکەن و لایەنە دەسەڵاتدارەکانیش لە هیچ کاتێک دا ملکەچی بەرئەنجامی ناخوازراو بە بەرژەوەندی خۆیان نابن …
خۆ ئەگەر لایەنێکی دیارو بە ئەزموون و بەرنامەڕوون لە نێو ناوان دا بووایەو خاوەن ڕێکخستنێکی پۆڵایین و بەرنامەو پەیڕەوێکی ڕۆشن بووایەو خاوەن نفوزێکی جەماوەر ی و کاریگەر و سەرڕاست بووایەو لەگەڵ داواکارییەکانی شەقام و دەسبەرداری شێوازی خەباتی جەماوەر کاریگەر نەبووایە، دەشێ قسەیەکی تر بکرایەو وەک هەنگاوێک بۆ بەرەوپێشچوون ڕەوایی بەبەشداریمان بدرایە…
بەڕای من لە هەل ومەرجی ئێستادا بەرینکردنی هەرچی زیاتری ناڕەزایەتیەکان و بەرچاو ڕۆشنکردنی هەرچی زیاتری هاوڵاتیان و فریونەخواردنیان بە گفت و بەڵێنە پووچەکان و زیاتر تیشکخستنە سەر ڕاستییەکان و کەم و کوڕیەکانی سیستمی پەرلەمانی بەتایبەت لە بارودۆخی ئێستاداو فشاری زیاتر بۆ سەر دەسەڵاتداران بۆ سەلماندنی ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هەموو چین و توێژە ستەملێکراوەکان ، پێویستە بەبەڵگەی ڕوون و وڕاشکاوەوە ، نەک هەر ناکارایی سیستەمگەلێکی پەرلەمانی لەم جۆرە ڕووزەردو ڕسواکەین و هەموو ئەو لایەنانەش بخەینە ژێر پرسیارەوە کە بە هەر بیانوویەک بێت تەمەنی دەسەڵاتدارێتی ستەمکاران درێژدەکەنەوە و دەسەلات پینەوپەڕۆو ئارایشت دەکەن ، لە هەر شوێنێکیش توانیمان لە خوارەوە هەوڵی کۆڕو کۆبوونەوەی ئازاد لە نێو خەڵکی زۆرلێکراو دابدەین و لیژنەو کۆمیتەو ڕێکخراوی نوێنەرایەتی و فشار دامەزرێنین و پێکەوە یەکانگیرییان بکەین و ڕوو لە بەدیهنانی داواکاریەکانی خەڵکی و ئازادی و ئاشتی و پێکەوە ژیانی ئارام ئاڕاستەیان بکەین ….
ئەڵتەرناتیڤی شورایی / ئایا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەی ؟
مامۆستا ستار دەڵێت :ئەگەر وەڵامێکی کوورتتان دەوێت نەخێر من بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی ناکەم، وە تا ئێستاش بەشداری هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی پەرلەمانیم نەکردووە. پەرلەمان و دەزگا و دامەزراوەکان ئامرازێکی دەستی چینە باڵادەستەکانن بۆ چەوساندنەوە و سەقامگیرکردنی ئەو زوڵم و زۆر و نا یەکسانییەی کە لە کۆمەڵگەدا هەیە و مۆرکردنی ئەو دامەزراوانە بە جۆرێک لە دیموکراتییەتی کەمینە بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا، هەر بۆیە من خۆم نەبینیوەتەوە وەک کەسێک بۆ ئەو ڕەوایدانە بە ستەمکاران.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی/ ئایا خەڵکی کوردستان سودمەند بووە لەپاش چەندین هەڵبژاردنی پەرڵەمانی ؟
لەوەڵامدا مامۆستا ستارگوتی : نەخیر هەرگیز نەک سودمەند نەبوون لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی پەرلەمان، بەڵکو بە پێچەوانەوە زنجیرەکانی دەست وپێێ خۆی ڕەوایی پێداوە. بەجۆرێکی تر بڵێم سودمەندی زۆر لایەن ئەگرێتەوە، بۆ نمونە سودمەندی لە ئابوریدا یا لە ژیانکردنی یاخود لە دەستنیشانکردنی نوینەرانی پەرلەمان و حکومەتە یەکلەدای یەکەکانی حزبە دەسەڵاتدارە نەتەوەپەرست و دینییەکان! بەدڵنیاییەوە خەڵکی کوردستان لە باری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە نەک هەر سودمەندبوون ، بەڵکوو لە گشت ڕووەکانەوە زەرەرمەند بوون و ئەو هەلەی کە بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکان هەڵکەوت لە ساڵی ١٩٩١ ەوە کە (خەویشیان پێوە نەدیبوو ) سودمەند بوون
ئەڵتەرناتیڤی شورایی/ باوەرت بە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی نییە ؟
مامۆستا ستار گوتی : نەخێر بە هیچ جۆرێک باوەڕم بە پەرلەمان نییە. پەرلەمان دەزگایەکی یاسا دانانە بە وە ئەژمار ئەکرێت کە نوێنەرایەتی خەڵک ئەکات، واتا زۆرینەی خەڵک لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا ئەچێت دەنگ بە نوێنەرەکانی خۆی ئەدات، بەڵام ئایا زۆرینە ئەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان وە ئایا ئەم پەرلەمانە و حکومەتە هەڵبژیردراوەکەی هەر یاسایەک دابنین و جێبەجیی بکەن کە لە بەرژەوەندی ئەو دەنگدەرانە نەبێت ئەتوانن هیج کاریگەرییەک لەهەڵوەشاندنەوەی بکەن؟
بەدڵنیاییەوە نەخێر، بەتایبەتی لە کوردستاندا دوو حزبی دەسەڵاتدار و چەکداری سەرەکی هەن هەر خودی حزبەکان لە ڕێگای پەرلەمان و حکومەتەکەیان هەموو یاسا و بڕیارەکانیان لە دژی بەرژەوەندەکانی خەڵکی کوردستان بووە،
سەرەکیترین دۆزیش بۆ باوەڕنەبوون بە هەڵبژاردنی پەرلەمان و خودی پەرلەمانیش دەزگای دەستی چینە دارا و دوسەڵاتدارەکانن بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەک کە ستەم و چەوساندنەوە ڕیشەکەیەتی و لەسەر بنەمای دیموکراسی ئەیڕازێننەوە کە دیموکراسیش وەهمێکی گەورەیە ؛
ئەڵتەرناتیڤی شورایی / چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگەیەکی باشتر بەدی بهێنرێت ؟
مامۆستا ستار لەم بارەیەوە گوتی: پرسیارەکەت کەمێک جێگای ڕاوەستانە! مەبەست لە کۆمەڵگەی باشتر زۆر لایەن ئەگرێتەوە، و کۆمەڵگەی ئێستا پێویستی بە تاوتوێێ ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەڵبەز و دابەزەکانی لەو ڕووانەوە هەیە کە زۆرێک بابەت لە خۆیدا دێنێت و دەبات.
ئەگەر ئەو قاعیدەیە ڕاستبێت کە مرۆڤەکان بۆ گۆڕینی ژیانیان بۆ ژیانێکی باشتر هەمیشە بوونی هەبووە و گۆڕینی ژیانکردن بە ژیانێکی باشتر ناتوانێت فەرامۆش بکات، ئەوا مرۆڤ پێویستی بەوەیە بۆ ئایندە و چارەنوسی خۆی کەناڵێک و ڕێگایەک بدۆزێتەوە کە هەموو ئەوەی ئێستا هەیە بخاتە ژیر پرسیار و ڕەخنەوە و هەنگاو هەڵگرێت بۆ گۆڕینی و دیارە ئەوەی من باسی ئەکەم پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکە لە هەموو بۆچونەکانی ئێستای کۆمەڵگە.
زۆر ڕێگر هەیە لە بەرەوپێشچون و کارکردن بۆ گۆڕینی پراکتیکی خۆت و کۆمەڵگە کە پێویستە وەڵامی جیدیی پێبدرێتەوە .