بەهیچ شێوەیەک بەشداری هەڵبژاردنێک ناکەم کە وەک هەموومان دەزانین بەپێی ئەزموونی چەند ساڵەییان لەخزمەتی خەڵکی ئاساییی وچارەی کێشەونەهامەتیەکانی میللەتدانین.
هاوڕێیانی ئازیز لەدۆسی یەی ئەم جارەی ماڵپەری ئەڵتەرناتیڤی شورایی بۆ گفتوگۆکردن چەند پرسیارێکمان ئاراستەی چەندین هاوڕێ کردووە، کەتایبەتە بە ( ئایا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەی ؟ ئایا خەڵکی کوردستان سودمەند بووە لەپاش چەندین هەڵبژاردنی پەرڵەمانی ؟ باوەرت بە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی نییە ؟چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگەیەکی باشتر بەدی بهێنرێت ؟ ئێمە ئامانجان ئەوەیە کە وەک سەکۆیەکی ئازادانە لیرەوە وەک خۆی بۆچوونی هەریەکە لەهاوڕێیان بڵاو بکەینەوە هەتاوەکو سەرجەم خوێنەران سوودمەندبن لەزانیاری بۆچوونە جیاوازەکان بە چەند بەشێک تەواوی وەڵامی هاوڕێیان بڵاودەکەینەوە .
ئامادەکردنی: ئاوات ڕەسوڵ
بەشی دووەم
سەبارەت بەو پرسیارەی ئایا بەڕێزت شداریی هەڵبژاردن دەکەی ؟ ڕێکار ئەحمد نووسەرو سیاسەتمەدار گوتی : بێگومان بەشداریکردن باشترین چارەیە، دەنگ سەنگایی خۆی هەیە، مرۆڤ بە دەنگی خۆی دەتوانێت، داهاتووی خۆی بنەخشێنێت. دەنگدان مافێکی ڕەوایە، دەبێت بزانین چۆن ئەو دەنگە بەکار بهێنین و نەیسووتێنین.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی ئایا خەڵکی کوردستان سوودمەند بووە؟ ئەگەر سوودمەند بووە لە چ سوودمەند بووە؟
لەم بارەیەوە ڕێکار ئەحمەد دەڵێت ئەرکی پەرلەمانە یاسای گونجاو دەربکات، بێگومان بە درێژایی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، یاسای زۆر دەرچوون و زۆربەشیان باش بوون، بەڵام زۆربەیان جێبەجێ نەکراون، لەبەر کێبەرکێی حزبایەتی و گوێڕایەڵی ئەندامانی پەرلەمان بۆ حزب، لێپرسینەوەیان لە حکومەت نەکردووە، چونکە جێبەجێکردنی یاساکان ئەرکی حکومەتە نەک پەرلەمان، بەڵام پەرلەمان دەستەڵاتی ئەوەی هەیە، کە ئەگەر حکومەت یاساکان جێبەجێ نەکات و لاڕێ ببێت، متمانەی لێوەربگرێتەوە، مخابن ئەمە نەکراوە، بۆیە وا هەست دەکرێت کە خەڵک سوودمەند نەبووە، بەڵام دەرچوونی ئەو هەموو یاسایە خۆی لە خۆیدا پێگەی کوردستانی بەهێز کردووە. دەتوانرێت لە داهاتوودا کاریان لەسەر بکرێت و جێبەجێ بکرێن. بە کورتی خەڵک لە دەرچواندنی ئەو یاسایانە سوودمەند بووە، بەڵام ئەگەر لە لایەن حکومەتەوە فەرامۆش کرابن، ئەوە شتێکی دیکەیە.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی پێتوایە ئەم هەڵبژاردنە، ئەگەر بکرێت گۆڕانکاری باشتر لە ڕووی چاکسازی و ڕیفۆرمەوە بۆ بەرژەوەندی خەڵک دەکات یان هیچ گۆڕانکاری باشتر ناکات؟
نووسەر ڕێکار ئەحمەد گوتی هیوادارم هەڵبژاردن بکرێت، دەنا پێگەی هەرێمی کوردستان بەرەو لەرزۆکی دەڕوات و بایەخی دۆزی کورد لە کورتی دەدات. هەڵبەت گۆڕانکاری و چاکسازیەکان بە گوێرەی هۆشیاری خەڵک و خواستی خەڵک هەنگاوی بۆ هەڵدەگیرێتەوە. ئەگەر خەڵک هۆشیار بێت و مافەکانی خۆی بناسێت، دەتوانێت گوشار لە پەرلەمان بکات تا چاودێری بەسەر کارەکانی حکومەتدا بکات، هەروەها بە گوشاری خەڵکیش حکومەت ناچار دەبێت کە گۆڕانکاری و چاکسازی بکات. دوای تێپەڕبوونی سی و دوو ساڵ لە دەستەڵاتی حکومەت، ئیدی هەموان بەو ئاکامە گەیشتوون کە کارەکان وەکو پێشوو بەڕێوەناچن و دەبێت گۆڕانکاری و چاکسازییان تێدا بکرێت، بۆیە پێموایە حکومەتی داهاتوو ناچار دەبێت کە لە هەندێک بواردا چاکسازی بکات.
سەبارەت بە ئەوەی ئەگەر بەشداری دەنگدان ناکەی، بۆچی کە باوەڕت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی نییە، ئەی چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگەیەی باشتر بەدیبهێنرێت؟
ڕێکار ئەحمەد دەڵێت پێشتر گوتم کە باوەڕم بە هەڵبژاردن و دەنگدان هەیە و بەشداری تێدا دەکەم، چونکە دەستاودەستکردنی هێمنانەی دەستەڵات تەنیا لە ڕێی هەڵبژاردنەوە ئەنجام دەدرێت. خۆتان دەزانن سێ ڕێ بۆ گۆڕینی دەستەڵات هەن، ئەوانیش شۆڕشی چەکداری و ڕاپەڕینی جەماوەری و هەڵبژاردنن. ئەرکی خەڵکی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر ئەوەیە کە لە خەمی چاکسازی و گەشەپێداندا بێت، نەك هەڵتەکاندن و ڕووخاندن. ئاکامی شۆڕشی چەکداری هەر ماڵوێرانی و کوشتارە، بۆیە بۆ دەستاودەستکردنی دەستەڵاتی ناوەخۆ، ڕەوانە نییە پەنا بۆ شۆڕشی چەکداری ببرێت، هەروەها ڕاپەڕینی جەماوەریش کێشە و ئاڵۆزی لێ دەکەوێتەوە و شلەژاوی و پاشاگەردانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە من هەڵبژاردن بە باشترین و لە بارترین ڕێ بۆ دەستاودەستکردنی دەستەڵات دەبینم. هیواخوازم کە بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەڕێوە بچێت و لیستەکانیش بەڵێن بدەن کە بە گیانی وەرزشوانییەوە ئاکامی هەڵبژاردن پەسند بکەن.
ستاری چیمەنتۆ هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی لە وەڵامی پرسیارەکانی ئەڵتەرناتیڤی شورایی دا گوتی
سەرەتا زۆر سوپاس بۆ بەسەرکردنەوەکەتان وبەتایبەت سەبارەت بە بابەتێکی زیندوو وگرنگی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، کە بریتیە لە مەسەلەی هەڵبژاردن.
پێش وەڵام بەبەڵێ یاخود نەخێر لە دەنگدان لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستان، دەبێ بزانین، هەڵبژاردنی چی دەکرێت لە کوردستان؟!!
وە کێ دەیکات؟!!
بۆچی بانگەوازی خەڵک دەکەن ، تا بەشداری بکات ودەنگی خۆی بدات؟؟!!
لەڕێگەی وەڵام بەم پرسیارانەوە، ئینجا دەتوانین بڵێین، کە بەڵێ یاخود نەخێر بۆ بەشداری لەدەنگدان کۆمەڵگەی کوردستان بەشێکی جیانەکراوەیە لە کۆی گشت کۆمەڵگەکانی ئەم جیهانە وئەم هەسارەیەی کە پێی دەوترێ زەوی. تەواوی هەسارەکەشمان یەک سیستەم(سەرمایەداری دڕندە/لیبراڵیزمی نوێ) بەڕێوەی دەبات، کە کەمینەیەکی زۆر کەم دەسەڵاتدارە بەسەر زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگەکاندا. جا لەپێناو ئەوەدا، کە بۆ هەمیشە سەرمایە وکۆی سیستەمەکە لەژێر دەستی ئەو کەمینەیەدا بمێنێتەوە،!
ئەم سیستەمە پێویستی بە ئۆرگانێکە کە بتوانێ بەناوی زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگەوە، یاساکانی ڕێکخستن وبەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەشێوەیەک دابڕێژێ، کە تەواوی ژیانی خەڵکی، بەبەرژەوەندی خودی سیستەمەکە بشکێتەوە. ئەویش پێی دەڵێن، پەرلەمان وەیاخود ئەنجومەنی نوێنەرایەتی
هەر چوار ساڵ یا پێنج ساڵ جارێک، لەکوردستان مافیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی وئیسلامیە ئیخوانی وسەلەفیەکانی سەربە تورکیای فاشی و جمهووریی ئیسلامیی ئێران، دەکەونەخۆ بۆ هاندان وبانگەوازکردنی خەڵکی بۆدەنگدان بەو مرۆڤە دەربار و کاسەلێسانەی ئەوان، تا بەناوی نوێنەرایەتی کردنی خەڵکەوە، بیانگەیەننە سەر کورسیی پەرلەمان وهەتا چوار پێنج ساڵی دواتر
چۆن بە بەرژەوەندی کۆمپانیا وسەروەت سامانەکانیان بگونجێ ئاوەها، یاسا ودابڕێژن ودەزگاکانی دادگا وحکومەت چەکدار بکەن بەو بڕیارانەی کە لەخزمەتی درێژەدان بەدەسەڵاتەکەیانە. ئیتر دەنگدەرانیش لەوماوەیەدا، گەر ناڕازی بوون بەهەر هەڵە وناڕاستگۆییەکی نوێنەر“ ەکانیان ئەوا بۆیان نیە ناڕەزایەتی دەرببڕن و هەوڵی دەرکردنی بدەن..!
ئەمەی سەرەوە سیستەمی پەرلەمانیی سەرمایەدارەکانی جیهانە لە هەر کوێیەک بێت بەکوردستانیشەوە. جا خاڵێک سووکتر یان قورستر هیچ لەناوەرۆکی سیستەمی چەوسێنەرانەی کەمینە بە سەر زۆرینەوە ناگۆڕێت.
ئێستا لەوەڵام بە پرسیاری یەکەمتاندا دەڵێم نەخێر، نەخێر بەشداری لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستاندا ناکەم وشانازیش بەوەوە دەکەم، کە هەر لەیەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی 1992ی کوردستان من نەک هەر بەشداریم نەکردووە، بەڵکو جگە لەدەزگایەک کە تەنها ئەو پێناسانەی سەرەوە دەیگرێتەوە، هەرگیز بە نوێنەری خەڵکی کوردستانم نەزانیون.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی بۆچی بەشداری ناکەیت؟
ستاری چیمەنتۆ گوتی: لەبەرئەوەی نامەوێ دەنگ بدەم نوێنەرانێکی نێو پەرلەمانی سیستەمێک، کە تەواوی شیلەی گیان وخوێنی لەشی من لەڕێگای کاری تاقەت پڕووکێنی نێو کارگەکانی چیمەنتۆ وئاسن، بیناسازی، ڕێگا وبان وکارەبا و هەزاران فەرمانگە وکۆمپانیای تری سەیر وسەمەرە، بەیاساکانی ئەوان ، بکرێتە سەروەت وسامانی لەبن نەهاتووی سەرۆک حیزب ومیلیشیا وبنەماڵە وخاوەن کۆمپانیاکان..
نامەوێ بەشداری دەنگدان بکەم ودەڵێم نەخێر بە پەرلەمانەکەتان، چونکە تەواوی کەرتەگشتیەکانی خەستەخانە وپەروەردە وخوێندن و خزمەتگوزاریەکانی شارەوانی وژینگەپارێزی، کشت وکاڵ وزەویوزار وئاوەدانکردنەوەو زۆر زۆر تریشیان لەناوبرد وخستیانە ژێر دەستی کۆمپانیا قۆرخکاریە مافیاییەکانیان.
دەڵێم نەخێر چونکە“ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان“ وخودی کوردستانیش بەکردەوە کراوەتە موڵکی وڵاتە داگیرکەر وسەرکوتگەرەکانی کوردستان و تەنها هی خەڵکی کوردستان نیە، چونکە ئەو دیوەخانەی کە ناوی پەرلەمانە هەتا ئێستا بەهیچ شێوەیەک نەیتوانیوە جورئەتی بەکردەوە دەرهێنانی یەک وشەشی نەبووە لە بەرانبەر ئەوهەمووتاوانە قێزەونانەی فاشیستەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا وجمهووری ئیسلامی ئێران و حەشدی شەعبیی دەسەڵاتەکەی بەغدا..
دەڵێم نەخێر چونکە لەژێر ناو وشیعاری قەبەی ئازادی و دیموکراتی، لەو دیوەخانە دانیشتوون ونەک هەر بەبەرچاویانەوە سەدان وهەزاران کەسی ئازادیخواز زیندانی وبێسەروشوێن دەکرێن، بەڵکو خودی ئەو تاوانانە، ئەو حیزب ومیلیشیایانەی ئەوانی کاندید کردووە، ئەنجامیانداوە وکەچی زۆر بێشەرمانەش پەردەپۆشی دەکەن و نووززەیان لێوە نایەت..!!!
دەڵێم نەخێر بۆ بەشداریکردن، چونکە ئەوان پێش هەڵبژاردن باس لە ئازادی ژنان وپاراستنی.. کەسایەتی ژن وە بەگشتی باسی مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام زیاد لە سی وسێ ساڵە ژنان لەکوردستاندا بەهەزاران دەکوژرێن تیرۆر دەکرێن، دەسووتێنرێن، کاک و تەنانەت دادە ی پەرلەمانتاریش نەک هەر مێشێک میوانی نیە، بەڵکو خۆی شەو وڕۆژی خستووەتە سەر یەک لەپێناو ئەوەدا یاسای باری کەسێتی هەموار بکاتەوە و بەیاسا چوار ژنە بسەپێنێ وبەزۆر بەشوودانی منداڵی تەمەن نۆ ساڵان یاسایی ڕێگەپێدراو بسەپێنێ..!!
ئەمجارە زۆر توندتر دەڵێم نەخێر ، چونکە سەیر بکەن چ پۆخڵەوات و گەندەڵکارانێکی بیست بۆ سی ساڵی ڕابردووی نێو ئەم حیزب و میلیشیایانە ، کە بەشێکیان تیرۆریست وبەشێکیان مافیا ومفتەخۆر نێو ئەوان وبەشێکیش بەکرێگیراوی ئێران و تورکیا لە ئیخوانی وسەلەفی، پەیدابوون و دەڵێن ئەمجارە دەیگۆڕین..!!! بەڕاستی مەهزەلەیە،، بچیت بۆ دەنگدان بۆ پەرلەمانێک، کە باشترینی باشترینەکانیان، فاشیزمی تورکیا و ئێرانی تێپەڕاندووە و بانگەواز بۆ چوونەوە ناو مەجلیسە تەشریعی وتەنفیزیەکەی سەددامی گۆڕبەگۆڕ دەکات ودەڵێت با بگەڕێنەوە بۆ لای بەغدا و حەشدی شەعبی.. !!!
ئێ ئیتر تەواو دیارە پەرلەمان بۆ خەڵکی کوردستان نەک هەر سوودی نەبووە، بەڵکوو ئۆرگانێکی فریودەرانەی دەستی دەسەڵاتە بۆ ڕەواییدا بەو هەموو سەرکوتە و ئەوانەش کە سوودمەندبوون لێی جگە لە دەسەڵات کەنوێنەرانی پەرلەمان بەشێکی گرنگن لێی هیچ کەسێکی تر سوودمەند نەبووە
ماوە بڵێم ئەی چی بکەین تا ئەم (نەخێر) ە وەڵام وهەڵوێستێکی دروست نیشان بدا بۆ ئەوەی بگات بە ئەڵتەرناتیڤێک لەبەرانبە ئەم دۆخەی ئێستا و دواتر بەرنبەر ئەم سیستەم ودەسەڵاتە..؟
بانگەوازی نەخێر بە هەڵبژاردن، نا بە دەنگدان، بانگەوازە لە ئاست توانای بانگەواز بۆ مانگرتنێکی سەرتاسەری، کە دەشێت گەر ئەو دەسەڵاتە نەڕووخێنێ، ئەوا گرنگترینی پایەکانی پووچەڵ دەکاتەوە..
ئالێرەوە هێز دەچێتەوە بە گیانی بەرگریی خەڵکی سەرکوتکراو وکەمدەرامەتی کوردستان وماف زەوتکراو، هێز دەچێتەوە بەبەری ژنانێک ، کە ساڵەهایە لەهەموو سەرسووچی کۆڵانێکەوە بانگی کوشتن و سەربڕینیان دەکرێ ، هێز دەچێتەوە گیانی ئەو خوێندکارە دەرچووانەی، کە دەیان ساڵە چاوەڕێی کاردۆزینەوەودامەزراندنن، بەڵام نەک حکومەت ودەسەڵاتداران، بەڵکوو پەرلەمانیش جورئەتی هەنگاوێکی بچوکی بۆیان نیە..!!
ئەمانەو زۆری تریش هەنگاو بەهەنگاو لەم هەڵوێستە پڕ لەبوێریەوە، زوو یان درەنگ دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە بڵێین، تاکە ڕێگە گرتنبەری خەباتە بۆ دروستکردنی نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆی خودی خەڵک لە شوێنی ژیان و کار و فەرمانگەکەی..
دەستبردن بۆ دروستکردنی هەر ڕێکخراوێکی ڕاستەوخۆ لەنوێنەرایەتی خەڵکی ،جا هەر ناوێکی وەک، هەرەوەزی، شورا وئەنجومەن یان هەرشتێکی تریشی هەبێت گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە بە کۆبوونەوەی گشتیی ئەو شو لەپێناو بەڕێوەردنی ڕاستەوخۆ لەلایەن خۆیانەوە خەڵکی نوێنەرانی ڕاستەوخۆی خۆیان هەڵبژێرن بێ ئەوەی بە نوێنەرایەتی هیچ حیزب وبنەماڵە و گرووپێک هاتبێت، وە جگە لەبەرژەوەندیەکانی خودی ئەوخەڵکە وپێداویستیەکانیان هیچ ئەرکێکی تابەتی وبەرژەوەندییەکی شەخسیشی بە ئامانج نەگرتبێ..
لەوەش گرنگترئەوەیە، کە ئەم شێوازە لەهەڵبژاردن و نوێنەرایەتی نابێتە تاپۆ وکورسی و موڵکی هیچ کەسێک، بەڵکو هەر کاتێک ئەوانەی هەڵیان بژاردوون دەتوانن جارێکیتر و لەکۆبوونەوەکی گشتیی پەلە وداواکراودا لێپێچینەوە وبەدواداچوون بەکارەکانی نوێنەراندا بکرێت و بەکۆی دەنگ دەتوانن ئەو نوێنەرە لاببەن وە یاخود دووبارە دایبنێنەوە، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی چوار ساڵ یان پێنج ساڵی تر بکرێت..
ئەمە ئەو شێواز و تاکە ئەڵتەرناتیڤەیە، کە بۆ هەتاهەتا سیستەمەمی پەرلەمانیی بەشکستدا دەبات و سیستەمی شوورایی ونوێنەرایەتی ڕاستەوخۆ وڕاستەقینە بەدی دێنێت، کە تیایدا تەواوی مرۆڤەکان پارێزراو وئازاد ویەکسان دەژین..
ئەمە وەهم نیە و لەوهەرێمەی کوردستاندا لەزۆرێک لە شارەکانیدا تا نزیکەی چوارهەفتەش لە ئازاری 1991 دا تەجرەبەکراو و زۆرێک لەو ماف ئازادی و خزمەتگوزاریە هەرەوەزیانە ئەنجامدراو نوێنەرانی گەڕەک و شوێنەکانی کاریش، لەو ماوەکورتەی تەمەنی شوراکانی کوردستاندا، لەڕێگای کۆبوونەوە گشتیەکانی هەزاران خەڵکیەوە ئەنجام دەدران..
بۆیە لەڕاستیدا وەهم وخۆهەڵخەڵەتاندن ئەوەیە لەدوای سی وسێ ساڵ تەمەنی ئەم میلیشیایانە و شەش خولی دیوەخانی مافیاکان، هێشتا پێت وابێ وباوەڕت بەوەبێ کە ئەمجارەیان دەتوانیت بەدەنگدان ئاڵوگۆڕ بەدیدێنیت!!!
گۆران ساڵح : من دانیشتوی کەرکووکم ، مافی دەنگدانم نییە ، بەڵام سەبارەت بەوەی ئایا هەڵبژاردن سودی دەبێت یان نا ، سەرەڕای ئەوەی گوومانم هەیە ، ڕای من لەمبارەیەوە ئەویە کەپێموایە سوودی دەبێت ، بەڵام بەداخەوە سوودەکەی زۆر کەمە وەک لەوەی ئێمە چاوەڕێی لێدەکەین ، چوونکە هیچ گۆرانکارییەک لە کون فەیەکوونێکدا نایاتە گۆڕێ ، بۆیە دەبێت سەبرو تەحمولمان هەبێت ، بەداخەوەش ئێمە لە پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن بەولاوە هیچ خەیارێکی ترمان بەدەسەوە نییە ، تابیگرینەبەر .
سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەکانی ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی نووسەر ڕێڤان جاف دەڵێت : بە هیچ شێوەیەک بەشداری هەڵبژاردنێک ناکەم کە وەک هەموومان دەزانین بە پێی ئەزموونی چەند ساڵەییان لە خزمەتی خەڵکی ئاساییی و چارەی کێشە و نەهامەتیەکانی میللەتدا نین.